مەلا بەختیار، ئەو کەسەی زۆرترین لێدوان لەسەر دیموکراسی دەدات و دیموکراسیش نییە

PM:03:13:10/01/2018
كورد میدیا: زانكۆ سەردار
ئێوارەی 7ی ئەم مانگە، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەمیانی دیدارێكی تەفزیۆنیدا ئاماژەی بەچەند بابەتێك كرد كە دواتر بوە مایەی مشتومڕی نێو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و چەندین كەسایەتی جیاواز لێكدانەوەیان بۆ ئەو بابەتانە كرد.

مەلا بەختیار، بەرپرسی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە بەشێكی دیدارەكەدا لەبارەی حزبەكەیەوە وتی (ئێمە قبوڵ ناكەین كەس چەكمان بكات، ئێمە هێزمان هەیە و هیچ هێزێك ناتوانێت چەكمان بكات، بەڵام هێزێك بیرلەوە بكاتەوە زۆرینەی هێناوە چەكمان بكات، ئەوە با بیری لێ نەكاتەوە".

وتیشی"یەك كورسی بێنین ئێمە یەكێتین، 100 كورسیش بێنین ئێمە یەكێتین... دیموكراسییەتمان قبوڵە وەكو ئەنجام)، ئەو وتەیەی ئەو بەرپرسەی یەكێتی پرسی یموكراسیەتی خۆی و حزبەكەی خستە ژێر پرسیارەوە و لەو بارەیەشەوە (نیاز عەبدوڵا) خانمە رۆژنامەنوس لە ژێر ناوی (مەرگی دیموكراسییەت لەناو یەكێتی دا) نوسیویەتی"لە ماوەی تەنیا ٢:٣٠(دوو خولەك و سی سانییە)دا پێشێلی بنەما سەرەكییەكانی ٨ یاسای بنەڕەتی هەرێمی كوردستان دەكات".

ئێمە هێزمان هەیە و هیچ هێزێك ناتوانێت چەكمان بكات، بەڵام هێزێك بیرلەوە بكاتەوە زۆرینەی هێناوە چەكمان بكات، ئەوە با بیری لێ نەكاتەوە.



نیاز پێشێلكاریەكانی ئەو دووخولەك و سی نانییەی بەمشێوەیە خستۆتەڕوو:

1- یاسای ژمارە ١٧ی ١٩٩٣ی حیزبەكانی ھەرێمی كوردستان.

٢-یاسای ژمارە ٥ی ١٩٩٢ی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە.

٣- یاسای ژمارە ٩ی ١٩٩٣ی وەزارەتی ناوخۆ.

٤- یاسای ژمارە ٤٦ی ٢٠٠٤ی ھەیئەی گشتی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان.

٥- یاسای ژمارە ٥ی ٢٠١١ی دەزگای ئاسایشی ھەرێم.

٦- یاسای ژمارە ٤ی ٢٠١١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێم.

٧- یاسای ژمارە ١١ی ٢٠١٠ی رێكخستنی خۆپیشاندانەكانی ھەرێم.

٨- یاساكانی هەڵبژاردن كۆ یاسای ژمارە ٤ی ٢٠١٤ی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی.

هاوكات عەزیز رەوف، نوسەری دیاری باشوری كوردستان، لەبەرامبەر ئەو وتانەی مەلا بەختیار لە هەژماری خۆی ئاماژە بەوە نوسیویەتی"یەكێتی دەڵی قسە بكە بەڵام سەیری شان و شەوكەتم بكە تفەنگم پێیە زیادەڕۆیی بكەی دەتكوژم، پارتی ڕوخساری ستەمكاری خۆی دەرخستووە بەڵام یەكێتی هەمان ڕوخسارە بەڵام پەڕۆیەكی بە ڕوخساری خۆیداداوە و ئەگەر پەڕۆی سەر ڕوخساری هەڵماڵی بەتەواوی لە پارتی دەچێ. كاك مەلا بەختیار دەڵێ "كەس ناتوانێ چەكمان بكات و ئێمە یەك كورسی بێنین و سەد كورسی هیچ جیاوازی نیە".هەركەس دوای ئەم قسەیەی كاك مەلابەختیار پێی وابێت لە هەرێمی كوردستان دیموكراسی هەیە، حەقە بە ئیشارەت نەخۆشخانەی دەروونی پیشان بدەی.

