هەموو شتێك دەربارەی كرێمی دژە خۆر

PM:01:55:11/01/2018
کورد میدیا:
كرێمی دژە خۆر بابەتێكی دوورو درێژە بەوهیوایەی سوودی لێ ببینن.

یەكەم: ئایا كرێمی دژە خۆر گرنگە بۆ پاراستنی پێست ؟ كێ هەیە نەیبیستبێت دەربارەی كرێمی دژە خۆر؟

ئەم جۆرە كرێمە هەموو پزیشكانی پێست و تەنانەت پسۆڕانی پێست و میكیاج رێنوێنی دەدەن بۆ بەكارهێنانی و ئەگەر رۆیشتیت بۆ پێشانگا گەورەكانی میكیاج  تەنانەت دەرمانخانەكان دەبینێت كرێمی دژە خۆریان هەیە لەهەموو ماركە و جۆرەكانی وەك شل و كرێمی و روون و ئاستی پاراستنی جیاواز لەنێوان 30 بۆ 100.

لەڕاستیدا كرێمی دژە  خۆر چی یە ؟ بۆچی هێندە گرنگە؟

ئەوەی ئێمە لەتیشكی خۆر دەیبینین تەنیا تیشكی سپی بینراوە، بەڵام خۆر جۆرێكی دیكەی تیشكی نەبینراو دەردەكات كە جیاوازی هەیە لەووزە و شەپۆلی بینینەكانیان كە گرنگترینیان تیشكی سەروو وەنەوشەییەو ئەم تیشكانە سوود و زیانی بۆ مرۆڤ هەیە.

تیشكی سەروو وەنەوشەیی دەبێتە سێ بەش ئەوانیش:

1- تیشكی سەروو وەنەوشەیی جۆری ئەی كەووزەیەكی كەمی هەیە (ultraviolet A UVA).

2- تیشكی سەروو وەنەوشەیی جۆری بی كەئاستی ووزەكەی مامناوەندە (ultraviolet B UVB).

3- تیشكیسەروو وەنەوشەیی جۆری سی كەووزەیەكی زۆری هەیە (ultraviolet C UVC).

تەنیا جۆری یەكەم و دووەمی تیشكی سەروو وەنەوەشەیی دەتوانن بەناو بەرگەهەوای زەوی و چینی ئۆزۆندا تێپەڕبن بەرەو زەوی و جۆری سێیەمیان كەووزەكەی زۆرە بەویستی خوای گەورە بەهۆی چینی ئۆزۆنەوە رێگری لێدەكرێت و ناگاتە زەوی كەئەم جۆرە تیشكە كاریگەری سووتێنەر و شێرپەنجەیی هەیە لەسەر مرۆڤ.

جۆری یەكەمی تیشكی سەروو وەنەوەشەیی، لێپرسراوە لەزیانە خێراكان واتە سووتانەوە بەهۆی خۆر.

جۆری دووەمی تیشكی سەروو وەنەوەشەیی، لێپرسراوە لەزیانە درێژخایەنەكان وەك نیشانەكانی پیری و پەڵەی پێست و شێرپەنجە.

كاریگەرییەكانی تیشكی خۆر:

بەساڵاچوون: ئەگەر تێبینی پێستی ئەو كەسانە بكەین كە لەدەرەوەی بیناكان كار دەكەن دەبینین پێستیان زبرە و زۆر گەورەتر دەردەكەون لەتەمەنی راستەقینەی خۆیان، چونكە بەركەوتنی خۆر دەبێتە هۆی دەركەوتنی چرچ و لۆچی و پەڵە لەسەر پێست و ئەو گۆڕانكارییانە لەدوای چەند سالێك لەبەركەوتنی خۆر دەردەكەوێت، بۆیە پێویستە خۆپاراستن لەبەركەوتنی خۆر لەتەمەنی منداڵیەوە دەست پێبكات و بەركەوتنی خۆر لەپێش تەمەنی 20 ساڵیەوە زۆر زیاترە لەبەركەوتنی خۆر لەدوای ئەو تەمەنەوە.

چرچی دەموچاو: دەركەوتنی چرچ و لۆچی لەسەر دەموچاو بەشێوەیەكی راستەوخۆ بەندە بە بەركەوتنی خۆر و ئەو چرچ و لۆچیە لای كەسانی جگەرەكێش زیاد دەكات.

وەرەمی پێست: زیاتر لە 90%ی وەرەمی پێست بەهۆی خۆرەوەیە و ئەو بەشانەی زۆرترین هەلی تووشبوونیان هەیە بریتین لە دەموچاو و مل و گوێچكەكان و قۆڵ و دەستەكان.

