ژنانی رۆژئاوا ئایندەی سینەمایەكی مەزن

PM:01:59:08/01/2018
کورد میدیا: زانا حەمە غەریب
لەگەڵ ئەوەی شەرو وێرانكاری هەتا ئێستاش لەهەندێك ناوچەی رۆژئاوای كوردستان ماوەو تائێستاش شوێنەوارەكانی شەر ماونەتەوەو بەشێكی زۆری دانیشتوانی شارەكانی رۆژئاوا نەگەراونەتەوەو ئاوارەی ووڵاتانی دراوسێن.

ژنان وەك بەشێكی دانەبراو لەفیلم و سینەما

لەرۆژئاوا لەگەڵ ئەوەی ژنان بەشێكی گرنگ بوون لەپێكهاتەی سەربازی و چەكداری بۆ رووبەرووبونەوەی تیرۆرو شەری داعش هەرواش بەشێكی گرنگن لەپێكهاتەی ئیداری و كاری رێكخراوەی و هەوڵیشیانداوە لەرێگەی هونەری سینەماوە كار لەسەر ژنی كوردبكەن و ژنانی خەباتگێری كورد بناسێنن بەنەوەی نوێ‌ و لەداوی تەواوبوونی فیلمە دۆكیۆمینتارییەكەی خانمە دەرهێنەری كورد دەرسیم زیریفان ( سارا ژیان هەمووی تێكۆشان بوو ) بەئامادەبوونی هونەرمەندان و بەشێكی زۆر لەژنان و كچانی شارەكانی رۆژئاوای كوردستان فیلمەكە نمایشی تایبەتی بۆكرا ، فیلمەكەباس لەخەبات و تێكۆشان و ژیانی ساكینە چانسز دەكات و  ئەلیف كولجەن لەبارەی نمایشی فیلمەكەی لەرۆژئاوای كوردستان دەڵێت  " نمایشكردنی فیلمەكە بۆ هەموو كوردستان پێویستەو بەتایبەتیش لەئێستادا بۆ ژنانی رۆژئاوا پێویستیەكی گرنگ بوو هەتاوەكو ژنان بزانن ئەوەی دەیكەین هیچ نیە لەچاو ئەو خەباتەی شەهید ساكینە و هەڤاڵەكانی كردوویانە لەپێناو بەدەسهێنانی مافی نەتەوەیی وەپێویستە كەژنانی كورد بەردەوام هەوڵ بدەن و تێكۆشان و بەرخۆدان بكەن لەپێناوی بەدەستهێنانی ماف و ئازادی و یەكسانی، وەپێویستە زیاتر لەرێگەی فیلمەوە ژنان هۆشیار بكرێنەوە.


بەئامادەبوونی هونەرمەندان و بەشێكی زۆر لەژنان و كچانی شارەكانی رۆژئاوای كوردستان فیلمەكە نمایشی تایبەتی بۆكرا ، فیلمەكەباس لەخەبات و تێكۆشان و ژیانی ساكینە چانسز دەكات.


بەرهەمهێنانی فیلم

لەرۆژئاوا بەتەنیا نمایشی فیلم و هۆكارێك نابێت بۆ ئەوەی ژنانی لەرێگەوە هۆشیاربكرێتەوە بەڵكو راكێشانی خوودی ژنان بۆ ناو كارەكە رێگایەكی ترە بۆ ئەوەی خۆیان لەرێگەی بەشداری كردنی راستەوخۆ باس لەئازارو نەهامەتیەكانیان بكەن وەك ژنێك، لەئێستاشدا قوتابیانی بەشی سینەما لەئەكادیمیای هونەر لەرۆژئاوا سەرقاڵی بەرهەمهێنانی پرۆژەكانی خۆیانن وەك فیلم و چەند كچێكی كوردیش فیلمی خۆیان بەرهەم دەهێنن و لەماوەكانی رابردووشدا فیلمی رادیۆی كۆبانی بەچیرۆكە جوان و سەرنج راكێشەكەی كەباس لەبەرەنگاربونەوەی ژنانی كورد دەكات لەكۆبانی لەبەرانبەر تیرۆریستانی داعش توانی ببێتە براوەی خەڵاتی باشترین فێستیڤاڵی دۆكیۆمێنتەری لەجیهان كەئەویش فێستیڤاڵی ئیدفا بوو، هەروەها بەرهەمهێنانی فیلمی ( رۆزا ووڵاتی دوو رووبار ) كەدیسانەوە باس لەبەرخۆدان و شەری رۆژئاواو جوامێری ژنانی كورد دەكات و چەند فیلمێكی تری كورت و دۆكیۆمێنتەری.

