یەکێتی: مەسعود بارزانی بۆ بینینی بیرە نەوتییەکان هاتوەتە دهۆک

PM:03:41:12/01/2018
کورد میدیا:
بەرپرسێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئاماژە بۆئەوەدەکات سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی ناوچەی سحێلای سنوری دهۆكی كردوەو ئامانجی سەردانەكە بۆ ئەو ناوچەیەی كە نزیكەی 50 بیرە نەوتی لێیە، "بازرگانی بووە".

رۆژی چوارشەممەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی ناوچەی سحێلای كرد و لەوبارەیەشەوە ساڵح گەرگەری كارگێڕی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتی بە میدیای فەرمی حیزبەکەی راگەیاندوە"ئەو شوێنەی مەسعود بارزانی سەردانەكەی بۆ ئەنجامدا، ناوچەیەكی ستراتیژی و گرنگی ئابورییە، جگە لەوەش لەدەروازەی سنوری سێمێلكاوە نزیكەو پێشتریش لەو سنورە ناوچەیەكی سەربازی كە لەسنوری ڕۆژئاوای دیجلەیە دروستكردبوو".

وتیشی" لەو سنورە 47 بیرە نەوت هەیە، كە ڕۆژانە زیاتر لە 20 هەزار بەرمیل نەوتی لێدەردەهێندرێت، بۆیە زیاتر سەردانەكە بازرگانی بوو".

ساڵح گەرگەری رەتیشیكردەوە"هێزی پێشمەرگە لەو سنورە زیادكرابێت یاخود خرابنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ شەڕكردن دژ بەسوپای عێراق".

ناوبراو له‌و روه‌وه‌ ده‌ڵێت"بڕیاری شەڕكردن دژ بەسوپای عێراق لەروی سەربازییەوە خۆكوژی دەبێت، چونكە لەروی توانای سەربازی‌و چەك‌و تەقەمەنیشەوە نابەرامبەری هەیە، سوپای عێراقیش هیچ ئامادەییەكیان نییە بۆشەڕ".