هەستیاری پێست: هەندێك كەس هەستیاریان هەیە بە بەركەوتنی خۆر و پێدەچێت لەدوای ماوەیەكی كەم لەبەركەوتنی خۆر ئەو هەستیارییە سەرهەڵبدات، بۆیە بەكارهێنانی هەندێك مەوادی وەك جوانكاری و بۆن و دەرمان و مەوادی خۆپاراستن لەخۆر پێدەچێت ببێتە هۆی زیادبوونی ئەگەری سەرهەڵدانی هەستیاری و هەروەها هەندێك دەرمانی وەك دژە دووگیانبوون و ئەنتی بایوتیك و دەرمانی پەستانی خوێن و جومگە و نەخۆشی دەروونی بەهەمان شێوە ئەگەری هەستیاری زیاد دەكات.

نەخۆشی: هەندێك نەخۆشی خراپتر دەبێت لەكاتی بەركەوتنی خۆر وەك دڕكەومێكوتە و نەخۆشی گورگەسوور و بەركەوتنی خۆر دەبێتە هۆی خێرابوونی روودانی ئاوی سپی چاو.

پێویستە، خۆمان بپارێزین لەتیشكی سەروو وەنەوەشەیی بەهەردوو جۆرەكەی و بەكارهێنانی هەر كرێمێكی دژەخۆر كە لەسەری نوسرابێت بۆ پاراستن لە(UVA -UVB).


جیاوازی نێوان كرێمی دژە خۆر كەلێی نووسراوە (Sun block) لەگەڵ (Sun screen) چیە و كامیان باشترن؟

Sun block: كرێمی دژە خۆری فیزیاییە كە پێكهاتەی سروشتی تێدایە و وەك بەربەستێك بۆ پاراستنی پێست و پێچەوانەكردنەوەی سەرجەم تیشەكان وایە، بەڵام یەك كێشەی هەیە ئەویش رەنگێكی روون لەسەر پێیست بەجێدەهێلێت و تەنیا ئەو كاتە چالاكە كە كرێمەكە هەیەو لەكاتی سڕینی ئەوا كاریگەری پێكهاتەكانی نامێنێت، پێكهاتەكانیشی بریتیە لە ئۆكسیداتی زەنك یان ئۆكسیداتی تایتینیۆم.

Sun screen: كرێژمی دژە خۆرن كە پێكهاتەی كیمیایی تێدایە و كارلێك لەگەڵ خانەكانی پێست دەكات و پەردەكانی لەناودەبات و دەبێتە هۆی زۆرێك لەنەخۆشییەكان وەك شێرپەنجە، لەپێكهاتەكانیشی بریتیە لە ئۆكسیبینزون یان دایوكسیبینزون. بەوەش گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە كرێمی دژە خۆری (Sun block) باشتر و پارێزراوترە.

(SPF) چی یە؟

هۆكاری پاراستنە لەتیشكی خۆر و چەند ژمارەیەكی هەیە لەوانەش وەك (15-30-40-50-90-100) ئەویش بەم شێوەیەی لای خوارەوە دەبێت:

* پارێزگاری كەم واتە 6 بۆ 10.
* پارێزگاری مامناوەند واتە 15 بۆ 25.
* پارێزگاری بەرز  واتە 30 بۆ 50.
* پارێزگاری زۆر بەرز واتە سەرو 50.

پسپۆڕانی پێست، رێنمایی دەدەن بۆ بەكارهێنانی (SPF15) هەموو رۆژێك لەژیانمان و (SPF30) بۆ منداڵان و دەتوانرێت ئاستی بەرزتر بەكاربهێنرێت لەكاتی بەركەوتنی خۆر بۆماوەیەكی زیاتر و دوورو درێژ.

سوودی ئاستی كرێمی دژە خۆر چی یە و چۆن ژمارەی گونجاو هەڵبژێرین؟

ئەو ماوەیەی پێستی ئافرەت تووشی سووتانەوەی خۆر دەبێت بریتیە لەدوای 10 دەقیقە واتا (10*15- 150) و كرێمی دژە خۆری (SPF15) دەبێتە هۆی پاراستن لەتیشكی خۆر بۆماوەی 150 دەقیقە، ئەو ژمارەیە بۆ جۆرەكانی دیكەش وایە و بۆچوونێكی هەڵەیە كە دەڵێت ژمارە 100 باشترین جۆری كرێمی دژە خۆرە و باشترین پارێزگاری لە 100% دەكات و دەكرێت كرێمی دژە خۆری (50SPF) زۆر باش بێت.

