پێش ئەوەی لالەنگی بکڕیت ئەم ڕێنماییانە ڕەچاو بکە

PM:02:15:10/01/2018
کورد میدیا:
زۆر جار کە میوەی لالەنگی لە بازاڕەکاندا دەکڕدرێت، وشکە و تامیشی خۆش نییە، چەند ڕێنماییەک ھەن، بۆ ئەوەی لالەنگیی باش ھەڵبژێریت.

ماڵپەڕی (ھێفتی)، چەند ڕێنماییەکی بۆ کڕینی لالەنگی بڵاو کردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەگەر ئەو ڕێنماییانە پێش کڕینی لالەنگی ڕەچاو بکەیت، جۆرێکی باش و نوێ دەکڕیت، ئەو ڕێنماییانەش بریتین لە:

1 - ئەگەر لالەنگییەکە کێشی زۆر کەم بوو، واتە وشک بووەتەوە و کۆن بووە، بەڵام ئەگەر لالەنگییەکە کێشی قورس بوو، واتە وشک نەبووەتەوە و نوێیە.

2 - ئەگەر توێکڵی لالەنگی زۆر بە ئاسانی لێ بووەوە، واتە ئەو لالەنگییە کاتێکی زۆرە لە دار لێ کراوەتەوە، بەم شێوەیەش ئەگەری ھەیە وشک بوو بێت، بەڵام ئەگەر توێکڵی لالەنگییەکە بڕێک بە سەختی لێ بووەوە، واتە ئەو لالەنگییە نوێیە و کاتێکی کەمە لە دار لێ کراوەتەوە.

3 - ئەگەر لالەنگییەکە ڕەنگی وەک خۆی نەمابوو، یان کەمێک قاوەیی بووبوو، واتە ئەو لالەنگییە کۆنە و وشک بووەتەوە، ئەگەر ڕەنگیشی ئاسایی بوو، واتە نوێیە.

4 - ئەگەر لالەنگییەکە گەڵایەکی بەسەرەوە مابووەوە، دەست لە گەڵایەکە بدە، ئەگەر ڕەق و وشک بوو، واتە ئەو لالەنگییە کاتێکی زۆرە لە دار لێ کراوەتەوە و ئەگەری ھەیە وشک بوو بێت و تامی وەک خۆی نەمابێت، بەڵام ئەگەر گەڵایەکە نەرم بوو، واتە ئەو لالەنگییە نوێیە و کاتێکی کەمە لە دار لێ کراوەتەوە.

5 - ئەگەر حەز بە لالەنگیی ترش دەکەیت، بچووکەکان ھەڵبژێرە، ئەگەر حەز دەکەیت لالەنگییەکە زیاتر شیرن بێت، لالەنگیی گەورە ھەڵبژێرە، بەڵام بە مەرجێک ڕەنگی نەگۆڕابێت.