پارتێكی نوێ له‌ عیراق راگه‌یه‌ندرا

PM:10:51:23/12/2017
كورد میدیا:
پارتێكی نوێ به‌سه‌رۆكایه‌تی حامد موتڵه‌گ، بەمەبەستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردانەکانی‌ داهاتووی عیراق راگەیێندرا.

حامد موتڵەگ، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممە 23-12-2017 دامەزراندنی پارتێکی نوێی بەناوی  پارتی "حیوار و تەغیر" راگەیاند، مەبەستیشی بەشداریکردنە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.

موتڵەگ كه‌ پەرلەمانتارێكی سوننەیه‌ رایگەیاند "ئەندامانی پارتەکە بە کۆی دەنگ منیان راسپاردووە بۆ ئەمینداریەتیی گشتیی پارتەکە".

لەبارەی بەشدارییکردن لە هەڵبژاردنەکاندا موتڵەگ ئاماژەی بەوە کرد کە پارتەکەی لە سەرجەم پارێزگاکان کاندیدی دەبێت، چونکە بۆ هەموو عێراقە نەک پارێزگا و دەستەیەکی دیاریکراو. جەختیشی کردەوە کە 13 ساڵە وڵات لە دۆخێکی خراپدایە و پێویستە گۆڕانکاری بکرێت.

حامد موتڵەگ کە ئێستا ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی هێزەکان و جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگرییە لە پەرلەمانی عێراق، پێش 25-9-2017 پشتیوانی خۆی بۆ گشتپرسیی سەربەخۆیی باشووری کوردستان راگەیاندبوو، بەمەرجی ئەنجامدانی گشتپرسییەکە تەنیا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، واتە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە.