لەگوندێكی دهۆك 50 ساڵە زەماوەند نەكراوە

AM:11:57:10/01/2018
ژیان: عەمار عەزیز
شڤان سادق، خەریكی خۆئامادەكردنە بۆ رۆژی بوون بەزاوای‌و گواستنەوەی ئەو كچەی كە مارەی بڕیووە، هەرچەندە تامەزرۆییە بۆ گێڕانی ئاهەنگێكی گەورەی زەماوەند، بەڵام خەونەكەی نایەتەدی، ئەوەش بەهۆی دابو نەریتی تایبەت بەگوندەكەیانەوە.

ئەو دانیشتووی گوندی دولیجانە لەسنوری قەزای بەردەڕەش سەر بەپارێزگای دهۆك، كە نیو سەدەیە هیچ زەماوەندێكی لێ ئەنجامنەدراوە.
"حەزم لێیە ئەو رۆژەی دەبمە زاوا زەماوەندێكی گەورە بكرێت‌و خەڵكیش بانگهێشت بكرێت، بەڵام هەرگیز ئەمە روونادات لەگوندەكەی ئێمە، چونكە لەلایەن باوكم‌و كەسوكارمەوە رەتدەكرێتەوە، ئێمەش ناچارین رێز لە دابونەریتی ئەوان بگرین".

شڤان هیوادەخوازێت، خەڵكی گوندەكەیان شێوازی بیركردنەوەیان بگۆڕن‌و لەبەر نەریتێكی كۆنی 50 ساڵە، خەونی گەنجەكانیان نەخەنە ناو گۆڕەوە، چونكە ئەو رۆژە تایبەتەو دووبارە نابێتەوە.


حەزم لێیە ئەو رۆژەی دەبمە زاوا زەماوەندێكی گەورە بكرێت‌و خەڵكیش بانگهێشت بكرێت، بەڵام هەرگیز ئەمە روونادات لەگوندەكەی ئێمە



دابونەریتی ئەنجامنەدانی زەماوەند لەو گوندە دەگەڕێنرێتەوە بۆ سەردەمانێكی كۆن، كاتێك كەسێك لەو گوندە كۆچی دوایی بكردایە، یان كەسێك توشی نەخۆشییەك ببوایە، هیچ جۆرە زەماوەندێك ئەنجامنەدەدرا، لەو كاتەشەوە ئەوە بووەتە نەریت.

ژمارەی دانیشتوانی گوندەكە نزیكەی دوو هەزار كەسە، كە پێكهاتوون لە 250 خێزان‌و زۆربەیان بەكاری كشتوكاڵیەوە خەریكن، بەشێكیشیان فەرمانبەرن.



 عەبدولناسر زێباری،‌ دانیشتوی گوندی دولیجان كە ساڵێك لەمەوبەر هاوسەرگیری كردووە، وتی "یەكێك لەتایبەتمەندی‌و شتە جیاوازەكانی گوندەكەی ئێمە ئەوەیە هیج جۆرە زەماوەندێك ئەنجام نادرێت".

هەروەها بۆ (ژبان) باسی لەوەكرد، لەكۆندا ئەگەر كەسێك كۆچی دوایی بكردایە، یان كەسێك توشی نەخوشییەك ببوایە، ئەوا لەو حاڵەتەدا هەركەسێك نیازی ژنهێنانی هەبوایە، بەبێ دەنگی بووكەكەی دەگواستەوە، ئەمەش‌ بووەتە نەریت‌و هەتا ئێستاش بەردەوامە، هۆكارێكی دیكەش ئەوەیە خەڵكی گوندەكە حەزیان لە زەماوەند نییە، بەتایبەت تێكەڵاوی ژن‌و مێرد پێكەوە بەشتێكی عەیب‌و نامۆ دایدەنێن.

رۆژی هاوسەرگیرییەكەی عەبدولناسر هیچ زەماوەندێك ئەنجامنەدرا، تەنها خواردنیان پێشكەشی خەڵكی گوندەكە كرد، "بەرای من ئەوە شتێكی باشە، چونكە ئەمە نەریتی گوندەیەكەو نابێت ئێمە نەریتی خۆمان بشكێنین، ئاغای گوندەكەش وەكو خەڵكەكە رێز لەم نەریتە دەگرێت، هەموو خەڵكەكەش‌ رێز لە یەك دەگرن كەس ئامادە نییە لە رۆژی زەماوەندەكە شایی بكات".

گوندەكە لەلایەن ئاغایەكەوە بەڕێوەدەبرێت كە زۆربەی كارەكان لەژێر دەستیدایەو بۆ هەر كارێكی پێویست خەڵكی گوندەكە دگەڕێنەوە بۆی.


هەوڵدەدەین هەموو شتەكانی ژیانی ئێمە لەگەڵ دەقەكانی ئاینی ئیسلام بگونجێن


نەریتی ئەنجامنەدانی زەماوەند لەو گوندە، پێچەوانەی نەریتی زۆربەی ناوچەكانی كوردستانە، لەهەندێك ناوچە زەماوەند گەورەترین بۆنەی كۆمەڵایەتییە كە سێ شەو سێ رۆژ بەردەوام دەبێت‌و ئاهەنگی گەورە سازدەكرێت‌و خوانیش پێشكەشی ئامادەبووان دەكرێت.
خەڵكی ئەو گوندە گوێ بەقسەی دانیشتوانی گوندەكانی دەوروبەریان نادەن، كە پێیان دەڵێن "دواكەوتوو"، جەخت لەپابەندبوون بەو نەریتە لەمێژینەیەیان دەكەنەوە.

حەسەن عەلی كە تەمەنی 50 ساڵە، بەبیری نایەت یەك رۆیش لەگوندەكەیان زەماوەندكرابێت، "خەڵكانێكی زۆر بەئێمە دەڵێن ئێوە زۆر دواكەوتوون، بەڵام قسەكانی ئەوان‌ هیچ گرنگییەكی نییەو رێز لە دابونەریتەكانی خۆمان دەگرین".

حەسەن زیاتر هۆكاری ئاینی دەگەڕێنێتەوە بۆ پابەندبوون بەو نەریتە، چونكە بەپێی ئاینی ئیسلام رێگە بەتێكەڵاوی ژن‌و مێرد نادرێت "هەوڵدەدەین هەموو شتەكانی ژیانی ئێمە لەگەڵ دەقەكانی ئاینی ئیسلام بگونجێن".


لەرۆژی هاوسەرگیری هەر كوڕو كچێكدا، لەو گوندە، لەماڵی زاوا خواردنێكی زۆر ئامادە دەكرێت‌و خەڵكی گوندەكە بانگهێشت دەكرێت، بەڵام نان خواردن بەبێدەنگی هیچ ئاهەنگێكی زەماوەند ئەنجام نادرێت.

ژن‌و پیاوەكانی ئامادەبووی خوانەكە، بەجیا نان دەخۆن، دواتریش پیاوەكان دەچن پیرۆزبایی لەزاوا دەكەن‌و ژنەكانیش دەچن پیرۆزبایی لەبوكەكە دەكەن‌و بڕە پارەیەكی پێدەدەن، وەكو دیاری بۆ رۆژی هاوسەرگیرییەكەیان.

تائێستا هیچ كوڕو كچێك نەیانتوانیوە ئەو نەریتە كۆنەی گوندەكەیان بشكێنن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو نەریتە گۆڕاوە بۆ بەشێك لەكلتوری خەڵكی گوندەكە


سامی ئیبراهیم، كە پیشەی مامۆستایەو دانیشتوی ئەو گوندەیە، باس لەوەدەكات ئەوان خاوەن نەریتێكی باشن، بەشێك لەهۆكاری ئەنجامنەدانی زەماوەند ئەوەیە، لەئاهەنگی هاوسەرگیری شوێنەكانی تر كێشە روودەدەن‌و خۆشییەكەیان بووەتە ناخوشی، بێجگە لەمەش پارەیەكی زۆر خەرجدەكرێت، هەربۆیە باشترین شت ئەوەیە كە رۆژی بووك گواستنەوە بەبێ دەنگی بكرێت.

تائێستا هیچ كوڕو كچێك نەیانتوانیوە ئەو نەریتە كۆنەی گوندەكەیان بشكێنن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو نەریتە گۆڕاوە بۆ بەشێك لەكلتوری خەڵكی گوندەكە كە بەتوندی دەستیان پێوەگرتووەو بەهەموو شێوەیەك دەستبەرداربوون لێی رەتدەكەنەوە.

سامی هەروەها بۆ (ژیان) وتیشی "هیچ رێگریەك نییە بۆئەوەی نەریتی گوندەكە بشكێنرێت، بەڵام خەڵكەكە لەسەر ئەم شێوازە راهاتووە، ئەو شێوازەی ئێمە بەكاریدەهێنین پەیوەندییە كۆمەڵاتییەكانی ئێمە بەهێز دەكات بۆیە بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری نابین‌و تائێستاش هیچ كێشەیەك رووینەداوە".