پەیامنێرانی بێسنور: پێشێلكاری بۆ سەر میدیاكاران زیادی كردوە

PM:02:49:11/01/2018
كورد میدیا:
رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور رایدەگەیەنێت، لەم چەند ساڵەی دواییدا ئازادی رۆژنامەگەری لە جیهاندا پاشەكشەی كردوە‌و لە دۆخێكی خراپدایە.

رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور لە دوایین راپۆرتی خۆیدا ئاماژە بەوە دەكات، لە نێوان ساڵانی دوو هەزار و سیانزە بەدواوە، ئازادیی رۆژنامەگەری‌ و كاری میدیایی بەشێوەیەكی بەرچاو پاشەكشەی كردوە لە سەر ئاستی جیهان‌ و جێگەی نیگەرانییە.

بەگوێرەی راپۆرتەكەش، پێشێلكاری بۆ سەر رۆژنامەنوسان‌ و پەیامنێرانی كەناڵەكانی راگەیاندن، بەراورد بەساڵانی رابردو زیادی كردوە‌ و مەترسی زۆر لە سەر رۆژنامەنوسان هەیە لە كاتی روماڵكردنی روداو پێشهاتەكاندا.

بەپێی راپۆرتەكەش، یەكێك لەهۆكارە سەرەكییەكانی‌ بەرتەسكبوونەوەی‌ كاری‌ میدیایی‌‌و رۆژنامەگەری‌ ئەوەیە، وڵاتانی‌ جیهان بەتایبەت كێشەدارەكان، بەئاراستەی‌ رێگرتن لە ئازادیی‌ رۆژنامەگەری‌ هەنگاو دەنێن ئەوەش ئازادیی بیروڕا دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ 11-1-2018 سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان ئاماری پێشێلكاریی  بەرامبەر رۆژنامەنوسانی هەرێمی بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد" لەماوەی 12 مانگی رابردودا، 3 حاڵەتی تیرۆر و 1 حاڵەتی خۆكوشتن و دوو حاڵەتی شەهیدبون تۆماركراون، هەروەها 13 دەزگای رۆژنامەنوسانی داخراون و 30 رۆژنامەنوس دەستگیركراون، 25 حاڵەتی لێدان و 54 حاڵەتی رێگەنەدان بۆ 111 رۆژنامەنووس تۆماركراوە، 18 رۆژنامەنوسیش هەڕەشەیان لێكراوە، بە گشتی لە ساڵی رابردودا 137 حاڵەتی پێشێلكاری بەرامبەر 230 رۆژنامەنوس ئەنجامدراون".