بزوتنەوەی ئیسلامیش دەچێتە ناو بەرەكەی گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانییەوە

AM:11:59:08/01/2018
ژیان: هەولێر
هەریەك لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دادپەروەری‌و دیموكراسی‌و بزوتنەوەی ئیسلامی، لەهەوڵی دروستكردنی بەرەیەكی نیشتیمانین، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەكی ناوخۆیان پێكهێناوە، بەمەبەستی ئامادەكردنی میكانیزمێك بۆ دروستكردنی هاوپەیمانیەتێكی نوێی سیاسی لەهەرێم.

بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەی (ژیان)، هەوڵەكان بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی لەنێوان چەند لایەنێكی سیاسی هەرێمی كوردستان لەكۆتایی نزیكبۆتەوەو ئەگەری هەیە لەداهاتوویەكی نزیك سەركردەی ئەو چوار هێزە لەو بارەیەوە كۆببنەوەو پێشبینیش دەكرێت ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بانگهێشتی كۆبوونەوەكە بكرێت.

لە دوو مانگی ڕابردوو چەند دانیشتێك لەنێوان ئەو لایەنە سیاسیانە ئەنجامدراوەو سەرجەم ئەو هێزانە كۆكن لەسەرئەوەی لە دوای كۆبوونەوەی سەركردەی هەموو لایەنەكان، لیژنەیەكی هاوبەش دروست بكرێت، لەسەر نوسینەوەی رێككەوتنێك‌و داڕشتنی پەیڕەوێكی ناوخۆ، لەچوارچێوەی هەوڵەكانیشیان لیژنەیەكی ناوخۆییان پێكهێناوە.

رێبوار كەریم، وتەبێژی هاوپەیمانی بۆ دیموكراستی‌و دادپەروەری بە(ژیان)ی وت" قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دادپەروەری‌و دیموكراسی هەنگاوی گرنگی لەو بارەیەوە ناوە، لەگەڵ چەند لایەن‌و كەسایەتییەكی تری سیاسی، دەستپێشخەری كراوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ بكرێت بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی سیاسی فراوان".

بەوتەی ناوبراو"بەدەمەوەهاتن لەچەند لایەنێك هەبووەو بڕیارە چەند كۆبوونەوەیەك لەو بارەیەوە ئەنجام بدرێت".



(ژیان) زانیویەتی ئامانج لەدروستكردنی ئەو بەرەیە، دروستكردنی  فشاری سیاسیی دەبێت بۆ ئەوەی ئەگەر لەماوەیەكی نزیكدا هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت ئەو حكومەتە هەڵبوەشێتەوەو حكومەتێكی كاتی دروستبكرێت تا ماوەی درێژكراوەی پەرلەمان كۆتایی دێت، هەنگاوی یەكەم لەرێی گفتوگۆوە لەگەڵ سەركردایەتیی یەكێتی‌و پارتیی‌و هەنگاوەكانی دواتر لەرێی میدیاو شەقامەوە.

یەكێكی تر لەئامانجەكانی بەرەی نیشتیمانی تێپەڕاندنی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان‌و ئامادەكارییە بۆ قۆناغی هەڵبژاردنەكان‌و دوای هەڵبژاردنەكان، مەبەستێكی تریش دانوستاندنە لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی تری هەرێم بەمەبەستی بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان لەدوای ڕاگەیاندنی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن.

لەكۆتایی مانگی ڕابردوو، بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دادپەروەری‌و دیموكراسی، نامەیەكی بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ناردووە، داوایان لێدەكات بەیەكەوە لەگەڵ چەند لایەنێكی تری سیاسی بەرەیەكی نیشتیمانی پێكبهێنن.

هەرچەندە باس لەوە دەكرێت ناوەڕۆكی نامەكەی بەرهەم ساڵح، بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان، تایبەتە بەمەرجەكانی ناوبراو، بۆ دووبارە گەڕانەوەی بۆ نێو یەكێتی، بەڵام سەروەر عەبدولڕحمان، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ  دادپەروەری‌و دیموكراسی، ڕەتیدەكاتەوە و بۆ (ژیان) ئاماژە بەوە دەكات "نامەكەی بەرهەم ساڵح، پەیوەندی بەپێكهێنانی بەرەیەكی هاوبەشی كاركردن بووە، نەك گەڕانەوەی بۆ نێو یەكێتی".

