ئەمریکا 150 ملیۆن دۆلار پێشکەشی عیراق دەکات

AM:10:58:09/01/2018
کورد میدیا:
باڵیۆزی ئەمریكا لەعیراق ئاشکرایدەکات، کە وڵاتەکەی بڕی 150 ملیۆن دۆلار هاوكاری پێشكەشی عیراق دەكات بەمەبەستی بنیاتنانەوەی ناوچە زیانلێکەوتوەکانی شەڕی داعش.

دۆگلاس سیسلیمان باڵیۆزی ئەمریكا لەعیراق رایگەیاند،" لە دوای كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی عیراق لەتیرۆرستانی داعش و بەمەبەستی سەقامگێری ناوچەکە، حکومەتی ئەمریکا بڕی 75 ملیۆن دۆلار پێشكەش بە حكومەتی عیراق دەكات".

وتیشی،" لەساڵی 2018 حكومەتی ئەمریكا بڕی 150 ملیۆن دۆلار هاوكاری پێشكەشی عیراق دەكات، كە سەرجەمیان بۆ جێگریكردنی سەقامگیرییە لەعیراق، پێشرتریش لەساڵی 2015ەوە بڕی ئەو هاوكارییەی ئەمریكا پێشكەشی عیراقی كردوە گەیشتۆتە 265 ملیۆن و 300 هەزار دۆلار.  

باڵیۆزی ئەمریكا لەعیراق جەختی لەوەشکردەوە، کە پابەندبوونی وڵاتەكەی بۆ گەلی عیراق بە كۆتاییهاتنی داعش كۆتایی نایەت، هۆکارەکەشی بۆ بونیاتنانی ناوچە ئازادكراوەكان گەڕاندەوە کە پێویستیان بە بونیادنانەوەو گەڕانەوەی ژیان و كلتورو رۆشنبیری هەیە".