سۆزان شەهاب: بەمەرج هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی و پارتی دەکەین

PM:03:09:12/01/2018
کورد میدیا:
هاودیدی هاوپەیمانی دیموكراتی‌و دادپەروەری ئاماژە بۆئەوەدەکات لیستی هاوبەشی سێ لایەنەكە لەكەركوك‌و دیالە بۆ ئەوەیە ڕێگری بكەن (١٦)ی ئۆكتۆبەرێكی تر بەسەر خەڵكی ئەو ناوچانەدا بێتەوە، كە لەوكاتەدا پارتی‌و یەكێتی خەڵكی ئەو ناوچانەیان بۆ حەشدی شەعبی بەجێهێشت.

سۆزان خاڵە شەهاب هاودیدی هاوپەیمانی دیموكراتی‌و دادپەروەری لەگفتوگۆكەدا لەگەڵ ئەمریكا هەروەها دەڵێت "لەئێستادا لەعێراق‌و هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك كێشە و قەیرانی حوكمڕانی هەیە، ئێمە لەهاوپەیمانی بڕوامان وایە دەبێت هاوپەیمانی لەناو هێزەكاندا دروستبێت بۆ دروستبوونی حكومەتی هاوڵاتی، ئەو حكومەتەی خزمەتی هاووڵاتی بكات چ لەعێراق، یاخود لەكوردستان."

سۆزان خاڵە شەهاب دەشڵێت: "ئێمە دەمانەوێت ئەو متمانەیەی بەكوردبوون، كە دۆڕاندویانە بەدەستی بهێنینەوەو جارێكی تر كوردبوونی خۆیان بەرچاو نەكەوێت، ئەوەی پێی خۆشە لەگەڵمان بێت ،دەبێت عەقڵییەتی یەك لیستی لەو ناوچەیەدا هەیە لەپێناوی پلە‌و پۆستدا نەبێت گەڕانەوەی متمانەی خەڵكی ئەو ناوچانەیە وە گەڕانەوەی كەرامەت‌و شكۆیان‌و چیتر جارێكی تر بەتەنها بەجێ نەهێڵدرێن ."

ناوبراو، كە كەسێكی نزیكی بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەرییە، ئەوەش دەڵێت"تاكو ئێستا ئەوەی هێناویانە ئەم حیزبانە تووشی كۆمەڵێك شكست‌و قەیران بووە هەرێمی كوردستان، بەتایبەت ئەو چارەكە موچەیەی كە بە (٦٠-٧٠) ڕۆژ فەرمانبەر وەریدەگرێت، قەیرانی كارەبامان هەیە، قەیرانی بێ متمانەیی هاووڵاتیانمان هەیە بەحكومەت، بۆیە ئێمە وەك هاوپەیمانی پێمان باش بوو هەڵگری پەیامی حكومەتی هاووڵاتی بوون‌و حوكمی دادپەروەرانە بین، كە ژیان و گوزەرانێكی شایسەت بۆ هاووڵاتیان بەیەكسانی دابین بكات."

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو قەوارەی هاوپەیمانی دیموكراتی‌و دادپەروەری یەكەمین كۆنگرەی خۆی لەشاری سلێمانی بەست‌و تێیدا (بەرهەم ئەحمەد ساڵح) وەك سەرۆكی حیزبی هاوپەیمانی دیموكراتی‌و دادپەروەری هەڵبژێردرا.

سۆزان خاڵە شەهاب لەبارەی كۆنگرەكەیانەوە وتی"ئەوە پێیدەوترێت كۆنگرەی دامەزراندن وەك جێبەجێكردنی مەرجێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ تۆماركردنی هاوپەیمانی نێوان لیستەكان بۆ هەڵبژاردنەكان، چونكە بۆ بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ هەرلیستێك پێویستی بەئیمزای سەرۆكی حیزبەكەیە تا ئەو هاوپەیمانییەتییە پێشكەش بەكۆمسیۆنی باڵای هەڵبژرادرنەكان بكرێت، ئەگەرنا خۆمان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن‌و ئەنجوومەنی گشتی كۆنگرە لەهەولێر ئامادەدەكەین‌و لەوێ كۆنگرە دەبەستین ئەوە پێیدەوترێت كۆنگرەی حیزبی، بەڵام ئەوەی پێشتر كۆنگرەی دامەزراندن بوو."

