وەزارەتی ناوخۆ لە رێگەی سیستەمێکی ئەلیكترۆنیەوە سوتەمەنی فەرمانگەکان کۆنترۆڵدەکات

AM:11:58:13/01/2018
کورد میدیا:
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی سیستەمێکی كارتی ئەلیكترۆنیەوە پێدانی سوتەمەنی بەفەرمانگەكان سنوردار دەکات.

لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان کە وێنەیەکی دەست(کورد میدیا)کەوتووەو واژۆی كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆی لەسەرە، تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو، " سیستەمی كارتی ئەلیكترۆنی بۆخەرجكردنی سووتەمەنی لەگشت دامودەزگاكانی سەر بەوەزارەتی ناوخۆ لەهەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتەوە دادەمەزرێت، ئەوەش  هەمانهەنگی لەگەڵ ئەو بەنزینخانانەی كە ئەو سیستمە بەكاردەهێنن".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا سەبارەت بە وردەکاری سیستمەکە ئەوە خراوەتەڕوو، " بەپێی سیستمەکە خەرجكردنی سووتەمەنی و دابەشكردنی بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە بۆخزمەتگوزاری فەرمانگەكانی سەر بەوەزارەتی ناوخۆ بەكاردەهێنرێن، کۆنترۆڵ دەکرێت، هاوکات لە سیستمەکەدا دیاردەی بەهەدەردانی سووتەمەنی بنبڕدەکرێت".