هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد: وەک یەکێتی هەڵبژاردنەکانمان بەلاوە گرنگە

PM:03:47:12/01/2018
کورد میدیا:
وەفدێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق لەدەباشان سەردانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەكەن و جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەوادەی دیاریکراودا دەکەنەوە و داوایەکیش ئاڕاستەی لایەنە سیاسییەکان دەکەن.

میدیای فەرمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بڵاویکردوەتەوە لەشاری سلێمانی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، پێشوازیكرد لە وەفدێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، لەدیدارێكدا پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عیراق گفتوگۆی لەسەرکرا.

ئاماژەی بۆئەوەشکردوە، لەو دیدارەدا وەفدەکەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، بە ئاماژەدان بەهەنگاوەکانیان بۆ سەرپەرشتیکردن و بەرێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە عیراق رایانگەیاند کە هەموو ئامادەکارییەکیان کردوە و پلانیان بۆ بەسەرکەوتووی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان داڕشتووە لەوادەی دیاریکراودا.

بەپێی هەواڵی میدیای فەرمی ئەو حیزبە، لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، پێویستیی تەواوکردنی هەموو ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە سەرتاسەری عیراق دووپاتکرایەوە، وەفدەکەی کۆمسیۆنیش داوایان کرد لایەنە سیاسییەکان هەوڵی تەواوبدەن لەهۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان بۆ بەشداریکردنی پڕۆسەکەدا.

لە بەشی کۆتایی هەواڵەکەدا هاتووە، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەگەڵ خستنەڕووی تێبینی و سەرنجەکانی لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە، باسیلەوەکرد کە وەک یەکێتی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانمان لەلا گرنگە.