پارتی دوو سیناریۆ بۆ لابردنی عەبادی ئامادەدەكات

AM:11:54:08/01/2018
ژیان: هەولێر
لەئەگەری رێكنەكەوتن لەگەڵ حەیدەر عەبادی‌و هەڵنەگرتنی "گەمارۆكان"ی حكومەتی عێراقی لەسەر هەرێم، پارتی دیموكراتی كوردستان، بەنیازە لەرێگەی سەرۆككۆمارو هەندێ فراكسیۆنی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، داوای سەندنەوەی متمانە لەسەرۆك وەزیرانی عێراق، بكات.

لەدوای سڕكردنی بڕیاری ریفراندۆم لە 25ی تشرینی دووەم، لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان لەرێگەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیی‌و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەندین جار هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی داوە لەگەڵ حەیدەر عەبادی‌و حزبی دەعوەی عێراقی، بەڵام هەوڵەكان هیچی لێ‌ سەوز نەبوون.



بەپێی زانیارییەكانی (ژیان)، پارتی دیموكراتی كوردستان‌و فڕاكسیۆنەكەیان لەبەغداد، چاوەڕێی كۆبوونەوەكانی ئەم هەفتەیەی هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق‌و دەستپێشخەریەكەی فوئاد مەعسوم، سەرۆككۆماری عێراق دەكەن‌و لەئەگەری نەهاتنە ژێرباری سەرۆك وەزیران، پەنادەبەن بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە عەبادی.

چەندین جار هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی داوە لەگەڵ حەیدەر عەبادی‌و حزبی دەعوەی عێراقی، بەڵام هەوڵەكان هیچی لێ‌ سەوز نەبوون‌.


(ژیان) زانیویەتی، پارتی سیناریۆی یەكەمی بۆ لێسەندنەوەی متمانە لەحەیدەر عەبادی، لەرێگەی سەرۆككۆمارەوە دەبێت، چونكە بەپێی دەستووری عێراقی، سەرۆككۆمار، دەتوانێت نامەی لێسەندنەوەی متمانە ئاڕاستەی پەرلەمان بكات، لەئەگەری رەتكردنەوەی داواكەشیان لەلایەن یەكێتی‌و فواد مەعسومەوە، پارتی پەنا بۆ سیناریۆی دووەم دەبات.
 
رۆژی سێشەمەی رابردوو، 2ی كانونی دووەم چەند پەرلەمانتارێكی كورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كە لەپەرلەمانتارانی پارتی‌و یەكگرتوو پێكهاتبوون، داوایان لەفوئاد مەعسوم كرد، دەسەڵاتەكانی دژی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران بەكاربهێنێت.



ئەو پەرلەمانتارانە، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان ئەنجامداو رایانگەیاند "حەیدەر عەبادی چەندین مادەو بەندی دەستووری عێراقی پێشیلكردووە، بۆیە سەرۆككۆمار وەك پارێزەری دەستوور دەتوانێت رێگری لێ بكات‌و دژی بوەستێتەوە".

هەروەها جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە "ئەگەر فوئاد مەعسوم دەسەڵاتەكانی بەكاربهێنێت‌ دەتوانێت كۆتایی بەو رێكارانە بهێنێت، كە حەیدەر عەبادی پێچەوانەی دەستووری عێراق دژی هەرێمی كوردستان گرتوویەتیە بەر".

سەرۆككۆماری عێراقیش، رۆژی چوارشەممە 3ی كانونی دووەم، لەبارەی سەرپێچییە دەستووریی‌و یاساییەكان لەپڕۆژە یاسای بودجەی 2018دا، لەیەكەم هەنگاودا نووسراوێكی فەرمی ئاڕاستەی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووەو داوای هەمواركردنەوەی پڕۆژە یاساكە دەكات.


حەیدەر عەبادی چەندین مادەو بەندی دەستووری عێراقی پێشیلكردووە، بۆیە سەرۆككۆمار وەك پارێزەری دەستوور دەتوانێت رێگری لێ بكات‌و دژی بوەستێتەوە‌.


لەنووسراوەكەدا فوئاد مەعسووم، سەرۆككۆمار، داوای لەحەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە، پڕۆژە یاسای بودجەی 2018 هەموار بكاتەوەو ئەو سەرپێچییە دەستووریانە لابدات.

فەرهاد عەلائەدین، راوێژكاری سەرۆككۆماری عێراق بە (ژیان)ی ڕاگەیاند "سەرۆككۆمار وەكو پارێزەری دەستوور لەهەر شوێنێك پێشێلكاری دەستووری هەبووبێت، لایەنی پەیوەندیدار ئاگاداردەكاتەوە، لەماوەی رابردووش بە ئەركی دەستووری خۆی هەستاوە".

لەبارەی داواكردنی لێسەندنەوەی متمانە لەسەرۆك وەزیرانی عێراق، ناوبراو، ئاماژەی بەوەكرد "لەئێستادا سەرۆككۆمار دەستپێشخەری خستۆتەڕوو، بۆ هەردوولایەنی بەغدادو هەرێم چاوەڕاواندەكرێت لەم هەفتەیەدا كۆبوونەوەكان دەستپێ بكەن، بۆیە جارێ بەدوور دەزانرێت بژاردەی لێسەندنەوەی متمانە بێتە ئاراوە".



سیناریۆی دووەمی پارتی، بۆ لێسەندنەوەی متمانە لەحەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەلایەن پارتیەوە، بریتیە لەكۆكردنەوەی واژووی 1 لەسەر 5ی ئەندامانی پەرلەمان، ئەمەش بەهاوكاری چەند فراكسیۆنێكی تری نەیاری عەبادی.

لەو بارەیەوە سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند "بەرلەوەی هەر هەنگاوێك لەو بارەیەوە بگیرێتە بەر، پێویستە چاوەڕێی دانوستاندنەكانی داهاتوومان بكەین لەگەڵ حكومەتی بەغدا".

عەرەفات كەرەم، بۆ (ژیان)ی روونكردەوە "پێویستە كاركردنی نوێنەرانی كورد، لەگەڵ ئەو حزبە عێراقیانە بێت، كە بڕوایان بەدیموكراسی‌و مەدەنییەت هەیە، تاكو بەیەكەوە كێشەكانی نێوان بەغدادو هەولێر چارسەر بكەن".

بەرلەوەی هەر هەنگاوێك لەو بارەیەوە بگیرێتە بەر، پێویستە چاوەڕێی دانوستاندنەكانی داهاتوومان بكەین لەگەڵ حكومەتی بەغدا‌.


وتیشی"ئەگەر نەگەیشتینە چارەسەرێك كە گەلی كوردستان پێی رازی بێت، چاكترین رێگەچارە كشانەوەیە لەپڕۆسەی سیاسی یاخود گرتنەبەری رێككاری دەستووری‌و پەرلەمانی لەبەرامبەر سەرۆك وەزیران، ئەمەش بە كۆبڕیار دەبێت لەلایەن هەموو حزبە كوردستانییەكانەوە تاكو ببێتە پرسی گەلێك نەك پرسی چەند حزبێكی دیاریكراو".