هۆشیار عه‌بدوڵا: گۆڕینی ئه‌م حكومه‌ته‌ هیچ له‌ دۆخه‌كه‌ ناگۆڕێت

PM:04:07:18/12/2017
كورد میدیا:
په‌رله‌مانتارێكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند" گۆڕینی ئەم کابینەیە ، یا ئەم حکومەتە هیچ شتێک لە دۆخەکە ناگۆڕێ، دەبێ نوخبە سیاسیە فاشیلە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم بڕوا".

هۆشیار عەبدوڵا په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە 18ی كانوونی یه‌كه‌می 2017ـ پاش پێشوازیكردن لە خۆپیشاندەرانی شاری سلێمانی لە نووسینگەی پەرلەمانی عیراق، رایگەیاند" دەبێت نوخبە سیاسییە فاشیلە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم بڕوات نەک تەنها ئەم کابینە شکستخواردوە، تاوانبارە".

ده‌شڵێت" دەبێت رێسای گەمەی سیاسی و عەقڵیەتی سیاسیی و ئیداری هەرێم لە ریشەوە بگۆڕێ نەک تەنها چەند دەموچاوێک".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌" بێ گۆڕینی تێڕوانین و عەقڵیەتی بۆگەن و گەندەڵیی ئەو کاستەی لەدوای راپەرینەوە سەردەستەی سیاسی و ئیداریە، هیچ گۆڕانێکی نەوعیی دڵخۆشکەر نایەتەدی".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان جەختیشی كردوه‌تەوە كە "بۆ دەرچون لەم دۆخە لەزۆر ئاستدا پێویستمان بەگۆڕینە".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 18ی كانوونی یه‌كه‌می 2017، له‌ به‌شێكی زۆری شارو شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و هاوڵاتییان و به‌شێك له‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ خۆپیشاندانیان ئه‌نجامداو به‌شێك له‌ خۆپیشانده‌ران هاتنه‌ به‌رده‌ركی سه‌را.


زۆرترین خوێنراو‌