سه‌رۆك كۆمار سه‌ردانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌كات

PM:09:01:10/01/2018
كورد میدیا:
به‌بۆنه‌ی‌ ساڵیادی‌ دامه‌زراندنی پۆلیسی‌ عیراقه‌وه‌، فوئاد مه‌عسوم، سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق سه‌ردانی‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆیی كرد.
           
به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی نوسینگه‌كه‌ی‌، پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌  10-1-2018 دكتۆر فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌به‌غدا سه‌ردانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی كردو له‌ لایه‌ن قاسم ئه‌لئه‌عره‌جیی وه‌زیری ناوخۆ و عه‌قیل ئه‌لخه‌زعه‌لیی وه‌كیلی پێشكه‌وتوی وه‌زاره‌ت و گه‌وره‌ فه‌رمانده‌ و ئامرو به‌ڕێوه‌به‌رانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ وه‌ به‌ گه‌رمی پێشوازیی لێكرا .

ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ كه‌ سه‌رۆك كۆمار پیرۆزبایی له‌ كارمه‌ندانی وه‌زاره‌ت و هێزه‌كانی پۆلیس به‌ هه‌موو دامه‌زراوه‌كانیانه‌وه‌ كرد به‌ بۆنه‌ی یادی دامه‌زراندنی پۆلیسی عیراقه‌وه‌.

باسله‌وه‌شكراوه‌ كه‌ دكتۆر فوئاد مه‌عسوم له‌ وته‌یه‌كیدا ستایشی رۆڵی قاره‌مانانه‌ی پۆلیسی كرد له‌ شێوازی جه‌نگ و سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر تاقمی داعشی تیرۆرستداو به‌شداریكردنی له‌ به‌رگرییكردنی ئاسایشی نیشتمان و هاووڵاتییاندا شانبه‌شانی ریزه‌ جیاجیاكانی هێزه‌ چه‌كداره‌كان و ده‌زگا ئه‌مییه‌كانی تر و هه‌وڵی بێ وچانی له‌ پاراستنی ئارامیی كۆمه‌ڵدا .

سه‌رۆك مه‌عسوم ئومێدی خۆی ده‌ربڕی بۆ به‌ره‌وپێشچونی زیاتر و شكۆمه‌ندیی و گه‌شه‌كردنی هێزه‌كانی پۆلیس  و كاركردنیان به‌ گیانی پیشه‌یی و پابه‌ندبونیان به‌ ره‌چاوكردنی مافه‌كانی مرۆڤ و پارێزگاریكردن له‌ ئازادییه‌كان به‌ هه‌موو سنف و ریزه‌كانیانه‌وه‌، به‌و جۆره‌ی  كه‌ ویست و خواستی عیراقییه‌كان به‌دی بهێنێت له‌ ئاسایش و ئۆقره‌ییدا. 

سه‌رۆك كۆمار قوربانیدانی كارمه‌ندانی پۆلیسی به‌رز نرخاند و ستایشی گیانی قاره‌مانێتی  ئه‌و شه‌هیدانه‌ی كرد كه‌ گیانیی خۆیان به‌ختكرد، داوای هه‌رچی زوتر چاكبونه‌وه‌یشی كرد بۆ برینداره‌كانیان خواست, له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ سه‌رۆك كۆمار پێویستیی بایه‌خدان و ئاوڕدانه‌وه‌ی له‌خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و چاودێریكردنی برینداره‌كانیان  دوپاتكرده‌وه‌  وه‌ك رێز وپێزانینێك له‌به‌رامبه‌ر گیانفیداییان له‌ پێناوی گه‌ل و نیشتماندا   .

هه‌روه‌ها روناكیی خسته‌سه‌ر گرنگیی كاركردن بۆ گه‌شه‌پێدانی دامه‌زراوه‌كانی پۆلیس  و راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ جیاجیاكانی وه‌زاره‌ت, بایه‌خ و گرنگییدانیشی به‌ لایه‌نی هه‌واڵگریی و كاركردن بۆ له‌ناوبردنی شانه‌نوستوه‌كانی تیرۆرستان و تاروماركردنی چه‌ته‌كانی كه‌تن و تاوانی دوپاتكرده‌وه‌ له‌پێناوی پاراستن و چه‌سپاندنی سه‌ركه‌وتن به‌ به‌دیهێنانی ئارامیی و ئۆقره‌یی , به‌ڕێزیان ئاماژه‌یكرد بۆ پێویستیی سود وه‌رگرتن له‌ شاره‌زایی دامه‌زراوه‌كانی پۆلیسی ده‌وڵه‌تانی دیموكراسیی به‌و جۆره‌ی یارمه‌تی وه‌زاره‌ته‌كه‌ دادات بۆ باش راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانی له‌ كاتی ئاشتیی و هێمنییدا و ده‌سته‌به‌ركردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ بۆ ته‌واوی هاووڵاتییان  .

وه‌زیری ناوخۆش له‌ ده‌ستپێكی دیداره‌كه‌دا له‌گه‌ڵ به‌ گه‌رمی به‌خێرهاتنی له‌ سه‌رۆك كۆمار بۆ وه‌زاره‌ته‌كه‌یان به‌ناوی خۆی و ته‌واوی كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی ناوخۆوه‌ پێزانینی ده‌ربڕی بۆ سه‌ردان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌كه‌ی وپیرۆزباییه‌كه‌ی به‌م بۆنه‌شاده‌وه‌ .

هاوكات وه‌زیری ناوخۆ ئاماژه‌یكرد بۆ رۆڵی قاره‌مانانه‌ی هێزه‌كانی پۆلیس و ریزه‌ جیاجیاكانی تری هێزه‌ چه‌كداره‌كانمان  له‌ به‌گژاچونه‌وه‌ی تیرۆردا,رونیشیكرده‌وه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پۆلیس موڵكی هه‌مو عێراقییه‌كانن به‌ ئایین و نه‌ته‌وه‌ جیاجیاكانیانه‌وه‌.

په‌رۆشیی وه‌زاره‌ته‌كه‌یشی دوپاتكرده‌وه‌، بۆ ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵدان له‌پێناوی چوسپاندنی ئاسایش و ئۆقره‌یی وپێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی تری ئه‌منیی و ئۆقره‌یی به‌هاووڵاتییان .