زۆر جار كاتێك (مەلا بەختیار) لێدوانێك یاخود نوسنێكی دەبێت، بەوپێیەی یەكێە لە بەرپرسە دیارەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بۆیە حزبەكەشی بەدەر نابێت لەو رەخنانەی بەهۆی مەلابەختیارەوە ڕووبەڕی دەبێتەوە، هەروەك (نیاز عەبدوڵا) نوسیویەتی"تەواوی ئەو پێشێلكاری و بێڕێزیانەش بە واقعی لەسەر سیاسەتەكانی حیزبەكەی بەرجەستە بووە، ئیتر ئەمە دیدگای"دیموكراتخواز"ەكەی بێت، فەرماندە چەكدارەكانی دەبێت چی بەرهەمیان بێت".

عەزیز رەووف" یەكێتی دەڵی قسە بكە بەڵام سەیری شان و شەوكەتم بكە تفەنگم پێیە زیادەڕۆیی بكەی دەتكوژم، پارتی ڕوخساری ستەمكاری خۆی دەرخستووە بەڵام یەكێتی هەمان ڕوخسارە". .


نیاز لەپەرەگرافێكی نوسینەكەیدا جەخت لەوە دەكاتەوە، ئەو وتانەی بەرپرسەكەی یەكێتی دوابزمارە لەتابوتی مەرگی دیموكراسی لەناو حزبەكەی و سیستمی سیاسی كوردستان دەدات.

عەدنان عسمان، پەرلەمانتاری پێشوی بزوتنەوەی گۆڕان و هەڵسوڕاوی دیاری ئەو بزوتنەوەیە، لەمیانی نوسینێكدا لەژێر ناوی (سەنگی دەنگ لای مەلا بەختیار یەكسانە بە هیچ)، دەڵێت"كەمجار بوە كەسێك جورئەت بكات، بەناوی رێزگرتن لە دیموكراسیەتەوە، بەناوی پابەند بون بە دیموكراسیەتە، باس لەوە بكات حزبەكەی( بەڵێ حزبەكەی) هێزی چەكدار، ئاسایش و تەنانەت دەزگای ئیستخباری تایبەت و حەتمەن زیندانی تایبەت و دادگای تایبەت...هتد هەیە، دەگمەنە لە مێژودا، لەپەنا پاڵی دیموكراسیەتەوە، یەك دەنگ و سەد دەنگ یەكسان بكەی بە یەك!".

مەلا بەختیار لەدیدارەكەدا، لەبارەی (د.بەرهەم ساڵح) سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی، هرێشی توندی كردە سەری و بەوە تۆمەتباری كرد كە رۆژێك پێشمەرگایەتی نەكردوە و دەڵێت"یەك رۆژ پێشمەرگایەتی نەكردووە و كاتێكش لە دەرەوە بوو یەك جووت گۆرەوی‌ بۆ پێشمەرگە نەناردووە".



هەر لەباسی بەرهەم ساڵح، جێگری پێشووی دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، مەلا بەختیار ووتی"كاك بەرهەم دەیتوانی لەناو یەكێتی بەهەمی هەبێت، من لەچەندین وێستگەدا پشتیوانیم كردوە".

لەبەرامبەر ئەو وتانەی مەلا بەختیاردا، (سڵێمان عەبدوڵا یونس) بەرپرسی دەزگای خەندان-ی سەر بە بەرهەم ساڵح نوسویەتی" تۆ بێدەنگبە، ئاخر تۆ چییت و كێیت؟ قسەی مام جەلال ـ ی مەزن لەسەر دكتۆر بەرهەم شەرتە".


مەلا بەختیار "بەرهەم ساڵح یەك رۆژ پێشمەرگایەتی نەكردووە و كاتێكش لە دەرەوە بوو یەك جووت گۆرەوی‌ بۆ پێشمەرگە نەناردووە".


