نیشانە باوەکانی ئاڵوودەبوون بە نێت

PM:02:34:23/12/2017
کورد میدیا:
د.خاڵس قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە هەژماری تایبەتی خۆی نیشانە باوەکانی ئالودەبون بە نێت ئاشکرا دەکات.

د.خاڵس قادر ڕایگەیاند" لەگەڵ فڕاوانبوون و زۆربوونی بەکارهێنانی مۆبایل و بەستنەوە بە ئەنتەرنێت، ئاڵوودەبوون بە نێت وەک جۆرێکی نوێی ئاڵوودەبوون سەری هەڵدا ، کە تا دێت کاریگەری و گلەیی و گازاندە تەندروستی و نا تەندروستیەکانی پتر دەبێت، سەڕەڕای گرنگی و پڕ بایەخی نێت لە ئاسانکاری بۆ پەیوەندیگرتن و دەسگەیشتن بەجیهانی زانیاریە جۆراوجۆرەکان و هۆیەکی گرنگی کاتبەسەربردن".

وتیشی ئاشکرایە، ئاڵوودەبوون زاراوەیەکی ناپەسند و نەرێی یە ، لەسادەترین مانای زێدەڕۆیی یە لەبەکارهێنانی ناچاری و دوور لەکۆنتڕۆڵی خود لەگەڵ ئەوەش کە دەزانین دەرئەنجامی خراپی دەبێت.

باسی لەوەشکرد، ئاڵوودەبوون بەنێت هەمان تایبەتمەندی جۆرەکانی تری ئاڵوودەبوونی هەیە وەک کەسەکە تادێت زیاتر بەکاریدەهێنێت، ڕۆژ دوای ڕۆژ کاتەکانی بەستنەوەی بەنێت زیاتر دەبێت بۆ ئەوەی بگات بەهەمان ئاست ڵە دامرکاندنەوەی حەزەکانی، بەجۆرێک ئەگەر پێشووتر بە کاتژمێرێک و دووان، ئۆقرەی دەهات ئێستا پێوویستی بە چوار و پێنج کاتژمێر و زیاترە، لەگەڵ ئەوەش کە دەزانێت دووچاری زیان دەبێتەوە وەک دواکەووتن لە گەیشتنە سەرکار و دەوامی، دواکەووتن لە جێ بەجێکردنی ئەرکەکانی
، لاوازبوونی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی لەگەڵ کەسانی نزیکی کە پێشووتر بەهێزتر بوو ... لەگەڵ ئەمانەش بەناجاری هەر بەردەوام دەبێت ڵە بەکارهێنان و مانەوەی لەسەر خەت .

نیشانە باوەکانی ئاڵوودەبوون بە نێت ، وەک هەر جۆرێکی تری ئاڵوودەبوون ، نیشانەی جەستەیی و دەروونی هەیە.

نیشانە جەستەیی یەکانی وەک :

۱.شەکەتی دیجیتاڵی چاو وەک ژان و ناڕەحەتی چاوەکان ، ووشکبونەوە و سوتانەوە ، ڵێڵبوونی دیتن ، هیلاکی چاو و ژانەسەر.

۲. ژانی مل ، بەهۆی زۆری و بەردەوامی خوارکردنەوە و نەویکردنی مل لەکاتی بەکارهێنان و تێکستکردن.

۳. ڕەقبوون و ژانی ماسوڵکەکان ، سڕبوونی پەنجە و بێهێزی دەست و مەچەک.

٤. زیاتر نەخۆشکەووتن لە جاران ، بەهۆی توشبوون بەو میکڕۆبانەی لەسەر مۆبایلەکەتن بەتایبەتی سکچوون و ڕشانەوە و سک ئێشە.
٥. کاریگەری لەسەر زیادبوونی ئەگەری نەزۆکی.

بەسەرهاتنی ڕووداو بەهۆی نێت وەک ڕووداوی ئوتومبێڵ

نیشانە دەروونی یەکان وەک:
۱. تێکچوونی خەو و کەمخەویی
۲. دڵەڕاوکێی ، وەسواسبوون ، خەمۆکی
۳. کەمبوونەوەی ئارەزوویی خواردن.
هەرزەکاران ، بەهۆی ئەوەی لە قۆناغی هەستیاری گەشەدان بەتایبەتی گەشەی مێشک ، زیاتر ئەگەری ئاڵوودەبوونیان هەیە و کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر گەشەی مێشکیان بەتایبەتی لە بەتایبەتی لە کۆنتڕۆڵی خویان و تێکچوونی مەزاج و زوو هەڵجوون و تۆڕەبوون و توانای بڕیاڕدان . هەروها ئەگەری پەنابردنیان بۆ کێشانی جگەر وخواردنەوەی کحول و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر زیاتر دەکات.

