ترامادۆڵ؛ گەورەترین مەترسی لەسەر کۆمەڵگە

PM:01:04:11/12/2017
ژیان
دامەزراوە ئەمنی‌و تەندروستییەكانی هەرێمی كوردستان هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ رێگەگرتن‌و دەستبەسەراگرتنی حەبی قاچاخی ترامادۆڵ كە لەگەڵ ئەوەی چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجەیە بووەتە بەربڵاوترین ماددەی هۆشبەر.

هیچ مانگێك تێناپەڕێت كە دامەزراوە ئەمنی‌و تەندروستییەكان دەستبەسەراگرتنی ملیۆنان جۆر لەو حەبە رانەگەیەنن، كە لەلایەن بازرگانانی ماددەی هۆشبەرەوە دەهێنرێت، لەكاتێكدا ئەو حەبە بۆ مەبەستی چارەسەری شێرپەنجە قەدەغە نەكراوە.

شارەزور بووەتە دیارترین ناوچەی بەقاچاخهێنانی ئەو حەبە، كە رۆژانە دەزگا ئەمنییەكانی سنورەكە دەستبەسەراگرتنی بڕێكی زۆری رادەگەیەنن.

ئاراز محەمەد، وتەبێژی ئاسایشی پارێزگای هەڵەبجە بە (ژیان)ی وت "بەحوكمی ئەوەی ناوچەكەمان لەسەرسنورە بۆیە حاڵەتی قاچاخیكردن بەدەرمانەوە ڕوودەدات بەتایبەت حەبی ترامادۆڵ كە بەڕێژیەكی زۆر دەستی بەسەردا دەگیرێت".

وتیشی "ئەوانەی بازرگانی بەو حەپەوە دەكەن دانیشتووی هەرێمی كوردستانن‌و بەكارهێنەرانیشی لەناوەوەی هەرێمن, حەپەكە لە زمنی ماددە هۆشبەرەكاندایە".

بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی، ئەو حەبە تەنها ئەو كەسانە دەتوانن بەكاری بهێنن كە نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە ئەویش دەبێت بەنوسراوی پزیشك بێت، نابێت بە ئاشكرا و بەهەموو كەسێك بفرۆشرێت.

خاڵس قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی باسی لەوەكرد، حەبی ترامادۆڵ قەدەغەنەكراوە، بەڵام دەبیت پێدانی بەنەخۆش بەپێی ڕەتەچەی پزیشك بێت, هاوردەكردنیشی بەڕێگەی یاسایی‌و بەكوالێتی كۆنترۆڵدا تێبپەڕێت، بەكارهێنانیشی زۆر بووە بەپێی ڕێنمای پزیشكی.

هەروەها بۆ (ژیان) ئاماژەی بەوەدا، ئەو حەبە لەگەڵ مادەی هۆشبەر دەتوانرێت تێكەڵ بكرێت، هاوردەكردنی بەشێوەی قاچاخ یان بەكارهێنانی بەبێ ڕەچەتەی پزیشك دەچێتە چوارچێوەی بەكارهێنان‌و بازرگانیكردن بەماددە هۆشبەرەكانەوە.

بەوتەی خاڵس قادر، حەبەكە زیاتر ئازارشكێنە بەكارهێنەرەكانی ئەوانەن كە نەخۆشی بەئازاریان هەیە, بەڵام بەهۆی ئەوەی بە شێوە قاچاخ هاوردە دەكرێت خەڵكانێكی تر وەك مادەی هۆشبەر بەكاریدەهێنن.

ترامادۆڵ بەدوو شێوە وەك مادەی هۆشبەر بەكاردەهێنرێت یان بەتەنها بەكاردەهێنرێت یان لەگەڵ مادە هۆشبەرەكانی تردا تێكەڵ دەكرێت.

ئەو كەسانەی بەهۆی بەكارهێنانی ئەو جۆرە حەبەوە دوور لەرێنمایی پزیشكی دەستگیردەكرێن، بەپێی یاسای تایبەت بەبەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر دادگایی دەكرێن‌و سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت،كە زۆرجار سزای بەندكردن‌و پێبژاردن دەیانگرێتەوە.

سەرۆكی لیژنەی تەندروستی‌و ژینگە لە پەڕلەمانی كوردستان جەختدەكاتەوە، حەبی ترامادۆڵ دەبێت لەژێر چاودێری‌و بەپێی ڕەچەتەی پزیشك بدرێت بەنەخۆش، بەڵام لەهەرێمی كوردستان لەهەموو نورینگەكاندا لەبەرئەوەی ڕێنمایی پێویست‌و چاودێری نییە بەشێوەی هەڕەمەكی دەدرێت بەئەوانەی بەكاریدەهێنن.

زوڵفا مەحمود بۆ (ژیان) وتی "بەهۆی زۆری خواست لەسەری، ئەو حەبە بووە بەبسنسێك بۆ ئەوانەی بازرگانی پێوەدەكەن، زیاتر لەساڵێكە بازرگانیكردن بەو حەپەوە زیادیكردووە".

هەروەها ئەوەی خستەڕوو، ئەو حەبە لەزۆربەی نێرگەلەخانەكاندا بەكاردەهێنرێت، دوای ئەوەی بەدواداچوون بۆ كۆمەڵێك كافتریا كراوە كە تامی نێرگەلەكەی خۆش بووە، دەركەوتووە حەبی ترامادۆڵیان تێكەڵی كردووە.