مەلا بەختیار، پاش دیدارەكە و لە پۆستێكی فەیسبوكدا وەك سەرەتایەك بۆ وەڵامی ئەو كاردانەوانە نوسی"ئیتر كاتی وتنی ڕاستییەكانە، ئەوانەی بێ ئاگان، گوناهیان نییە كە لە خۆیانەوە بەرگری دەكەن. سەرەتای وتنی راستییەكانە... ئیرادە گرنگە!".

بەڵام ئەو نوسینەی بەرپرسەباڵاكەی یەكێتی نەیتوانی كاردانەوەكان ڕابگرێت، (كاروان عەلی شامار) كادری پێشكەوتووی یەكێتی نیشتمانی دەڵێت "دەیەوێ جارێكی تر بە ئەندامانی (ی ن ك) بڵێ من هەموو شتم و كەس ناتوانێ پۆستی مەكتەبی سیاسیم لێ وەرگرێتەوە و بەمیرات بۆم ماوە و تا ئەو پلانەی كە بۆ لە ناوبردنی یەكێتی بۆم دانراوە وەك خۆی جێبەجێ نەكەم ئەو پۆستە بۆ كەس جێ ناھێڵم و كەسیش بیری لێ نەكاتەوە!".

ئەو كادرە پێشكەوتوەی حزبەكەی مەلا بەختیار نوسیویشیەتی"ھیوادارم یەكێتیە رەسەنەكان و ئەو بەرپرسانەی ئەمرۆ بونەتە جێ ئومێدی زۆرینەی یەكێتیەكان سنورێك بۆ قەلەمرەویی و كارە نارەواكانی مەلا بەختیار دابنێن ئەگینا هەرچی سەروەری یەكێتی هەیە لە رابردوو تا ئێستا دەكاتە قوربانی یەك ستایش و ئافەرینی بارزانی!".

لەبەرامبەریشدا (ژوان ئەحمەد) بەڕیوەبەری رادیۆی (مەدەنیەت)ی نزیك مەلا بەختیار، لەژیر ناوی (چەند پرسیارێك بۆ دكتۆر بەرهەم ساڵح!!) لە ماڵپەڕی (چاودێر) نوسیویتی" ئایا بەرهەم ساڵح كە ئەم سیستمە بە گەندەڵ دەزانێت، خۆی چ پشكێكی هەبوە تیایدا؟؟ هەر ئەو نەبوە لە وەرگرتنی پۆستەكەی سێ ملیار دۆلار یەدەگی لەبەردەستدا بوە، كە هاتە دەرەوە لە حكومەت چوار ملیار دۆلار قەرزی خستە سەر حكومەت؟؟ ئەمە چی پێ دەوترێت ؟ هەر كاك بەرهەم نەبوو گەورەترین فەزیحەی یەكێك لە شێڵتەرەكانی لە سەردەمی حوكمڕانی خۆی پەردەپۆش كرد‌و نەیهێشت بڕیاری لەسەر بدرێ؟؟".


ئایا بەرهەم ساڵح كە ئەم سیستمە بە گەندەڵ دەزانێت، خۆی چ پشكێكی هەبوە تیایدا؟؟هەر ئەو نەبوە لە وەرگرتنی پۆستەكەی سێ ملیار دۆلار یەدەگی لەبەردەستدا بوە


ژوان ئەحمەد نوسیویشیەتی"ئێستا بەرهەم ساڵح هیچ پۆستێكی رەسمی نیە، ئەرك نەبێت بۆچی ئۆفیسی ناو پاركی هەواری شار رادەستی حكومەت ناكاتەوە چونكە ئەوە موڵكی گشتی یە، بەرهەم نەبوو بە دوو ئیمزا 42 هەزار فەرمانبەری دامەزراند؟ ئەمە بەشداری كردن نیە لەو دۆخەی ئێستا بۆ هەرێم دروست بوە؟ تۆیەك لە دوو ئیدارەیی بەرپرس بیت، لە حكومەتی یەكگرتوودا بەرپرس بویت، ئەی بۆچی تۆ فریشتە‌و حزبەكەی پێشووت گەندەڵە؟ لەوەش بگەڕێ، تۆیەك كە دژی گەندەڵیت چۆن لە سایەی گەندەڵیدا دەژیت، بۆچی دەسبەرداری نابیت".