بەپێی زانیارییەكانی (ژیان)، هەریەك لەقەوارەی هاوپەیمانی بۆ دادپەروەری‌و دیموكراسی‌و كۆمەڵی ئیسلامی لەمەسەلەی دروستكردنی هاوپەیمانیەتییەكی نوێ خۆیان یەكلاكردۆتەوە، لەبەرامبەردا زۆرینەی هەرە زۆری بزوتنەوەی گۆڕانیش پێیانباشە بچنە ناو هاوپەیمانیەتەكە، بەڵام بەشێكی كەم لەسەركردەكانی ئەو حزبە تەحەفوزیان هەیەو هێشتا دوو دڵن لەچوونە ناو بەرەیەكی لەو شێوەیە، پێیانوایە هێشتا بەرچاویان ڕوون نییە.

سەلیم كۆیی، لێپرسراوی پەیوەندییەكانی كۆمەڵی ئیسلامی لەو بارەیەوە بۆ (ژیان) روونیكردەوە "هەوڵەكانی چەند لایەنێكی سیاسی‌و چەند كەسایەتێك خراوەتەگەڕ بۆ دروستكردنی گەورەترین هاوپەیمانێتی بەجۆرێك ئەگەری بردنەوەی هەڵبژاردنەكان مسۆگەر بێت".

ئەوەشی خستەڕوو "پێویستە گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و قەوارەی هاوپەیمانی‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و ئەوانەی دەیانەوێت بێنە ناو ئەو هاوپەیمانیەتە رێكبكەون لەسەر ئەجێندایەكی سیاسی ڕوون‌و بۆ ئەوەی ئەو بەرەیە فراوانتر بكرێت، دەشكرێت هەر هێزێكی تری دەرەوەی دەسەڵات بێنە ناو هاوپەیمانیەتەكە".

هەرچی یەكگرتووی ئیسلامیە بەبیانووی ئەوەی چاوەڕێی وەڵامدانەوەی داواكارییەكانیان دەكەن لەلایەن حكومەتەوە، بۆیە جارێ نایانەوێت بچنە ناو بەرەكەوە، هەرچەند بەشێك لەئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەڤەری سلێمانی بەباشی دەزانن.

لە بارەی هاتنە ‌پێشەوەی گۆڕان، شۆڕش حاجی وتەبێژی بزوتنەوەكە، پێیوایە دروستكردنی هەر بەرەیەكی سیاسی پتەو لەبەرژوەندی چاكتركردنی بارودۆخەكەیە‌و گۆڕان بە باشی دەزانێت‌و ئامادەیی هەیە بچێتە ناوی.

دەشڵێت"جارێ بیرۆكەی دروستكردنی بەرەكە لەسەرەتادایە، دواتر رووندەبێتەوە بەرە هاوبەشەكە كێ دروستی دەكات‌و چۆن دروستدەبێت؟".

بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان، كە خاوەنی یەك كورسی پەرلەمانیە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوو بە فەرمی داوایان لەگۆڕان‌و كۆمەڵ كردووە، بچنە ناو هاوپەیمانیەتە نوێیەكە، وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت "تائێستا بەفەرمی بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی وەڵامی پڕۆژی حزبەكەیان بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی هاوبەش نەداوەتەوە".

كامیل مەحمود، بە (ژیان)ی وت" لەگەڵ  گۆڕان‌و كۆمەڵ تاوتوێی پێكهێنانی بەرەیەكی هاوبەش‌و یەك بڕیاری سیاسیان كردووە لەسەر بارودۆخی سیاسی‌و رووداوەكان، بەڵام تائێستا بەفەرمی وەڵام نەدراونەتەوە".

وتیشی"بزوتنەوە ئامادەیی بەرەی هاوبەشە بۆ بەیەك لیست دابەزین لەهەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێم لەگەڵ گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و قەوارەی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری، بەمەبەستی ئەنجامدانی گۆڕانكارییەكی ریشەیی".

هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی بەرەیەك، لەكاتێكدایە هەفتەی رابردودا هەریەكە لەنوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و هاوپەیمانی بۆ دادپەروەری‌و دیموكراسی سەردانی بەغدادیان كرد‌و لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان عێراقیەكان كۆبونەوە.