پارتی ڕازی نییە ئاشتی هەورامی ببێتەوە بە وەزیری سامانە سروشتییەكان

AM:09:12:07/01/2018
ژیان: تایبەت
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزیری سامانە سروشتییەكان ڕەوانەی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كردووەو مەكتەبی سیاسی پارتیش ڕازی نییە جارێكی تر ئاشتی هەورامی ببێتەوە وەزیری سامانە سروشتییەكان.

بەپێی زانیارییەكان كە رۆژنامەی(ژیان) لەسەرچاوەیەك لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستیكەوتووە "ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە دوای 24ی تشرینی دووەم، لەلایەن نێچیرڤانی بارزانی، ڕەوانەی بەریتانیا كراوە.

بەپێی سەرچاوەكە، بۆ دوو مەبەست ئاشتی هەورامی لە بەریتانیایە، یەكەمیان؛ پاراستنی ژیانی ناوبراو، لەئەگەری هەر هەڕەشەیەكی ناوخۆیی‌و دەرەكی‌و دووەمیان؛ بەڕێكردنی كاروباری وەزارەت، لەئۆفیسی سامانە سروشتییەكان، ئەمەش دوای ئەوە بەشێك لەگەورە بەڕێوبەرو خاوەن كۆمپانیا نەوتیە بیانییەكان، ڕەتیانكردەوە بێنە هەرێمی كوردستان.

ماوەی چەند ساڵێكە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئۆفیسی سامانە سروشتییەكانی لەوڵاتی بەڕیتانیا كردۆتەوەو لەئێستادا بەشێكی زۆری ئەو كارانەی پەیوەندی بەگرێبەست‌و كۆمپانیا بیانییەكانەوە هەیە لەبەڕیتانیاوە ڕایدەكرێت.

ئاشتی هەورامی لە بەریتانیایە، یەكەمیان؛ پاراستنی ژیانی ناوبراو، لەئەگەری هەر هەڕەشەیەك و دووەمیان؛ بەڕێكردنی كاروباری وەزارەت، لەئۆفیسی سامانە سروشتییەكان.


بەڕێوەبردنی كاروباری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بەم شێوازە لەلایەن ئاشتی هەورامییەوە، تاوەكو كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت، پارتی دیموكراتی كوردستانیش ڕازی نییە جارێكی تر ناوبراو ئەو پۆستە وەربگرێتەوە. بەوتەی سەرچاوەكە"لەئەگەری باشتربوونی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا، ئەگەر پێویست بكات لەكاتی دانوستاندنەكان دەگەڕێتەوە".

بۆ بەڕێوبردنی كاروباری ناوخۆی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانیش، لیژنەیەك لەبەڕێوبەرو بەرپرسانی وەزارەت پێكهێنراوە، دوای ئەوەی سەرجەم كاروبارەكان ڕایدەكەن دەیكەنە نوسراو، لە رێگەی پۆستەوە (بەرید)، دەینێرن بۆ ئاشتی هەورامی لەبەڕیتانیا، بەمەبەستی واژۆكردنی، لە هەندێ حاڵەتدا خۆی دەگەڕێتەوەو واژۆی دەكات‌و پاشان دەگەڕێتەوە دەرەوە، تاوەكو ئێستاش دوو جار گەڕاوەتەوەو پاشان چۆتەوە.

9ی 11ی 2017 عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان لەفراكسیۆنی‌ گۆڕان، رایگەیاند "ڕۆژێك پێش داخستنی فڕۆكەخانەی هەولێرو سلێمانی، ئاشتی هەورامی كوردستانی جێهێشتووەو ئێستاش لەلەندەنە" و پاش 65 رۆژ گەڕایەوە هەرێمی كوردستان‌و بەشداری كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد.
 
شەوی هەینی 5ی كانونی دووەم، وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، لە تویتێكدالەتویتەری وەزارەتەكە بڕی هەناردەكردنی نەوتی لە 4 مانگی كۆتایی 2017ی بڵاوكردەوە، بڵاوكردنەوەی تویتیش لەدەستی ئاشتی هەورامیدایە، هیچ كەس بۆی نییە لەرێگەی تویتەری فەرمی وەزارەتەوە ئەو كارە بكات.

وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، لە تویتێكدالەتویتەری وەزارەتەكە بڕی هەناردەكردنی نەوتی لە 4 مانگی كۆتایی 2017ی بڵاوكردەوە.


عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی لیژنەی پیشەسازی‌و وزەو سەرچاوە سروشتیەكان لەپەرلەمانی كوردستان، بە (ژیان)ی راگەیاند ماوەی چوار مانگە ئاشتی هەورامی هەرێمی كوردستانی جێهیشتوەو ئەوە سەرەڕای ئەوەی لە پەرلەمان داوای كراوە، بەڵام ئامادە نەبوە بۆ بەردەم پەرلەمان.

عەلی حەمەساڵح، وتی"هیچ یاسایە رێگە بەوە نادات لەدەرەوەی كوردستان كاروباری وەزارەتی بەڕێوەببرێت‌و ئۆفیسی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لە هەولێرە".