یەكێتی لە كەركوك ئامادەكاری بۆ خۆپیشاندان دەكات

AM:11:48:07/01/2018
ژیان: كەركوك
وەفدێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بۆ تاوتوێكردنی دۆخی كەركوك سەردانی بەغدادی كرد، بەڵام چاوی بەهیچ بەرپرسێكی حكومەتی ناوەندی نەكەوت، ئەو حزبە دەیەوێت لەڕێگەی ئەنجامدانی خۆپیشاندانەوە فشارەكانی چڕبكاتەوە.

هەفتەی رابردوو، وەفدێكی یەكێتی سەردانی بەغدای كرد بۆ یەكلاییكردنەوەی پرسی پارێزگارو بەرگرتن بەبڕیارەكانی پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەی(ژیان) سەردانی وەفدەكە هیچ ئەنجامێكی نەبووەو بەبێ دەستكەوت وەفدەكە گەڕاوەتەوە.

محەمەد عوسمان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەفراكسیۆنی یەكێتی، بە (ژیان)ی راگەیاند "هەوڵەكان بەردەوامی هەیە بۆ چارەسەركردنی دۆخی كەركوك، بەڵام كاتی پێویستە لەبەرئەوەی هەر كێشەیەك سەر بەوەزارەتێك یان بەڕێوەبەرایەتیەكەوەهەیە".

وتیشی"چارەسەركردنی دۆخی كەركوك بەشێكی زۆری پەیوەندی بەدانانی پارێزگارەوە هەیە، ئامانجی ئێمە ئەوەیە ئەنجومەنی پارێزگا پارێزگارێك بۆ شارەكە هەڵبژێرێت، ئەگەر ئەوە نەكرا ئەنجومەنی وەزیران پارێزگارێكی كورد دابمەزرێنێت".

بهەوڵەكان بەردەوامی هەیە بۆ چارەسەركردنی دۆخی كەركوك، بەڵام كاتی پێویستە.


لەماوەی ڕابردوودا بەبڕیاری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، چەندین خێزانی عەرەب گەڕانەوە ئەو ناوچە كوردیانەی كە پێشتر قەرەبووی مادەی 140یان وەرگرتبوو، ژمارەیەك بەرپرسی كوردیش لەفەرمانگەكان لادران‌و خەڵكی عەرەب لەجێگەیان دانرا، ئەمەش ناڕەزایی لایەنە كوردییەكانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە (ژیان)ی وت "بارودۆخی كەركوك وەكوخۆی ماوەتەوەو هەوڵەكان بۆ ئاسایی كردنەوەی بێ ئەنجام بوون".

وتیشی "ئەنجومەنی پارێزگا تائێستا بەهۆی ئامادەنەبوونی ئەندامانی پارتیەوە كۆنەبوەتەوە، بۆیە ڕێگە چارەكان لەبەردەمماندا تەنها پەنابردنە بۆ ڕێكارە یاساییەكان‌و تۆماركردنی سكاڵا لەدادگای فیدراڵی یان گرتنەبەری ڕێكاری مەدەنی‌و خۆپیشاندان".