سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ توركیا: ئه‌مریكا هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات

PM:08:13:21/12/2017
كورد میدیا:
سەرۆکوەزیرانی تورکیا رایده‌گه‌یه‌نێت: ئەمریکا لە پرسی قودسدا بە تەنیا ماوەتەوە و گەیشتووەتە ئاستێک کە هەڕەشە دەکات.

بینالی یڵدرم لە زانکۆی تەکنیکی ئیستانبوڵ وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: "لە دەنگدانێکدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پاڵ ١٤ ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشدا، ئەمریکا بەتەنیا ماوەتەوە و وەک دوایین چارەش، لە دانیشتنەکەدا هەرەشە لەوانە دەکرێت کە دژی ئەمریکا دەنگ دەدەن، گەیشتوونەتە ئەو ئاستە. سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، 'ئەگەر لە دژی ئەمریکا بڕیار بدەن ئەوا هاوکارییە داراییەکان دەبرین، پارە نادەین، بۆیە ئاگادار بن' ". 

یڵدرم لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە رەوەتی پێشکەوتنی ئابووری تورکیا کرد و گوتی: "گەشەسەندنمان لە چارەکی سێهەمدا، بووە ریکۆردێک، لەسەدا ١١.١ ئەمە لە هیچ وڵاتێکدا رووی نەداوە. ئەمە بەرزترین رێژەی ٦ ساڵی رابردووە کە بەدەست هاتووە. ئەم رێژەیە لە خۆوە بەرهەم نەهاتووە. هەندێک کەس هەوڵ دەدەن ئەمە بەکەم سەیر بکەن. بەڵام چی دەکەن بیکەن، لەپشت ئەم گەشە سەندنەوە سیستەمێکی بەهێزی بانکی هەیە، داراییەکی گشتی هەیە، پێکهاتەی دینامیکی گەنجان هەیە، کولتوورێک و ئەزموونێکی گونجاوی کار هەیە".