بزووتنه‌وه‌ى ئيسلامى: چاره‌نووسی كورد و قه‌واره‌ی‌ هه‌رێم له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه‌

PM:11:09:11/01/2018
كورد میدیا:
فراكسیۆنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان راگه‌یه‌ندراوێك سه‌باره‌ت به‌ خۆئاماده‌كردنی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌: چاره‌نووسی كورد و قه‌واره‌ی هه‌رێمه‌ له‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند و هه‌ژموونی به‌غدا و ئه‌نتی كورد، له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا.

ئاری عه‌بدوله‌تیف، سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ بۆ كورد میدیا نێردراوه‌ ده‌ڵێت "پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق نزیك ده‌بێته‌وه‌ و هه‌موو لایه‌ك خه‌ریكی هاوپه‌یمانێتیی و خۆئاماده‌كردنن، ئه‌وه‌ی به‌لای فراكسۆنی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامییه‌وه‌ گرنگه‌، یه‌ك لیستیی و یه‌كگوتاریی كورد و هه‌موو لایه‌نه‌ كوردییه‌كانه‌، بۆ به‌شداریی له‌و پرۆسه‌یه‌".

سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ بزوتنه‌وه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكردووه‌: ئامانجیش له‌م هه‌ڵوێسته‌، چاره‌نووسی كورد و قه‌واره‌ی هه‌رێمه‌ له‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند و هه‌ژموونی به‌غدا و ئه‌نتی كورد، له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا.

"بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی وه‌ك هێزێكی ئیسلامیی و پارێزگار له‌ مافه‌ یاسایی و نه‌ته‌وه‌یی و ده‌ستووریی و مرۆییه‌كانی گه‌لی كوردستان له‌ باشوور، ئه‌ركیه‌تی به‌ هه‌موو لایه‌كی ڕابگه‌یه‌نێت، كه‌ زیاتر له‌ هاوپه‌یمانییه‌كی كوردیی له‌م پرۆسه‌یه‌دا، زیانی گه‌وره‌ ده‌گه‌یه‌نێت به‌ ماف و ئه‌جیًندای سیاسیی كورد و پێویسته‌ كۆی حیزب و لایه‌نه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ یه‌ك لیست به‌شداریی بكه‌ن، ئه‌گه‌رنا، بزووتنه‌وه‌ یان بایكۆتی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌كات، یان هه‌ڵبژارده‌ی تری ده‌بێت، كه‌ دواجار به‌ فه‌رمیی ڕایده‌گه‌یه‌نێت" ئاری عه‌بدوله‌تیف واده‌ڵێت.

له‌ كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیدا هاتووه‌ "هۆشیاریی ده‌ده‌ینه‌ هه‌موو لایه‌ك كه‌ كورد، دوو لیستیی و زیاتر هه‌ڵناگرێت و له‌م قۆناغه‌ ناسه‌قامگیر و دژواره‌دا، ئه‌ركی ئه‌خلاقییه‌ هه‌موومان به‌ یه‌ك لیستی نیشتیمانی به‌شداریی بكه‌ین، ئه‌وانه‌شی بڕوایان وانییه‌، له‌ ده‌رئه‌نجامی پرۆسه‌كه‌ باشتر هه‌ست ده‌كه‌ن و ئه‌وكاتیش په‌شیمانیی داد نادات و ده‌ڕۆنه‌ به‌رده‌م به‌رپرسیارێتیی له‌ده‌ستدانی قورسایی كورد له‌ ترازووی هێزی عێراقدا".


زۆرترین خوێنراو‌