ترەمپ بەنیازە 200 هەزار هاوڵاتی دەربكات

PM:12:14:09/01/2018
كورد میدیا:
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردۆتەوە، ئیدارەی نوێی ئەمەریكا بەنیازە تا ئەیلولی ساڵی 2019 مافی مانەوەی كاتی لە 200 هەزار هاوڵاتی وڵاتی سیلڤادۆر وەربگرێتەوە.

بەپێى هەواڵی ئاژانسەكە، ئەو هاوڵاتیانەی سیلڤادۆر لە ساڵی 2001-وە لەكاتی روودانی 2 بوومەلەرزەی وێرانكەر لە وڵاتەكەیان كە بەهۆیەوە دەیان هەزار كەس بێحاڵ و ماڵ بوون و روویان لە ئەمریكا كردووە و بەپێی یاسای مانەوەی كاتی لە ئەمریكا ماونەتەوە، ئەمەش مۆڵەتی 18 مانگ دەدات بە هاوڵاتیانی سیلڤادۆر كە بە رەسمی داوای مافی مانەوە بكەن یان ئەو وڵاتە جێبهێڵن هاوكات ئەو ماوەیە مۆڵەتێكیش دەبێت بۆ وڵاتی سیلڤادۆر بۆ ئامادەكاری وەرگرتنەوەی هاوڵاتییەكانی.

ئەو بڕیارەی ئەمەریكا دەچێتە چوارچێوەی هەوڵەكانی ئیداری (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆكی ئەمەریكا، بۆ رێگریكردن و نەهێشتی پەنابەری نایاسایی.

هاوكات پێشبینیش دەكرێت گۆڕانكاری لە یاسای پارێزگاری كاتی بكرێت و بەو هۆیەوە 250 هەزار هاوڵاتی دانیشتووی ئەمریكا رەوانەی وڵاتەكانیان بكرێنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێدەچێت ئەو بڕیارەش هاوڵاتیانی هایتی و نیكارارگوا و هیندۆراس بگرێتەوە.