سالار مه‌حمود: کاریگەری تورکیا و ئێران لەسەر هەرێم گەیەندرایە ئەوروپا

PM:02:56:12/01/2018
کورد میدیا:
ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژە بۆئەوەدەکات داوای پشتیوانی بەکردارم کرد بۆ پرسی دیموکراسیی و پشتگیریی کردن لەمافەکانی مرۆڤی کوردو هەوڵدانی کرداریی بۆ راگرتنی ئەو ستەمانەی کەوڵاتانی ناوچەکە لەکوردو کوردستانی دەکەن.

سالار مه‌حمود ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ڕایگه‌یاند"له‌په‌رله‌مانی ئه‌وروپا باسی زوڵمی سەر گەلەکەمانم کرد لە ئاستە جیاجیاکاندا، ئەو گەمارۆیەی کە ئێران و عێراق و تورکیا خستویانەتە سەر باشوری کوردستان".

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سالار مه‌حمود

لەمیانی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی کوردانی رۆژهەڵات لەپەرلەمانی ئەوروپا ئەمڕۆ ۱۱/۱/۲٠۱۸ وتەیەکم پێشکەش کردو دواتر بە جیا چاوم کەوت بە سەرۆکی گروپی چەپەکان لەپەرلەمانی  ئەوروپا مارکینا میشێل. داوای پشتیوانی بەکردارم کرد بۆ پرسی دیموکراسیی و پشتگیریی کردن لەمافەکانی مرۆڤی کوردو هەوڵدانی کرداریی بۆ راگرتنی ئەو ستەمانەی کەوڵاتانی  ناوچەکە  لەکوردو کوردستانی دەکەن.

باسی زوڵمی سەر گەلەکەمانم کرد لە ئاستە جیاجیاکانداو ئەو گەمارۆیەی کە ئێران و عێراق و تورکیا خستویانەتە سەر باشوری کوردستان و لە پرسی دژایەتیکردنی مافی کورد چ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بێ یا باکور یا رۆژئاوا  یەکدەنگ و هاو پیلانن.

لەبەرامبەردا مارکینا میشێل رایگەیاند: پێویستە کورد خۆی یەکگرتووبێ و رووبەڕووی کەموکوڕیە خۆییەکانتان ببنەوە،  هەروەها وتی کلیلی چارەسەری کێشەی کوردستان دیموکراسیە وەک چۆن دەردی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبوونی دیموکراسیە.

لە کۆنفرانسەکەدا چەندین کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمی لە تاراوگەو پارچەکانی کوردستان بەتایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشداریان کرد.

ئینستیوتی  کورد لە برۆکسل  ئامادەکاری کردبوو بۆ سازدانی کۆنفرانسەکەو دەستخۆشیان لێ دەکەم.