سۆزان خاڵە شەهاب جەخت لەوەدەكاتەوە، كە حیزبە نوێیەكەیان سنووری شارێك‌و ناوچەیەكی دیاریكراوی پێوە دیارنییە‌و نابێت‌و دەڵێت: "ئێمە سنووری كاركردنمان هەموو كوردستانە چاومان لەبنكەی جەماوەری‌و لایەنگری هیچ حیزبێك نییەو بەوشێوازەش كارناكەین،كە ئێمە دەڵێین حكومڕانی دادپەروەرانە و دیموكراتی بۆ هەموو خەڵكی كوردستان تەنانەت عیراقیش،وەك وتم كۆنگرەكەمان لەشاری هەولێر ئەنجام دەدەین."

هەروەها وتیشی"چاومان لەدەنگی لایەنگرو كادری هیچ حیزبێكی تر نییە، وەك دەزانرێت لەكوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە، خەڵكێكی زۆر متمانەی بەحوكمڕانی نەماوەو ناچێت بۆ دەنگدان ئێمە دەمانەوێت كار لەسەر ئەو خەڵكانە بكەین، كە متمانەیان نەماوە تابچن بۆ دەنگدان، پێیان بڵێین ئێمە لەهاوپەیمانی بۆ ئەوەی حوكمێكی دادپەروەرانەو خزمەتگوزاری و وڵاتێكی ئاوەدان پێشكەش بەتۆ بكەین دامەزراوین".

سەبارەت بەهەڵوێستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر دامەزراندنی ئەو حیزبە نوێیە؟ سۆزان خاڵە شەهاب وتی"وەكو هاوڕێیەتی زۆرێك لەو هەڤاڵانە پەیوەندییان بە (دكتۆر بەرهەم)ەوە كردووە بۆ پیرۆزبایی، من وەك خۆم ماوەی سێ ساڵ زیاتر بوو وازم لەكاری حیزبی هێناوە، چونكە پێویستمان بە حیزبێكە بەدەر لە ئایدۆلۆژیا و تەنیا هەڵگری خزمەتی خەڵك بێت."

هاودیدی هاوپەیمانی دیموكراتی‌و دادپەروەری وتیشی"دكتۆر بەرهەم لەپێشووتردا دەستلەكاركێشانەوەی داوە بەمەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان."

هەریەكە لەبزووتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و هاوپەیمانی دیموكراتی ڕایانگەیاند"لەناوچە جێناكۆكەكان بەیەك لیستی هاوبەش جیاواز لەلیستی دیكە بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن"، كە ئەمە كاردانەوەی بەدواوە هات‌و بەشێك لەكاردانەوەكان بەوجۆرە بوو، كە بەشداری كردنی كورد بەدوو لیست یەكڕیزی كورد لەو ناوچە جێناكۆكنە تێكدەدات.

بەڵام سۆزان شەهاب ڕەتیكردەوە لیستەكەیان ببێتە هۆی تێكدانی یەكڕیزی كورد و وتی "هێشتا دەرگای هاوپەیمانی كراوەیە تا ڕۆژی شەممە، هێشتا زووە بڕیاری ئەوە بدەین، بەڵام بیرمان نەچێت پارتی‌و یەكێتی لەو ناوچانە (دیالە و كەركوك) كوردیان لە (١٦)ی ئۆكتۆبەر بەجێ هێشت، بەڕاستی ئەوە لەدڵ و یادەوەری خەڵك دەرناچێت."

هاوكات وتیشی"ئێمە زۆریش بەلامانەوە ئاساییە كەلەگەڵ هەر لایەنێك یان پارتی‌و یەكێتی ببینە یەك لیست لەوناوچانەو ناوی خۆمان بەخۆمانەوەیە هاوپەیمانی، واتە هەمیشە دەرگامان كراوەیە بۆ هەر لایەنێك، بەڵام بەپارتی‌و یەكێتیمان وتووە ئەگەر دەیانەوێت بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەین ئەوە كۆمەڵێك مەرج هەیە دەبێت جێبەجێیبكەین، (نامەوێت لێرەدا باسی مەرجەكانمان بكەین)، هەرگیز نابینە هۆی تێكدانی یەكڕیزی كورد، مەرج نییە لەمسەرەوە هاوپەیمانی ببەستین گرنگە لەوەسەرەوە بەجۆرێك بەیەكڕیزی كاربكەین، كە مافە دەستووری‌و یاساییەكانی كورد بەدەست بهێنین."

هەروەها ڕاشیگەیاند "ئێمە دەمانەوێت بەخەڵكی ئەو ناوچانە بڵێین دەمانەوێت خزمەتتان بكەین‌و جێبەجێكردنی مادەی (١٤٠) بەتەنیا بە گوتار نەمێنێت و ببێتە كردار."