چوار هه‌زار خۆپیشاندەر لە ئێران ده‌ستگیركراون

PM:12:52:09/01/2018
کورد میدیا:
پەرلەمانتارێکی ئێران ئاشکرایدەکات، تا ئێستا بەهۆی خۆپیساندانەکانی ئەمچەندرۆژەی دوایی ئێرانەوە نزیكه‌ی چوار هه‌زار كه‌س ده‌ستگیر كراون.

مه‌حمود سادقی نوێنه‌ری خه‌ڵكی تاران له‌ په‌رله‌مانی ئێران بە ماڵپەڕی خانه‌ی میلله‌ت-ی راگەیاندووە،" پۆلیس و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا، سێ هه‌زار و 700 خۆپیشانده‌ریان له‌سه‌رتاسه‌ری ئێران ده‌ستگیرکردووە".

وتیشی، "تائێستا ئاماری خوێندكارانی ده‌ستگیركراو ڕانه‌گه‌یه‌نراوه‌ و كه‌سیش نازانێت كه‌ چه‌ند خوێندكار ده‌ستگیر كراون و كێ ده‌ستگیری كردوون".

ماوەی زیاتر لە 10 رۆژە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی چه‌ندین شاری ئێرانی گرتۆته‌وه‌ و تا ئێستاش له‌ هه‌ندێك له‌شاره‌كان خۆپیشاندان به‌رده‌وامه‌.