جیهان: راپۆرتێك لەبارەی مووچەی مامۆستایان بڵاوكرایەوە

PM:03:47:09/01/2018
كورد میدیا:هۆزان عیرفان
رێكخراوی هاوكاری ئابوری و گەشەپێدان (OECD )راپۆرتێكی لەبارەی مووچەی مامۆستایان لە ناوچە جباجیاكانی جیهاندا بڵاوكردەوە كە بەپێی ئەو راپۆرتە مامۆستایانی وڵاتی لۆكسمبۆرگ زۆرترین مووچە وەردەگرن و مامۆستایانی وڵاـی یۆنانیش خاوەنی كەمترین مووچەن بەراورد مامۆستایانی وڵاتانی دیكەی جیهان.

لەراپۆرتەكەی رێكخراوی هاوكاری ئابوری و گەشەپێداندا  (OECD )ئاشكراكراوە" كە وڵاتی لۆكسمبۆرگ لە پلەی یەكەمی ریزبەندی ئەو وڵاتانەدایە كە مامۆستایان تێیدا زۆرترین مووچەیان هەیە بەو پێیەی مووچەی ساڵانەی هەر مامۆستایەك 73 هەزار دۆلارە و لەكاتی خانەنشینن بوونیشدا مووچەیان دەگاتە 131 هەزار دۆلار".

وڵاتی ئێرلەنداش لە پلەی دووەمی ئەو وڵاتانەدایە كە زۆرترین مووچە بۆ مامۆستا تەرخان دەكرێـت و ژمارەەكان جیاوازییەكی ئەوتۆیان لەگەڵ لۆكسمبۆرگدا نییە ،   لە پلەی سێیەمیشدا كۆریای باشور دێت كە مامۆستا لەسەرەتای دەست بەكاربونیدا ساڵانە مووچەكەی دەگاتە 22 هەزار دۆلار و لە نیوەی خزمەتی كاركردنیشیدا ساڵانە مووچەكەی 34 هەزار دۆلارەو  لە كاتی خانەنشین بوونیشیاندا مووچەی ساڵانەی مامۆستایانی كۆریای باشور دەگاتە 62 هەزار دۆلار.

وڵاتی ئەڵمانیاش لە ریزبەندی چوارەمی ئەو وڵاتانەدایە كە مامۆستایان تێیدا مووچەیەكی زۆریان هەیە كە بەپێی داتاكان مامۆستایانی ئەڵمانیا لەسەرەتای دەست بەكاربونیاندا ساڵانە مووچەكەیان 46 هەزار دۆلارە و لەكاتی خانەنشینبوونیشیاندا مووچەكەیان لە ساڵێكدا دەگاتە 60 هەزار دۆلار. 

دواتریش مامۆستایانی ئەمریكا لە پلەی شەشەمی ریزبەندییەكەدان كە مووچەكەیان لە سەرەتاوە ساڵانە  37 هەزار دۆلارە و لە كاتی خانەنشینبونیشیاندا دەگاتە 60 هەزار دۆلار.

هەر لەو راپۆرتەدا ناوی ئەو وڵاتانەش دیاریكراوە كە تێیاندا مامۆستایان كەمترین مووچە وەردەگرن ، بەپێی ریزبەندیەكەش وڵاتی یۆنان لە پلەی یەكەمی ریزبەندیەكەدایە كە مامۆستایان لەكاتی خانەنشین بووندا ساڵانە مووچەكەیان دەگاتە 37 هەزار دۆلار و دواتریش هەرەیەك لە وڵاتانی چیللی و مەكسیك و توركیا و ئەستۆنیا و چیك و سلۆڤاكانیا و پۆلەندا و هەنگاریا و كۆلۆمبیا دیاریكراون كە لە هەریەك لەو وڵاتانەدا مامۆستایان مووچەیەكی كەم وەردەگرن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاستی خوێندەواری لەو وڵاتەندا لە ئاستێكی بەرزدایە.