وەزارەتی دادی عێراق: 38 كه‌س له‌سێداره‌دران

PM:05:19:14/12/2017
كورد میدیا:
وەزارەتی دادی عێراق بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەندیخانەی شاری ناسریە لە باشوری عێراق، 38 "تاوانبار" بە تاوانی تیرۆر لە سێدارەدراون.

ئەمڕۆ 14ی كانونی یەكەمی 2017، لە رونكردنەوەیەكدا، ئەمڕۆ وەزارەتی دادی عیراق ئاماژەی بەوە داوە، فەرمانی لەسێزدارەدانیان بەسەر 38 تاوانباردا جێبەجێكردوە كه‌ لەسەر كاری تیرۆرستی سزاكەیان بۆ دەرچووه‌.

رونیشیكردۆتەوە" كە جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەكان دوای بڕیاری كۆتایی دادگاو پەسەندكردنی لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە بووە".

وەزارەتی دادی عیراق لە رونكردنەوەكەدا، رەگەز و ناسنامەی تاوانبارە لە سێدارەدراوەكانی ئاشكرا نەكردوە.

 جێبەجێكردنی سزای لەسێدارە بەسەر ئەو 38 تاوانبارەدا لەكاتێكدایە كە رۆژی 24ی ئەیلولی 2017 وەزارەتی داد رایگەیاندبوو دوای دەرچوونی مەرسوی كۆماری سزای لەسێدارەدانیان بەسەر 42 تاوانباردا جێبەجێكردوە.