ئەمڕۆ سه‌نته‌ری‌ میترۆ راپۆرتی ساڵانەی بڵاودەکاتەوە

AM:09:56:13/01/2018
کورد میدیا:
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ داكۆكی‌ له‌ مافی‌ رۆژنامه‌نووسان راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر ره‌وشی‌ ئازادی‌ رۆرژنامه‌نووسی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ عێراق بڵاوبکاتەوە.

راپۆرتەکەی سه‌نته‌ری‌ میترۆ لە  كاتژمێر 11ی‌ سه‌رله‌به‌ریانی‌ ئەمڕۆ شەممە له‌ ژێر ناونیشانی‌ (یاسا نامانپارێزێت) له‌هۆتێل رامه‌دا، لەسەر ره‌وشی‌ ئازادی‌ رۆرژنامه‌نووسی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ عێراق ساڵی‌ 2017  له‌ مه‌راسیمێكدا رایده‌گه‌یه‌نێت.

راپۆرتەکە بە ئامادەبوونی هەریەک لە نوێنەرانی حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان و میدیاكاران و سەنوسەرو بەڕێوەبەری كەناڵەكانی میدیا و رێكخراوەكانی  UN  و بەرسی حزبی و حكومی و چالاكوانانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، پەیامنێرانی كەناڵەكانی ناوخۆو دەرەوە، راپۆرتەکە دەخرێتەڕوو.

لە مەراسیمەکەدا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق و سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان و پارێزگاری سلێمانی و سەندیكای رۆژنامەنوسان رێكخراوی IMSی دانیمكاركی وتاری خۆیان لەوبارەیەوە دەخوێننەوە.
 
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان لە ساڵی 2009 لە لایەن كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوسەوە بەهاوكاری پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ و ئاشتی دامەزرا و لە سەرەتای دروستبونییەوە تا ماوەی ساڵێك ئەو پەیمانگایە هاوكاری سەنتەرەكەی دەكرد.

لە 2010/7/18 لە شاری هەولێر سەنتەری میترۆ یەكەم كۆنفرانسی خۆی سازكرد و تیایدا دەستەی بەڕێوەبردن و ئەنجومەنی بەڕێوەبردن هەڵبژێردران، هەر لەو كۆنفرانسەدا هاوبەشی كاركردن لەگەڵ روانگەی ئازادییە رۆژنامەوانییەكان (JFO) راگەیەندراو ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی گشتی هەڵبژێردران. سەنتەری میترۆ لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان كاردەكات و روانگەی ئازادییە رۆژنامەوانییەكانیش لەسەر ئاستی شارەكانی تری عیراق.

میترۆ بە پێی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2011 تایبەت بە رێكخراوە ناحكومییەكان لە هەرێمی كوردستان، تۆمار كراوەو مۆڵەتی یاسایی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.



جێی ئاماژەیە سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.

تا كۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی كراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە كۆنفرانسێكدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێكخراوەكە هەڵبژێردران. لەسەرەتای 2015 سەرلەنوێ دەستەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردوە.