خەڵاتی باشترین فیلمەكانی (2018)ی ڕاگەیەندرا

AM:11:23:10/01/2018
کورد میدیا:
ئەمڕۆ ئاهەنگی دابەشكردنی خەڵاتەكانی گۆڵدن گڵۆبز لە هۆتێل بیڤرلی هیڵز لە شاری لۆس ئەنجلسی ئەمریكا بە ئامادەبوونی گەورە ئەكتەر و ئەستێرەكانی سینەمای جیهانی بەڕێوەچوو.

گۆڵدن گڵۆبز كە دووەم ناودارترین خەڵاتی سینەمای جیهانە لە دوای ئۆسكار، ئەمڕۆ لە خولی 75ی خۆیدا، خەڵاتی باشترین فیلمی درامای ئەمساڵی بە فیلمی Three Billboards Outside Ebbing, Missouri بەخشی.

هەروەها خەڵاتی باشترین فیلمی مۆسیقی و كۆمیدیشی بە فیلمی Lady Bird بەخشی.

خەڵاتی باشترین خانمە ئەكتەریش لە فیلمی درامیدا بە فرانسیس ماكدۆرمۆند بەخشرا. هەروەها خەڵاتی باشترین ئەكتەری پیاویش لە فیلمی درامیدا بە گاری ئۆڵدمان بەخشرا.

هەروەها سائۆیرۆس رۆنان وەك باشترین خانمە ئەكتەری فیلمی كۆمیدی و مۆسیقی خەڵات كرا، وەكچۆن جەیمس فرانكۆ وەك باشترین ئەكتەری پیاو بۆ فیلمی كۆمیدی و مۆسیقی خەڵات كرا.

لەلایەكی ترەوە خەڵاتی باشترین دەرهێنەری فیلم بە گالێرمۆ دیل تۆرۆ بەخشرا، كە كاری دەرهێنانی بۆ فیلمی The Shape of Water كردبوو.

هەروەها فیلمی Three Billboards Outside Ebbing, Missouri بووە خاوەنی خەڵاتی باشترین سیناریۆی فیلم لە گۆڵدن گڵۆبزی ئەمساڵ.

فیلمی Cocoی ئەنیمەیشنیش وەك باشترین فیلمی ئەنیمەیشن بۆ ئەمساڵ خەڵات كرا. خەڵاتی باشترین فیلمی بیانییش بووە بەشی فیلمی In the Fade كە فیلمێكی ئەڵمانیە.

لە زنجیرە دراما تەلەڤزیۆنیەكانیشدا، The Handmaid‌s Tale بووە خاوەنی خەڵاتی یەكەم. هەروەها فیلمی Big Little Lies بە باشترین كورتە دراما دەستنیشان كرا.