جوبرائیل لەسەماوەوە بەرێكەوت بۆ ئیسرائیل

PM:01:34:18/12/2017
کورد میدیا:
فیلمی ئەنیمەیشنی كوردی (بێدەنگی ئاسمان) لەدەرهێنانی جوبرائیل ئەبوبەكر لەفێستیڤاڵێكی سینەمایی نێودەوڵەتی وڵاتی ئیسرائیل بەشداری پێشبڕكێی سەرەكی دەكات‌و كێبڕكێی بردنەوەی خەڵات دەكات.

دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر لەبارەی بەشداری فیلمەكەی لەو فێستیڤاڵەدا رایگەیاند "فیلمەكە بەشداری لەفێستیڤاڵی سینەمایی نزیك ناسرە (NNF) لەوڵاتی ئیسرائیل دەكات".

وتیشی "فیلمەكە لەبەشی پێشبڕكێی سەرەكی ئەو فێستیڤاڵە بەشدارە‌و كێبركێی بردنەوەی خەڵاتەكانی بەشی ئەنیمەیشنی فێستیڤاڵ دەكات".

(بێدەنگی ئاسمان) نوێترین بەرهەمی سینەمایی دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكرە و بەسپۆنسەری عەباس فازڵ عەبدولرەحمان خاوەنی زانكۆی نۆلج بەرهەمهێنراوە و لەماوەی تەنها 4 مانگدا بەشداری لەزیاتر لە40 فێستیڤاڵی سینەمایی جیهانی، كردوە و چەند خەڵاتێكیشی پێبەخشراوە.

سیناریۆی فیلمەكە پشتیوان عەبدوڵا نوسیویەتی‌و كاری گرافیك‌و دەنگ لەلایەن سەباح شەهدی و كاری موزیكی فیلمەكەش رامتین لهۆنی جێبەجێی كردوە، ماوەی فیلمەكە 100 چركەیە و بەرهەمی ساڵی 2017-یە.