دەربەندیخان .. نزیكەی مانگێكە هیچ نەشتەرگەرییەك ئەنجام نەدراوە

PM:12:58:11/12/2017
ژیان: دەربەندیخان
بومەلەرزە بەهێزەكەی مانگی رابردوو، زیانی زۆری بەكەرتی تەندروستی دەربەندیخان گەیاندووەو لەو كاتەوە هیچ نەشتەرگەرییەك ئەنجام نەدراوەو تەنها یەك نەخۆشخانە كراوەیە، هیچ بڕە پارەیەكیش بەمەبەستی قەرەبووكردنەوە تەرخاننەكراوە.

12 ی مانگی رابردوو بومەلەرزەیەكی بەهێز سەرتاسەری هەرێمی كوردستانی گرتەوە، زۆرترین زیان بەر قەزای دەربەندیخان كەوت، لەناو ئەو شوێنانەدا كە زیانی زۆری بەركەوتووە نەخۆشخانەو بنكە تەندروستییەكانی سنورەكە بوون.

نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دەربەندیخان یەكێكە لەو شوێنانەی كە زیانی زۆری بەركەوتووە، بەهۆیەوە ناتوانرێت خزمەتگوزاری تەندروستی پێشكەش بەهاوڵاتیان بكرێت، كە پێش بومەلەرزەكە رۆژانە پێشوازی لەسەدان كەس دەكرد.

دكتۆر عەلی حسێن، لێپرسراوی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دەربەندیخان، وتی "بەهۆی بومەلەرزەكەی مانگی رابردوو، زیان بەبینای نەخۆشخانەكانی زۆرەی ئامێرەكانمان لە كاركەوتون، كێشەیەكی زۆرمان بۆ دروستبووە، بۆیە نەمان توانیوە وەكو پێویست پێشوازی لە نەخۆش بكەین‌و خزمەت بەنەخۆشەكان بكەین".

زانیاری زیاتر لە ژمارە (23)ی رۆژنامەی (ژیان) بخوێنەرەوە كە ئەمڕۆ (یەكشەممە) بڵاوكرایەوە‌و ئێستا لەبازاڕەكانی هەرێمە.