پێشوازییەكەی هەڤاڵ ئەبوبەكر لە كۆسرەت رەسوڵ كاردانەوەی لێكەوتەوە

PM:09:20:06/01/2018
كورد میدیا:
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی لەئەڵمانیاوە گەڕایەوە شاری سلێمانی، پارێزگاری سلێمانیش یەكێك بوو لەو كەسانەی پێشوازی لێكرد، بەڵام شێوازی پێشوازیەكەی كاردانەوەی لێكەوتەوە.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەكاتی گەڕانەوەی (كۆسرەت رەسوڵ) لەئەڵمانیاوە بۆ شاری سلێمانی لەپێشوازیدا بوو، بەڵام ئەو پێشوازیەی پارێزگاری سلێمانی كاردانەوەی لەتۆڕە كۆمەلایەتیەكان لێكەوتەوە تا ئەو ئاستەی ناوبراو بێدەنگی لەبارەوە شكاند.

عەزیز رەوف، نوسەری دیاری باشوری كوردستان لەبارەی پێشوازیەكەی پارێزگاری سلێمانیەوە لەژێر ناوی (تەنها پرسیار و هیچی تر)نوسیویەتی"تۆ لە شاشەكانەوە ئەمانە بە مافیا وەسف دەكەی، لە شاشەكانەوە هێرش دەخەیتە سەریان و لە ڕێی پارلەمانتارەكانتانەوە دەڵێن 365 شوقەیان لە دەرەوەی وڵات هەیە، بەڵام لە گەڕانەوەدا بە گەرمی پێشوازییان لێ دەكەن. پێشوازی ئاساییە و كاری من نیە دژ بە هەر هەوڵێك بم بۆ پێشوازی و ئاشتەوایی سیاسی و كۆمەڵایەتی".

باسی لەوەشکردوە"بەڵام بەڕاستی من وەك نوسەرێك بەم شێوەیە پێشوازیم لە كاك كۆسرەت بكردایە دڵنیام گۆڕانخوازان وەك پیشەی هەمیشەییان هێرشی ناڕەوایان دەكردە سەرم. ئەوەی ڕەخنەم لێی هەیە ئەوە نیە تۆ چۆن سیاسەت دەكەی، ئەوەی قسەی منە ئەوەیە بەم ئاڵۆزییە سیاسەت ناكرێت، لە خوارەوە نەوەیەكی یاخی و دژ بە دەسەڵات هان دەدەیت و لەسەرەوەش خەریكی تەشریفاتیت و وەك بەرپرسان مامەڵە دەكەی، ئەم بانێكە و دوو هەوایە ئەژنۆی بزوتنەوەی گۆڕانی شكاندووە، كە هیچ نەكردنی كردۆتە كردەیەك كە بەڕاستی سەری لە خۆی و دەنگدەران و هەوادارانی شێواندووە".

هاوكات ئارام ئەحمەد، نوسەری دیاری كورد لە ئەوروپا لەپەرەگرافێكدا لەسەر ئەو پێشوازیە دەڵێت" تۆ گۆران نیت، لەڕێگای گۆرانەوە قازانجت كرد، ئەوەی لە ناو یەكیتی بۆت نەكرا لەناو گۆران كردت".

لە خوارەوە نەوەیەكی یاخی و دژ بە دەسەڵات هان دەدەیت و لەسەرەوەش خەریكی تەشریفاتیت و وەك بەرپرسان مامەڵە دەكەی، ئەم بانێكە و دوو هەوایە ئەژنۆی بزوتنەوەی گۆڕانی شكاندووە.


هەر لە درێژەی كاردانەوەكاندا، هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان لەعێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی نوسیویەتی" لەناو گۆڕان و دەرەوەی گۆڕانیشدا، كەس ناتوانێ بە درۆ بڵێ لەسەر ڕێبازەكەی نەوشیروان مستەفام چونكە كاتێك بە كردەوە پێچەوانەی فكر و ئاكاری سیاسی ئەو دەجوڵیتەوە، بە زویی فەزح ئەبێ، بۆ خۆشبەختی فكر و ئاكاری سیاسی نەوشیروان مستەفا، لای هەمو كەس ڕونە، بە كتێب بە وتار بە چاوپێكەتنی تیڤی، ئەفكارەكانی هەن، ئاكار و هەڵوێستە سیاسیەكانیشی لای نەوەی ئەم سەردەمە و جیلە كۆنەكەش زۆر ئاشكرا و دیارن، مەبەستم ئەوەیە رۆیشتن لەسەر نەهجی سیاسیی ئەو یان لادان لێی بە زویی لای خەلك روندەبێتەوە".

هۆشیار عەبدوڵا نوسیویشیەتی"ناتوانی دەستەمۆ بی و بڵێی لەسەر ڕێبازی ئەوم، چونكە ئەو خۆشی و پڕۆژە سیاسیەكەشی یاخیی بون، ناتوانی چاپلوس (ماستاوچی) بی، بڵیی لەسەر ڕێبازی ئەوم، ئەو رقی دونیای لە تەمەلوق و مامە حەمەیی بو، پرۆژە سیاسیەكەشیی دور بو لە موجامەلە و ڕوپامایی، كۆڵێك سیفەتیی تری زۆر كە ئاسان نایەنە ژمار".


ئەو رقی دونیای لە تەمەلوق و مامە حەمەیی بو، پرۆژە سیاسیەكەشیی دور بو لە موجامەلە و ڕوپامایی، كۆڵێك سیفەتیی تری زۆر كە ئاسان نایەنە ژمار.


هاوكات هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەپاش پێشوازیەكە و كاردانەوەكانی لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا، بێدەنگی شكاند و وەك وەڵامێك بۆ كاردانەوەكان لەبەرامبەر ئەو پێشوازیەی لە (كۆسرەت رەسوڵ)ی كرد، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوك نوسی" ئەگەر لە باشەی خەڵكەوە بڕوانیتە خەڵك، هەموو كەس باشن، ئەگەر لە خراپەی خۆیشتەوە بڕوانیتە خەڵك، ئەوا هەموو كەس خراپن، هەر كات چاوەكانت هەڵەو كورتیی كەسێكیان پیشاندای، دەستت بخە سەریان، پێیان بڵێ: ئەگەر تۆ بە دووچاو یەك عەیبەی خەڵك دەبینی، ئەوا خەڵكی بەچاوەكانیان هەزاران عیبەی تۆ دەبینن".