ئارام شێخ محەمەد: بە چڕكردنەوەی هەوڵەكان بەشی هەرە زۆری كێشەكان چارسەردەبن

AM:11:54:13/01/2018
كورد میدیا:
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕادەگەیەنێت، ساڵانێكی زۆر حیكایەتی هەناردەكردنی دیموكراسیان بۆكردین، بەڵام ئامارەكانی ئەمڕۆ و دوێنێ پێماندەڵێ، هاوشانی نان خۆیان و تەنی پێویستیەكی حەیاتیشمان بەهاوردەكردنی ئازادییە.

ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ شەمەە لەمیانی وتارێكدا لە ڕێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی راپورتی ساڵانەی سەنتەری میترۆ بەرگریكردن لەمافی روژنامەنوسان ووتی"بەداخەوە، ئامارەكان نەك هەر نائومێدكەرن، بەڵكو دروست وایە بلێین ئێمە لەڕوبەڕێكداین تەجاوەزی خۆڵەمێشی كردوەو بەهەمو پێوەرێك زۆنێكی ڕەشە لەپشێلكاری".

دەقی وتارەكەی ئارام شێخ محەمەد:

بەداخەوە، ئامارەكان نەك هەر نائومێدكەرن، بەڵكو دروست وایە بلێین ئێمە لەڕوبەڕێكداین تەجاوەزی خۆڵەمێشی كردوەو بەهەمو پێوەرێك زۆنێكی ڕەشە لەپشێلكاری.

 ناكرێت دەسەڵاتێك خاوەنی ئەم سیڤیەبێ لەدەستدرێژی بۆ سەر ئازادی و ئەم ئامارە ڕەشەی لەدەست وەشابێتەوە و قسەش لەسەر مافی مرۆڤ و بیروڕای ئازاد بكات، لەهەر جێگایەك ژیان باجی وتن بو، وشە بەگولە وەڵامدرایەوە، ئیتر لەبری قسەكردن لەسەر ئازادی، دەبێت قسە لەوە بكەین كە ئازادی لەبەردەم هەڕەشەدایە.  

بەڕێزان، پێشهات و ڕوداوەكان سەنگی مەحەك و پێوانەیەكی سادەن بۆ هەڵسەنگاندنی دەسەڵاتی باش و دەسەڵاتی خراپ، جیاكردنەوەی ئەوەی گوێمان لێیدەبێت لەوەی بەچاوی خۆمان دەیبینین.

 ئەوەی بەردەوام گوێمان لێیدەبێت دەسەڵات تاسەر ئێسقان دیموكراتخوازەو ڕێز لەئازادییەكان دەگرێت، بەڵام ئەوەی بەچاوی خۆمان دەیبینین، كاتێك هاوڵاتیان داوای مافە سەرەتاییەكانی خۆیان دەكەن، دەسەڵاتداران چەند تەنگە نەفەس و بێتەحەمولن و بەچ شێوازێك ڕوبەرویان دەبنەوە، بەپاساوی دەستبردن بۆ ماڵی گشتی، بێسڵكردنەوە دەستدرێژی دەكەنە سەر ژیانیان، لەكاتێكدا هاوڵاتیان خاوەنی ئەصلی و شەرعی هەمو موڵك و ماڵی ئەم وڵاتەن، جگە لەوەی دەیان تۆمەتیشیان بۆ دادەتاشن و هەرجارەو دەستێك دەخەنە پشتیان.
 
ساڵانێكی زۆر حیكایەتی هەناردەكردنی دیموكراسیان بۆكردین، بەڵام ئامارەكانی ئەمڕۆ و دوێنێ پێماندەڵێ، هاوشانی نان خۆیان و تەنی پێویستیەكی حەیاتیشمان بەهاوردەكردنی ئازادییە، ئێرە نە مێرگێك بو بۆ ئازادی، نەبەهەشتی جیاوازییەكانیش وەك دەوترا، بەڵكو هاوشێوەی پروپاگەندەی خۆشگوزەرانی و گەیشتن بەڕەفاهیەت، چیرۆكێك بو پڕ لەتراژیدیاو كارەساتی خەمناك.

