ماکیاژێک بۆ قەڵەوکردنی دەموچاو

AM:11:20:10/01/2018
کورد میدیا:
ئەو خانمانەی کە دەموچاویان لاوازە، بەدوای زۆر چارەسەریدا دەگەڕێن کە دەموچاویان لەم حاڵەتە دەربێنن، چونکە قەڵەویی دەموچاو و پڕبوونی روومەتەکان، جوانییەکی بێ وێنە بە رووخساری خانمان دەبەخشێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی شارەزایانی بواری ماکیاژ و کرێم، شێوەی ئارایشتکردن کاریگەریی هەیە لەسەر پڕ نیشاندانی دەموچاو، بۆ نموونە رەنگی ئەو کرێمە کە بۆ دەموچاوتان بەکاری دەهێنن دەبێت 2 ژمارە لە رەنگی پێستتان رۆشنتر بێت، یەکێکی تر لە نهێنییەکانی قەڵەو دەرخستنی دەموچاو، شێوازی ماکیاژی برۆکانە، واتە برۆی پان و درێژ، کە گۆشەکانی کەمێک رووی لەسەرەوەیە و کاریگەریی هەیە لەسەر قەڵەو نیشاندانی رووخساری خانمان.

هەروەها دانانی برژانگی دەستکرد لەگەڵ مەسکارە وا دەکات رووخسار جوانتر و قەڵەو دەربکەوێت، ستایلی قژی ئەو خانمانەی کە دەموچاویان لاوازە وا باشترە بڵاو و قەرەباڵغ بێت، هاوکات بۆ رازاوەکردنی لێوەکان سوود لەو سووراوانە وەربگرن کە رەنگیان زۆر رۆشنە.