لەماوەكانی رابردووشدا فیلمی رادیۆی كۆبانی بەچیرۆكە جوان و سەرنج راكێشەكەی كەباس لەبەرەنگاربونەوەی ژنانی كورد دەكات توانی ببێتە براوەی خەڵاتی باشترین فێستیڤاڵی دۆكیۆمێنتەری لەجیهان.


رۆڵی كچان و ژنان لەبواری فیلمسازی

سەبارەت بەوەی بۆچی لەرۆژئاوا گرنگی بەرۆڵی كچان و ژنان دەدرێت لەبواری سینەما وەك هەموو كایەكانی تر لەوێ‌ نادیە دەروێش كەیەكێك لەو كچانەی لەدوای ئارام بوونەوەی بارودۆخی رۆژئاوا بەگشتی دەستی بەكاركردن لەبواری فیلمسازی كردووە وەك دەنگ هەڵگر كاردەكات ووتی " بەدڵنیایی لەئێستادا بەشێكی زۆری پیاوانی رۆژئاوا بەشەری پاراستن لەخاك و نیشتیمان و رووبەرووبونەوەتی تیرۆریستانەوە خەریكن و بەشێكیشیان بەپەیداكردنی بژێوی ژیان و بنیاتنانەوەی شارەكان هەربۆیەش لەم نێوەندەدا بەشێكی گرنگی تر هەیە ئەویش نووسینەوەو تۆماری مێژووەو ژنانیش دەتوانن ئەم رۆڵە بگێڕن و وائێستاش دەستمان پێكردووەو ئەمانەوێت تۆماری چیرۆكەكانی رابردوو ئێستا بكەین و هەتا لەئایندەدا نەوەكان بیبیننەوەو لێیان بێ‌ ئاگا نەبن ئەمە جگە لەوەی تۆدەتوانی بەهۆی دروستكردنی فیلمێكەوە زۆرترین هۆشیاری بگەیەنیت بەتاكەكانی كۆمەڵگا بەگشتی و ژنان بەتایبەتی و بەو هیوایەی بتوانین ئەوەی مەبەستمانە بەدەستی بهێنین".


بەدڵنیایی لەئێستادا بەشێكی زۆری پیاوانی رۆژئاوا بەشەری پاراستن لەخاك و نیشتیمان و رووبەرووبونەوەتی تیرۆریستانەوە خەریكن.


ئەنتۆنیا ژنێكی بەرەگەز ئەڵمانیەو لەماوەی چەند مانگی رابردوو سەردانی شارەكانی كۆبانی و سەرێكانی و دەربێسیای كردووەو ماوەتەوەو سەرقاڵی كاری فیلمسازییەو وەك وێنەگرو دەرهێنەر كاردەكات ئەو لەبارەی رۆڵی ژنانی رۆژئاوا لەبواری سینەما ووتی " بەراستی سەرسامم بەتواناو لێهاتووی كچانی ئێرە زۆر چالاكانە كارەكان رادەپەرێنن و ئەوەی پێیان دەوترێت بەئاسانی وەریدەگرن و وەك خۆی جێ‌ بەجێی دەكەن و خۆشەویستیەكی تەواویان بۆ سینەما هەیەو ئەو ژنانەشی بەتەمەنن كاتێك باسی فیلمیان لادەكەیت زۆر بەزوویی باسی كارەساتی سینەما عامودا دەكەن كەرەنگە ئەوەش هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی سینەما كاریگەری لەسەر ئێرە بەجێهێشتووە، بەگشتی من باوەرم وایە ئایندەی سینەمایەكی گەروە لەسەر دەستی ژنانی رۆژئاوا دەبێت".