 ڕۆژنامەنوسانی بەڕێز، ئێوە كەقوربانیەكی بەردەوامی هەمو دۆخەكانن، كارێكتان هەڵبژاردوە پڕیەتی لەسەر ئێشە، ڕێگایەكتان گرتوە سیخناخە لەهەوراز و نشێوی، كێشەكە هەر ئەوەنیە دەستان ناگات بەزانیاری، بگرە هەندێك جار دەستڕاگەیشتن و بڵاوكردنەوەشی جۆرێكە لەگیانبازی و سەركێشیكردن بەژیانتان، كێشەی گەورەی ئەم وڵاتەی ئێمە لەوەدایە ئەرك و مافەكان بەیاسا ڕێكناخرێن تامافی هەمولایەك پارێزراوبێت، بەڵكو زۆرجار ئەویاسانەشی دەسەڵات خۆی دەریدەكات، ڕێزی لێناگرێت، بەتایبەت ئەو یاسایەی پەیوەستە بەمافەكانی ئێوە مەبەستم، یاسای ژمارە 35 ساڵی 2007 ە، لەگەڵ ئەوەی تێبیینەكی زۆریشی لەسەرە بەڵام هێشتا بەرپرسانی هەرێم ئامادەنین جێبەجێی بكەن و پەنا بۆ یاسا كۆنەكەی سەردەمی رژێمی پێشو دەبەن لەپێناو ترساندنی ڕۆژنامەنوسان و ساركردنەوەیان لەپیشەكەیان.

بەرێزان، ئەو ململانێ كۆمەڵایەتی و سیاسی و پیشەیی بەرۆكی چین و توێژەجیاوازەكانی كۆمەڵگای كوردی گرتوە، حوكمكەرانی هەرێم بەرپرسی ئەوەل و كۆتایین لێی، بەشێكی گەورەی ناڕونیەكان پابەستی قوڵیان هەیە بەناعەدالەتی كۆمەڵایەتی و شاردنەوەی داهاتەكان، زۆربەی كێشەكانی كۆمەڵگاكەمان درێژكراوەی ئەم كێشانەن و بەچڕكردنەوەی هەوڵەكانیش بۆچارسەكردنیان بەشی هەرە زۆری كێشەكان چارسەردەبن.

 شەفافیەت بەرقەراربێت شاردنەوە پێویست ناكات، یاسا سەروەربێت بەكارهێنانی چەك و توندتیژی ئیجاب ناكات، حكومەت بەرپرسیارانە ئەركەكانی جێبەحێبكات خەڵك لەخۆشیدا نەبێت ناڕژێتە سەرشەقام، سامانی گشتی بەشێوەیەكی عادیلانە دابەشبكرێت، ئاشتی كۆمەڵایەتی جێگەی ناكۆكی كۆمەڵایەتی و ئاشتی چینایەتیش جێگەی جیاوازی چینایەتی دەگرێتەوە، كە ئەمانەش هیچیان ئامادەنەبون دۆخێكی وەك ئەوەی ئێستا دەخولقێت.

حەزەكەم هەر لەم بۆنەیەدا ئەوە بڵێم وەك جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمیشە پشتیوانێكی بەردەوامتان بوم و ئەبم، هەواڵی هەر پێشلكارییەكمان دژ بەڕۆژنامەنوسان و ئازادییە مەدەنییەكان  پێگەیشتبێت لەهەر كونج و قوژبنێكی كوردستان یاخود شارەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، جگە لەدەربڕینی هەڵوێستی ڕون و ڕاشكاو ئەوەی پێویست بوبێت لەچوارچێوەی ئەرك و مەهامدا درێغیم نەكردوە، هەمیشە بونی خۆمم وەك مرۆڤێكی ئازاد و بۆچونی سیاسیشم لەگەشەكردن و بەرگریكردن لەئازادییەكاندا بینیوەتەوە.

لەكۆتایدا ئەمەوێت سوپاسی سەنتەری میترۆ بكەم بۆ داكۆكیكردن لەمافی ڕۆژنامەنوسان و ڕێكخراوی پاڵپشتیی میدیای نێودەوڵەتی (ims)  كە لەساڵی2003وە ڕۆلێكی دیاری هەبو لەپاڵپشتیكردنی میدیای ئازاد و كاری ڕۆژنامەوانی لەعێراق و هەرێمی كوردستان.

ئارام شێخ محمد
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق
۱۳/۱/۲٠۱۸