ئەو رۆژنامەنوسە نزیكەی مەلابەختیار لە كۆتای نوسینەكەدا دەڵێت"ئەگەر جەنابت سكرتێری حزبێكی نوێی، ئەرك نەبێت بۆ تا ئێستا خانوەكەی ئەمریكات تەسلیم بە یەكێتی ناكەیتەوە تا بڵێین دروست تۆ كەسێكی بێگەردی!!".

لەدوا نوسینیدا مەلا بەختیار، كە وەك وەڵامێكی كورتە بۆ كاردانەوەی وتەكانی دیدارە تەلەفزیۆنیەكەی، لەژێر نوای (پاراستنی هێز و فریودانی رای گشتی)، دەڵێت" لە چاوپێكەوتنی (روداو)ی پێرێ‌ شەودا، باسی ئەوەمان كرد وەک یەكێتی رێگە نادەین چەکمان بكەن، بەڵام سەرەنجامی هەڵبژاردنمان قبوڵە، هەندێك، بە مەرام لێكدانەوەی پێچەوانەیان بۆ كردین. كە لەراستیا رون قسەمان كرد، جەختیش دەكەینەوە، كە لەكوردەواریدا، چەك كردن بەمانای بەزۆر چەك لێسەندن دێت، ئەوانەی پێشمەرگایەتیان نەكردووە نازانن، ئەمە چ مانایەكی هەیە، دروستكردنی هێزی چەكداری یەكگرتوش، بە رێكەوتن‌و پێویستیەكانی دەستورو یاسایە.. واتا: ئەركێكی پرۆسەی نیشتمانییە. نەك چەك كردن".


مەلا بەختیار" وەک یەكێتی رێگە نادەین چەکمان بكەن، بەڵام سەرەنجامی هەڵبژاردنمان قبوڵە، هەندێك، بە مەرام لێكدانەوەی پێچەوانەیان بۆ كردین".


مەلا بەختیار نوسیویشیەتی"یەكێتی.. زۆرجار وتومانە: هەتا پرۆژەی نیشتمانیی‌و دەستور نەبێ‌، یەكخستنی هێزەكان سەرناگرێ‌. زۆریش هەوڵدرا بە مەرام، یان بەپێی بڕیاری سیاسی ئەم لایەن‌و ئەو لایەن هێزی پێشمەرگە یەكبخرێ‌. بەڵام بێهودە بوو، ئێستاش جەختدەكەینەوە: چەك كردن، نە لەرێی ئاژاوەگێڕانەوە، نە لەرێگەی كینە لەدڵانی پشتی پەردەوە قبوڵ ناكەین، ئەگەر دەنگی كەم یان زۆر بهێنین. بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردن قبوڵ دەكەین. هەروەكو بەیاننامەمان بۆ قبوڵكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوو دەركرد، كە رێژەی دەنگەكانی یەكێتیش دابەزی. بەڵام هێزو سەنگی یەكێتی هەر مایەوە".

پاش دیدارەكە و كاردانەوەی وتەكانی (مەلا بەختیار)، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەوەی گرنگە دەستكەوتنی وەڵامی ئەو پرسیارەیە، كە ئایا (مەلابەختیار و یەكێتی و دیموكراسی) چارەنوسیان بەكوێ‌ دەگات؟ هاوڵاتیان كە ماوەی 26 ساڵە بەدرشمەكانی بەرپرسان و حزبی باڵا دەستەوە لەهەرێمی كوردستان سەرقاڵن، چۆن لەمێژووی سیاسی و تەنانەت كەسایەتی ئەو بەرپرسانەش دەڕووان كە لەماوەی ئەو تەمەنەدا (دیموكراسی، شۆڕشی شاخ و پێشمەرگایەتی و ...هتد) چ وەڵامێكیان دەست دەكەوێت؟