هاكان فیدان پیاوی سه‌ردانه‌ نهێنیه‌كان و كۆبوونه‌وه‌ شاراوه‌كانی به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان

PM:01:15:17/12/2017
ژیان: ئه‌لمۆنیته‌ر و ده‌یلی نیوز
هاكان فیدان، سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری نیشتمانی توركیا له‌وانه‌یه‌ له‌لای خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ناوێكی ئاشنا نه‌بێت، به‌ڵام له‌ دنیای سیاسه‌ت و حوكومداری هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌م بابه‌ته‌ پێچه‌وانه‌یه‌ ، چونكه‌ فیدان یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و سه‌ردانه‌ نهێنییه‌كانی بۆ هه‌ولێر و دهۆك و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسی باڵای حزبی و حكومی هه‌رێمی كوردستان رونترین به‌ڵگه‌ی ئه‌م كاریگه‌ریه‌یه‌.

هاكان فیدان له‌ ساڵی 1968 له‌ ئه‌نكه‌ره‌ی پایته‌ختی توركیا له‌دایكبووه‌. پاش گه‌شتكردنی بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا خوێندنی باڵای له‌ زانكۆی ماریلاند ته‌واوكردووه‌ له‌ به‌شی به‌ڕێوه‌بردن و زانسته‌ سیاسییه‌كان. دواتر فیدان  بڕوانامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆرای له‌ زانكۆی بیلكێنت له‌ ئه‌نكه‌ره‌ به‌ده‌ستهێناوه‌. فیدان له‌ ساڵی 1986 بۆ 2001 له‌ناو سوپای توركیادا كاریكردووه‌ به‌ پله‌ی جیاواز. له‌ڕووی سیاسیه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی كه‌ زۆر نزیكه‌ له‌  ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری ئێستای توركیا و زۆرترین متمانه‌ی له‌لای هه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ ساڵی 2009  فیدان یه‌كێك بووه‌ له‌ به‌رشداربووانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نهێنی بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ كه‌ له‌ ئۆسلۆ ئه‌نجامدرا.

دواتر به‌نهێنی نێردراوه‌ بۆلای عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، رێبه‌ری زیندانی كراوی پارتی كرێكارانی كوردستان(په‌كه‌كه‌). ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی فیدان به‌ ئه‌ندازیار ی بنیادنانی بازاڕی نهێنی ڕه‌شی نێوان ئێران و توركیا داده‌نرێت. له‌ مانگی ئایاری ساڵی 2010ه‌وه‌ تا ئێستا فیدان به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی هه‌واڵگیری توركیایه‌ هه‌رچه‌نده‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كورت و له‌ ساڵی 2015 فیدان له‌كاره‌كه‌ی دوركه‌وتووه‌ته‌وه‌.

ئه‌وه‌شی په‌یوه‌ندی به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ فیدان یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر روداوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، چونكه‌  زۆرترین به‌ركه‌وتن و یه‌كتر بینینی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ باڵاكانی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ له‌وانه‌ش مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پێشوی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی ئێستای پارتی دیموكراتی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین، ئه‌مینداری یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به‌تایبه‌تیش له‌ دۆخه‌ هه‌ستیاره‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا، به‌شێوه‌یه‌ك فیدان له‌م دۆخانه‌دا یان سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات یانیش له‌ توركیا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌.

ته‌نیا له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵی 2017 دا كه‌ زۆرترین روداوی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان رویاندا هاكان فیدان، به‌رپرسی ده‌زگای هه‌واڵگری نیشتمانی توركیا چوار جار له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌ته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ك ته‌نیا یه‌ك كۆبوونه‌وه‌یان به‌شێوه‌ی ئاشكرابووه‌ و ئه‌وانی تر به‌شێوه‌ی نهێنی و دور له‌ چاوی میدیاكان ئه‌نجامدراون. هه‌ر له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا فیدان دوو جار به‌ نهێنی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌ و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حزبی و حكومی كۆبووته‌وه‌.

یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی هاكان فیدان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان 17ی شوبات، بووه‌  كاتێك مه‌سعو بارزانی سه‌ردانی وڵاتی توركیای كردووه‌ و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی حكومه‌تی توركیا كۆبووه‌ته‌وه‌  كه‌ هاوكاتبوو  له‌گه‌ڵ لوتكه‌ی شه‌ڕی دژی داعش و ئۆپراسیۆنه‌ی ئازادكردنی موسڵ و شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ داعش.

.به‌پێی زانیاریه‌كان، له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌دا  مه‌سعو بارزانی  له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا كۆبووه‌ته‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ش به‌ به‌شداری هاكان فیدان و بیرات ئالبایراك، وه‌زیری وزه‌ی توركیابوو و له‌وێ  بارزانی و فیدان چاویان به‌یه‌كتری كه‌وتووه‌.

دووه‌مین یه‌كتربینین و كۆبوونه‌وه‌ی به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری نیشتمانی توركیا له‌میانی سه‌ردانێكی نهێنی ئه‌و به‌رپرسه‌ی توركیا بووه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ دهۆك ئه‌نجامدراوه‌ له‌ به‌رواری 14 و 15ی ئازار. به‌ته‌واوه‌تی له‌وكاته‌ی كه‌ حكومه‌تی توركیا دژایه‌تیه‌كانی خۆی بۆ چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كانی هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ شه‌نگال دوپاتكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند "رێگه‌ناده‌ین په‌كه‌كه‌ شه‌نگال بكاته‌ قه‌ندیلێكی تر" .

له‌ سه‌ردانه‌ نهێنیه‌كه‌یدا بۆ هه‌رێمی كوردستان فیدان به‌ جیا له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی هه‌رێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌ته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رپرسانه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌باری پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌). دواتر فیدان سه‌ردانی شه‌نگالی كردووه‌ و له‌گه‌ڵ چه‌ند گروپێك كۆبووه‌ته‌وه‌. پاشان سه‌ردانی بنكه‌ی سه‌ربازی توركیای كردووه‌ له‌ بامه‌ڕنێ له‌ دهۆك.

له‌گه‌ل به‌ره‌وپێشچوونی كات روداوه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش گه‌رموگوڕتربوون و ئه‌م گه‌رموگوڕییه‌ش گه‌یشته‌ لوتكه‌ كاتێك كه‌ مه‌سعود بارزانی بڕیاری ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمی دا له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆی و توركیاش هاوشێوه‌ی وڵاتانی دراوسێ دژایه‌تی خۆی بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ ده‌ربڕی. هه‌ر له‌م كاته‌دابوو كه‌ دوو ئه‌ندامی باڵای ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا به‌ تۆمه‌تی هه‌وڵدان بۆ رفاندن و كوشتنی جه‌میل بایك، فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌می پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) كه‌ له‌لایه‌ن خوردی هاكان فیدانه‌وه‌ نێردرابوون  له‌ نزیك سلێمانی له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌كه‌وه‌ ده‌ستگیر كران.  له‌ گه‌رمه‌ی ئه‌م روداوانه‌دا و له‌ به‌رواری 12ی ئه‌یلول، ته‌نیا 13 ڕۆژ پێش ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم فیدان بۆ جاری دووه‌م و به‌ نهێنی سه‌ردانی هه‌ولێریكرد.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی فیدان كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌ نهێنی سه‌ردانه‌كه‌ی فیدانی ئاشكراكرد و و رایگه‌یاند "به‌رپرسی دوزگای هه‌واڵگری نیشتیمانی توركیا به‌مه‌به‌ستی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان رووی له‌ هه‌ولێر كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامی توركیایان پێبگه‌یه‌نێت كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمدا نیه‌".
هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌كی تری كوردی ئاگادار مه‌به‌ستێكی تری سه‌ردانه‌كه‌ی فیدانی بۆ هه‌رێمی كوردستان ئاشكراكرد كه‌ چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانبوو بۆ رزگاركردنی دوو كارمه‌نده‌ ده‌ستگیركراوه‌كه‌ی له‌لایی پارتی كرێكارانی كوردستاند و ئه‌وه‌ی ئاشكراكرد "به‌شێك له‌ مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ی فیدان چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانه‌ بۆ ڕزگاركردنی دوو كارمه‌نده‌كه‌ی ده‌زگای هه‌واڵگیری نیشتیمانی توركیا".

كۆتا یه‌كتر بینینی سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگیری توركیا كه‌ به‌نوێترین یه‌كتربینین داده‌نرێت تاڕاده‌یه‌ جیاوازبوو، چونكه‌ ئه‌م یه‌كتر بینینه‌ی فیدان له‌ كاتێكدابوو كه‌ هه‌رێمی كوردستان ریفراندۆمی ئه‌نجامدابوو و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا تاڕاده‌یه‌ك ساردییان پێوه‌ دیاره‌. تا ئێستاش دوو كارمه‌نده‌كه‌ی له‌ زیندانه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستاندان له‌ قه‌ندیل-ن. شه‌نگال به‌ده‌ست هێزه‌ عێراقییه‌كانه‌وه‌یه‌. ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانیش ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ چاوی به‌ به‌رپرسانی كورد بكه‌وێت. له‌ نێوه‌ندی ئه‌م كێشانه‌دا فیدان  له‌ كۆتاییه‌كانی مانگی تشرینی دووه‌مدا و له‌میانی سه‌ردانێكی ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوودا بۆ ئه‌و وڵاته‌ دوو جار چاوی به‌ فیدان كه‌وتوو و له‌گه‌ڵی كۆبووه‌ته‌وه‌.

له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ توركیا ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو له‌ به‌رده‌م ڕۆژنامه‌نوساندا رایگه‌یاند "گه‌شتێكی سه‌ركه‌وتوومان بۆ توركیا ئه‌نجامدا و له‌گه‌ل بڕیاربه‌ده‌ستانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (ئه‌كه‌په‌) و به‌رپرسانی حكومه‌تی توركیا كۆبووینه‌وه‌" و وتیشی "پێویسته‌ هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌نییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا به‌رده‌وامی پێبدات كه‌ دوستی نزیكیه‌تی".

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی ئاماده‌نه‌بوو ناوی ئه‌و به‌رپرسانی ئاشكرا بكات، به‌ڵام دواتر میدیاكانی هه‌رێمی كوردستان بۆ یه‌كه‌مجار  له‌سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ناو یه‌كگرتووی ئیسلامییه‌وه‌ بڵاویانكرده‌وه‌ "سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا دوو جار چاوی به‌ هاكان فیدان كه‌وتووه‌ و له‌گه‌ڵی كۆبووه‌ته‌وه‌".

سه‌ردانه‌كانی هاكان فیدا بۆ هه‌رێمی كوردستان و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حزبی و حكومی هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌گه‌ر له‌ چه‌ند مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا واتایه‌كی دۆستانه‌ی گه‌یاندبێت و ته‌نیا پارتی كرێكارانی كوردستان به‌چاوی گومانه‌وه‌ی لێ ڕوانیبێت، ئه‌وا دوای ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم و ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا هه‌رێمی كوردستان پێیدا تێده‌په‌ڕێت ره‌نگه‌ واتای جیاوازتر بگه‌یه‌نێت و چه‌ندین پرسیار بوروژێنێت  كه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ هه‌وڵدانه‌ بۆ دووباره‌ به‌هێزكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و هه‌رێم . گرنگیشه‌ بزانین وه‌ڵامی راسته‌قینه‌ی ئه‌م پرسیارانه‌ ته‌نیا ئه‌و روداوانه‌ ده‌یده‌نه‌وه‌  كه‌ له‌داهاتودا روده‌دده‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستان.