ئەمەریكا 75 ملیۆن دۆلار بۆ عێراق تەرخان دەكات

PM:01:06:09/01/2018
كورد میدیا:
باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی بۆ سەقامگیری عێراق پلانی هەیە بڕیی 75 ملیۆن دۆلاری دیكە بۆ عێراق دابین بكات.

دۆگلاس سیلیمن، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق لەڕێگەی ڕاگەیەنراوێمەوە ئەمڕۆ سێشەممە ئەوەی خستەڕوو، حكومەتی ئەمریكا پلانی هەیە 75 ملیۆن دۆلاری دیكە بۆ سەقامگیركردنی ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكانی عێراق تەرخانبكات، بەوەش كۆی هاوكارییە داراییەكانی ئەمریكا بۆ عێراق لە ساڵی 2018دا دەگاتە 150 ملیۆن دۆلار".

سلیمن لەڕاگەیەنراوەكەیدا ئاماژەی بەوەش داوە، پابەندبوونی ئەمریكا بە هاووڵاتیانی عێراقیەوە لەگەڵ نەمانی داعشدا كۆتایی نەهاتووە.

ڕاگەیەنراوەكە دەڵێت"لە ئێستادا هاووڵاتیانی ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكان لە ئاساییكردنەوەی دۆخی ژیان و گوزەران و گەڕانەوە بۆ كلتورەكانیان تووشی گرفت دەبنەوە".

هەڕ لەڕاگەیەنراوەكەدا باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق رونیكردۆتەوە، پرۆگرامی گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ عێراق بە پشتبەستن بەو هاوكارییە دارایەی ئەمریكا بەردەوامدەبێت.

دەڵێت"ئەوەش بە گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان و گەیاندنی هاوكارییەكان بۆ چاككردنەوەی سیستەمی ئاو و كارەبا و تەندروستی و پەروەردە".

سەبارەت بەشێوازی ئەو هاوكاریە لەلایەن ئەمەریكاوە بۆعێراق، ئاماژە بەوە كراوە كە بەشێك لە هاوكاریەكان، بە مەبەستی بوژاندنەوەی ئابووری ناوخۆ، بۆ بازرگانییە بچوكەكان تەرخاندەكرێت، هاوكات بەشێكی دیكەشی بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی ئەو كەمەنەتەوە و پەیڕەوانی ئاینانە تەرخاندەكرێت، كە بوونەتە قوربانی دەستی داعش.