چۆن بزانین ، ئاڵودەبووین بە نێت یان نا ؟

۱. ئەگەر تا دەهات زیاتر لەسەر خەت دەمایەوە ، ڕۆژدوای ڕۆژ سعاتەکانی بەکارهێنانی مۆبایل و نێتت زیاتر دەبوو
۲. تا دێت پێوویستت بەکاتی زیاترە بۆ مانەوە لەسەر خەت
۳. دەرکەوتنی نیشانەکانی لێبڕانی نێت ، ئەگەر دەستت نەگەیشت بە نێت توشی دڵەڕاوکێ و هەڵچوون و بێزاری بووی
٤. لەکاتی نوستن مۆبایلت لە ناودەست ، یان ژێر سەرین و نزیکتە
٥. لەکاتی نان خواردن ، مۆبایلت لێتەوە نزیکە
٦. لە هەندێک کاتی مەترسیدار مۆبیل بەکاردێنیت وەک کاتی ڵێخوڕینی ئوتۆمبێل
۷. لەسەر خەت بوونت کێشەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و دابڕانی بۆ دروستکردووی لەگەڵ ئەندامانی خێزان و کەسە نزیکەکانت
٨. کاتێک لەسەر خەتی ئاگات لە تێپەڕبوونی کات نی یە
۹. سەرکەوتوو نەبوون لە هەوڵدانت بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی مۆبیل و مانەوەت لە خەت .
۱. بەیانیان دوای لەخەو هەڵسان ، یەکەم کاری گەڕان و دەست بردنە بۆ موبیل و لەخەت بوونە.

هەندێک ڕێگەی چارەسەری ئاڵوودەبوون بە نێت
۱. دیاریکردنی ئەو کاتانەی کە مۆبایل بەکار ناهێنیت وەک لەنێووان کاتژمێر ( ۱۰ ی شەو تاوەکو ٨ ی بەیانی )
۲. دیاریکردنی ئەو کار و چاڵاکیانەی قەدەغەیە مۆبیل بەکاربێنیت یان لە خەت بیت وەک کاتی نان خواردن ، کاتی وەرزش و یاری ، کاتی خوێندن ، کاتی دەوام.
۳.دیاریکردنی ئەو کاتژمێرانەی لە خەت دەبیت.
ئەو کار و چاڵاکیانە بکە کەپێویستی بەنێت نی یە کاتێک بۆ وەرزش تەرخان بکە ، کتێب بخوێنەوە ، لەگەڵ ئەندامانی خێزان و هاوڕێکانت گفتوگۆ بکە
٤. زەنگەکانی ئاگادارکردنەوەی نێتی کپ بکە وەک نامەی فەیس بووک و هاتنی لایک و کۆمێنێت و ....
٥. ڕۆژانە چەند جارێک خۆ وویسانە لە خەت بڕۆ دەرەوە و نێت بپچڕێنە بیکە ئۆف لاین.
٦. جێگرەوەی بەسوودی تر بدۆزەوە بۆ لەسەر خە بوون وەک خوێندنەوەی کتێب و گۆڤار ، پیاسە و وەرزشکردن ، لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانت کاتی دوور لە نێت بەسەر ببە
۷. داوای یارمەتی بکە بۆ چارەسەرکردنت لە ئەندامانی خێزانەکەت ، هاوڕێکەت ، پزیشکەکەشت هاوکارێکی زۆر باشت دەبێت بۆ چارەسەر.
گرنگە باوەڕبکەین ، مۆبایل و نێت یەکێکە لەپێوویستیەکانی مرۆڤ لەم سەردەمە نەوەک هەموو پێوویستیەکان ، نابێت نێت شوێنی هەموو پێویستیەکانمان بگرێتەوە چونکە ئەو تەنها یەکێکە لەپێویستیەکان نەوەکو هەمووی.