ژمارەی ئەو منداڵانەی لەكاتی خۆیدا فێری قسەكردن نابن روو لەزیادبوونە

AM:10:52:24/12/2017
ژیان
دۆخی دوو منداڵەكەی‌و فێرنەبوونی قسەكردن‌و وشە سەرەتاییەكان تەواو، سەربەست مەحمودیان نیگەران كردووەو چەندین پزیشكی پێكردوون بۆ چارەسەر بەڵام بێ سوود بوون.

دوو منداڵەكەی سەربەست، لەكوڕو كچێك پێكهاتوون، كوڕەكەی سێ ساڵ‌و نیوەو كچەكەشی زیاتر لەدوو ساڵەو ئەو تەمەنەیان تێپەڕاندووە كە دەبوو تێیدا فێری قسەكردن بن، بەڵام هێشتا هیچ وشەیەك بەتەواوی ناچێتە سەر زمانیان، تەنانەت وشەی دایك‌و باوكیش.

سەربەست كە دانیشتووی دەربەندیخانە، هۆكاری فێرنەبوونی قسەكردن لەلای منداڵەكانی دەگێڕێتەوە بۆ بەكارهێنانی ئامرازەكانی یاریكردن‌و تێكەڵنەبونیان بەدەوروبەر.

"هەرچەندە هەوڵدەدەین فێری قسەكردنن ببن بەڵام بێسودە، چەندین جار سەردانی پزشكمان كردووەو دەڵێن منداڵەكان هیچ كێشەیەكی جەستەیی‌و دەرونیان نییە".

فێرنەبونی بەقسەكردن زۆرجار سەربەست و منداڵەكانی توشی لۆمەی دەوروبەریان كردووەتەوە. منداڵەكان جگەلەوەی فێری قسەنابن كاس بوون‌و توانای وەڵام دانەوەی پرسیاری بەرامبەریان نییە، ئەوە دایك‌و باوكی توشی نا ئارامی دەرونی كردووە.

سەربەست وتی "نازانین چۆن وایان لێبكەین قسە بكەن هەرچەندە هەوڵدەدەین ئەنجامێكی نییە، بەدەوام لە چاوەڕوانی وتنی وشەیەكی منداڵەكانمانداین، بەڵام تاوەكو گەورە تر ببن زیاتر بێئومێدمان دەكەن، هیچ سەنتەرێك یان ناوەندێكیش نییە دڵنیایمان بداتێ كە فێری وتنەوەی وشەو قسەیان بكات نازانین چیان لێبكەین".

ئەو گرفتە كە بەوتەی پزیشكان روو لەزیادبوونە، هۆكارەكەی بۆ ئالودەبوونی منداڵان بەئامێرە ئەلیكترۆنییەكان دەگەڕێنرێتەوە.

بەپێی زانستی پزیشكی، منداڵ لە دوای تەمەنی دووساڵیەوە دەبێت بكەوێتە قسەكردن بەشێوەی سەرەتایی ناوی دایەو بابە ببات‌و تاوەكو تەمەنی سێ ساڵ‌و نیو بەتەواوی قسەبكات، ئەگەر منداڵ تاوەكو تەمەنی سێ تا چوار ساڵی نەیتوانی قسە بكات ئەوا نەخۆشی ئۆتیزمی هەیە.

حەمەئەمین دارا، پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان بەپێویستی زانی، دایك‌و باوك ئاگاداری منداڵەكانیان بن بۆ فێربونی قسە، ئەگەر تاوەكو تەمەنی سێ ساڵی نەیتوانی هیچ قسەیەك بكات‌و نەخۆشی بۆ ماوەی لە خێزانەكەیاندا نەبوو دەبێت سەرەتا پشكنینی گوێی بۆ بكرێت لەبەرئەوەی تاوەكو نەبیستێت ناتوانێت وەڵامی هەبێت بۆ پرسیارەكانی دەوروبەر.

هەروەها بۆ (ژیان) ئاماژەی بەوەدا، بەشێك لە هۆكارەكانی قسەنەكردنی منداڵ كە لەهەرێم روو لەزیادبوونەو زۆر هەستی پێدەكرێت، بەكارهێنانی ئامێرەكانی یاریكردنە وەك مۆبایل‌و ئایپادو ئەوانی تر، كە مێشك‌و خەیاڵی منداڵ دەبەستێتەوە بەیەك شتەوەو ناتوانێت دەنگەكانی دەوروبەر ببیستێت.

وتیشی "منداڵێك ئەگەر یاری بەئایپادێك بكات تەنانەت ئازاریشی بدە ناگری بۆ ئەوەی یاریەكەی لەدەست نەچێت، ئەمەش وادەكات منداڵ نەك فێری قسە نابێت بەڵكو تەعامولی بەشێوەیەك لێدێت كە پێی دەوترێت كاس بوون".

بەپێی وتەی ئەو پزیشكە، دەبێت لەوكاتەوەی دایك‌و باوك هەست دەكەن منداڵەكەیان دەتوانێت فێری قسەكردن ببێت قسەی بۆ بكەن‌و پێی دوبارە بكەنەوە، بەڵام ئەگەر نەكەوتە قسە تاوەكو سەرو سێ ساڵان دەبێت برێتە لای پزیشك‌و پشكنین‌و گوێی‌و زمانی بۆ بكرێت، هەروەها منداڵ نابێت لە تەمەنێكی ساوایدا ئالودەی ئامرازەكانی یاریكردن بكرێت.