زاواكه‌ی ترەمپ مەسرور بارزانی بە هەڵەدا دەبات

AM:11:40:24/12/2017
ژیان: ده‌یلی سه‌باح
خاڵێكی تری سیاسه‌تی ئیداره‌كه‌ی تره‌مپ به‌ر هه‌رێمی كوردستان كه‌وت ئه‌وكاته‌ی كه‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رقاڵی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمبوو بۆ سه‌ربه‌خۆی، دیسانه‌وه‌ كوشنه‌ر هه‌مان ڕۆڵی بینی له‌م بابه‌ته‌شدا.

"ئه‌و ئاگره‌ی ئێستا ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گرتووه‌ته‌وه‌ نه‌ ڕێككه‌وته‌ و نه‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی مێژوو و نه‌ دووباره‌ نه‌خشه‌كێشانه‌وه‌ی سنوره‌كانه‌، به‌ڵكو سیاسه‌تی نوێی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكایه‌ كه‌ به‌ ڕێبه‌ری زاواكه‌ی جارید كوشنه‌ر به‌ڕێوه‌ده‌برێت و باشترین به‌ڵگه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ش په‌یوه‌ندیی كردنیه‌تی به‌ مه‌سرور بارزانی، كوڕی مه‌سعود بارزانی بۆ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم له‌ هه‌رێمی كوردستان و دورخستنه‌وه‌ی حه‌ریری له‌ لوبنان و په‌سه‌ندكردنی بڕیاری گۆڕینه‌وه‌ی پایته‌ختی ئیسرائیل له‌ ته‌لئه‌بیبه‌وه‌ بۆ قودس".

دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كاتێك كه‌ بڕیاری گواستنه‌وه‌ی پایته‌ختی ئیسرائیلی له‌ ته‌لئه‌بیبه‌وه‌ بۆ قودس (ئۆرشه‌لیم) په‌سه‌ند كرد زۆر به‌ ڕوونی ده‌یزانی كه‌ ئاگر له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌رده‌دات و زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكاش له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت خودی ته‌ره‌مپ و ئه‌وكه‌سانه‌شی كه‌ له‌ده‌ورین به‌تایبه‌تی جارید كۆشنه‌ری زاواو ڕاوێژكاری پێشكه‌وتوی هیچ گرنگی به‌م بابه‌ته‌ ناده‌ن ، چونكه‌ راستی بابه‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیداره‌كه‌ی تره‌مپ سه‌رقاڵی دانانی پلانێكی شێتانه‌یه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ پشت پێشبینییه‌ تاڵه‌كانی ئێمه‌شه‌وه‌یه‌ كه‌ خاوه‌نی ئه‌زمونی ژیانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستین.

بۆ شیكردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ پێویسته‌ چاوێك بخشێنیه‌وه‌ به‌ سیاسه‌تی ئیداره‌كه‌ی تره‌مدا له‌سه‌ر بنه‌مای كرداره‌كانی تره‌مپ له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه‌ و روداوه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ ببه‌ستینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تێبگه‌ین كه‌ چی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گوزه‌راوه‌ و ده‌گوزه‌رێت.

 له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه‌ وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ سه‌ردانی ناوچه‌كه‌ی كرد و وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌میش سعودییه‌ و ئیمارات و میسری له‌سه‌ر یه‌ك مێز كۆكرده‌وه‌ و بوونه‌هاوپه‌یمانی یه‌كتر و یه‌كیانگرت له‌دژی ئێران. له‌ یه‌كه‌مین كرداریشیاند ئه‌م وڵاتانه‌ هه‌وڵیاندا قه‌ته‌ر له‌به‌ینبه‌رن، چونكه‌ ئه‌م وڵاته‌ لایه‌كه‌وه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ توركیا به‌هێزبوو و یارمه‌تی له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌گه‌یانده‌ غه‌ززه‌ و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌بوو. دووه‌مین كرداری ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ش بریتبوو له‌ ئه‌نجامدانی كورده‌تا له‌ سعودییه‌ كه‌ مه‌حاڵی كرده‌ ڕاستی و تاجی پاشایه‌تی به‌خشییه‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی خسته‌ ژێرده‌ستییه‌وه‌. له‌هه‌موو ئه‌م روداوانه‌شدا كوشنه‌ر رۆڵی تایبه‌تی هه‌بوو.

خاڵێكی تری سیاسه‌تی ئیداره‌كه‌ی تره‌مپ به‌ر هه‌رێمی كوردستان كه‌وت ئه‌وكاته‌ی كه‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رقاڵی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمبوو بۆ سه‌ربه‌خۆی، دیسانه‌وه‌ كوشنه‌ر هه‌مان ڕۆڵی بینی له‌م بابه‌ته‌شدا. به‌پێی زانیارییه‌كان، كوشنه‌ر په‌یوه‌ندیی به‌ مه‌سرور بارزانی، كوڕی مه‌سعود بارزانییه‌وه‌ كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌ له‌گه‌ڵ باوكی بكات بۆ ئه‌وه‌ی ریفراندۆم ئه‌نجامبدات، چونكه‌ ئه‌و زانویه‌تی ئه‌م كاره‌ی بارزانی هاوكێشه‌ی هێز له‌ عێراقدا ده‌گۆڕێت. ئه‌وه‌شی كه‌ رویدا له‌ عێراق به‌ گشتی و له‌ كه‌ركوك به‌ تایبه‌تی شاهێدی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌ده‌ن.

له‌دوای ئه‌م گرژییانه‌وه‌ بۆ جاری سێیه‌م رووی زاواكه‌ی دۆناڵد تره‌مپ ده‌ركه‌وته‌وه‌ كاتێك كه‌ كێشه‌كانی نێوان سعودییه‌ و لوبنان په‌ره‌یانسه‌ند، ئه‌وكات كوشنه‌ر سعودییه‌ و ئیماراتی به‌ حیزبوڵا ترساند به‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌ و ده‌بێته‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ئیسرایل، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شبوو كه‌ هه‌وڵی له‌سه‌ر كارلابردنی، سه‌عد حه‌ریری، سه‌رۆك وه‌زیرانی لوبنانی دا. به‌پێی زانیارییه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كان، حه‌ریری وه‌ك په‌نابه‌رێك بووه‌ له‌ سعودییه‌. ئه‌وه‌بوو له‌ئجامی هه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌كان حه‌رری توانی بگه‌ڕێته‌وه‌ وڵاته‌كه‌ی خۆی  و درێژه‌ به‌كاره‌كه‌ی بدات، هه‌رچه‌نده‌ یه‌كه‌مین هه‌وڵی ئه‌وه‌بوو كه‌ دژایه‌تی حیزبوڵا بكات.

لێره‌وه‌ ئیتر  پێویسته‌ بیبینین كه‌ دوای هاتنه‌ سه‌رته‌ختی تره‌مپ و ئه‌و پلانانه‌ی كه‌ به‌ڕاوێژكاری زاواكه‌ی دایانده‌نێت چی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هاتووه‌؟ چونكه‌ له‌ ئێستادا زانیارییه‌ك هه‌یه‌ كه‌ باس له‌وه‌ده‌كات گروپێك له‌ خه‌ڵك به‌ ڕێبه‌ری زاواكه‌ی تره‌مپ خواستی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ هه‌نگاو زیاتر له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بنێن و یه‌كه‌مین ئامانجیشیان بۆ ده‌ستكردن به‌ كاره‌كه‌یان حكومه‌ته‌كه‌ی مه‌حمود عه‌باسه‌ له‌ غه‌ززه‌ و بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپیش  بۆ گواستنه‌وه‌ی پایته‌ختی ئیسرائیلی له‌ ته‌لئه‌بیبه‌وه‌ بۆ قودس (ئۆرشه‌لیم)  به‌شێكه‌ له‌م نه‌خشه‌یه‌.