چۆن جۆرێكی گونجاو لە كرێمی دژە خۆر بۆ پێستت هەڵدەبژێرێت؟

* پێستی ئاسایی: ئەم جۆرە پێستە كرێمێكی خاڵی لەزەیت بۆی گونجاوە بۆئەوەی لەهەمان كاتدا شێداری بكات.

* پێستی چەور: ئەم جۆرە پێستە پێویستی بەكرێمی سووك و شل هەیە.

* پێستی ووشك: پێویستە كرێمێكی قورس بۆ ئەم جۆرە پێستە بەكاربهێنرێت.

* پێستی هەستیار: كرێمی دژە خۆری دەوڵەمەند بە مەوادی رووەكی و ڤیتامینات بەتایبەت ڤیتامین ئی گونجاوە.


رێنمایی گشتی:

1- دانانی برێكی پێویستی كرێمی دژە خۆر: مرۆڤی ئاسایی پێویستی بە بڕی 30 بۆ 40 میللیتر كرێمی دژە خۆر هەیە پڕ بەدەستی و زۆرێك لەمرۆڤەكان برێكی كەم بەكاردەهێنن.

2- بەكارهێنانی كرێمێكی دژەخۆری باش: زۆرێك لەكۆمپانیاكان مەوادی سەرەتایی پاكژنەكراو بەكاردەهێنن بۆیە رێنوێنی دەدرێت كە هەمیشە كرێمی كۆمپانیا بەناوبانگەكان بەكاربهێنرێت و پێدەچێت هەندێك كرێمی دژە خۆر هەستیاری پێست دروست بكات، بۆیە دەبێت سەرەتا كرێمەكە لەسەر بەشێكی بچووكی پێست تاقیبكرێتەوە.

3- جێبەجێكردنی راست و دروست: پێویستە كرێمی دژە خۆر پێش بەركەوتنی خۆر بە 30 دەقیقە بدرێت لەپێستێكی پاك و ووشك و ئەوەش رێگە بەپێست دەدات بەشێوەیەكی باش كرێمەكە هەڵبمژێت.

4- مانەوە لەسێبەردا: رێنوێنی دەدرێت بۆ دووركەوتنە لەبەركەوتنی تیشكی خۆر لەنێوان سەعات 11 بۆ 3ی پاشنیوەرۆ و تەنانەت لەكاتی مانەوە لەسێبەردا رێنوێنی بەكارهێنانی كرێمی دژە خۆر دەدرێت.

5- دووبارە بەكارهێنانی كرێمی دژە خۆر: ئارەقكردنەوە و مەلەكردن و راهێنانی وەرزشی و بەكارهێنانی كیلنیكس بۆ سڕینی دەموچاو كاریگەری لەسەر ئاستی كرێمی دژە خۆر لەسەر دەموچاو دەبێت و بۆیە پێویستە لەدوای ئەم چالاكیانە دووبارە كرێمی دژە خۆر بەكاربهێنرێت.

6- بەكارهێنانی رۆژانەی كرێمی دژە خۆر: پێویستە كرێم لەسەر سەرەوە و خوارەوەی هەردوو دەست بدرێت و ئەوەش دەبێتە هۆی رێگرتن لەدروستبوونی چرچ و پەڵە لەسەر پێست كەبەهۆی بەركەوتنی خۆرەوە دروست دەبێت.

7- لەبەركردنی جلو بەرگی گونجاو: جلو بەرگی لە لۆكە دروستكراو و كڵاو و چاویلكەی گونجاو بەسوودە بۆ پاراستن لەتیشكی ژێر وەنەوشەیی.

8- بەكارهێنانی كرێم لەرۆژی هەورەكاندا: تەنانەت لەرۆژە هەورەكاندا تیشكی سەروو وەنەوشەیی بوونی هەیە.

9- پاراستنی منداڵان: منداڵان پێویستیان بەپارێزگاریی زیاترە لەرێگەی كرێمی دژەخۆری پێویست و گونجاو كە ژمارەكەی بەرزتر بێت.

10- میكیاج: ئەو میكیاج و مەوادی جوانكاریانەی رێژەیەكی زۆر پارێزگاریان لەبەركەوتنی خۆر تێدایە و پێویستە كرێمی شێداری و دژەخۆر پێش چینی میكیاج بەكاربهێنرێت.

پێست نهێنی جوانی مرۆڤە و پارێزگاریكردن لێی بە باشترین شێوە لەرێگەی بەكارهێنانی كرێمی دژە خۆر یاخود گیراوە یان چارەسەری پزیشكی باشترین بژاردەیە.