قوباد تاڵه‌بانی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كانى له‌ سلێمانی ئاشكراده‌كات

PM:10:30:07/12/2017
كورد میدیا:
جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی شاری‌ سلێمانی‌ ده‌كات و له‌گه‌ڵ ئۆرگانه‌ جیاوازه‌كانی یه‌كێتی كۆده‌بێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: دەبێت لاپەڕەیەکی نوێی خزمەتی یەکێتیی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بنوسینەوە و ئەم لاپەڕە نوێیەشمان بە بەستنی کۆنگرەی حزبەکەمان دەستپێدەکات.

قوباد تاڵه‌بانی، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی‌ له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسیوێتی "دوای گەیشتنم بۆ شارە حەیاتەکە، سلێمانی، ئەمڕۆ، چەند کۆبونەوەیەکم کرد لەگەڵ ئۆرگانە جیاجیاکان و خاڵە سەرەکیەکانم لە کۆبوونەوەکان ئەمانە بوون: گەڕانەوە بۆ بنەما و مەبدەئە بنچینەییەکانی یەکێتیی کە ئاشتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین".

ده‌شڵێت كه‌ یه‌كێكی تر له‌ ته‌وه‌ری‌ كۆبوونه‌وه‌كان، زیادکردنی پرنسیپەکانی یەکسانی کۆمەڵایەتی و حکومەتداری دانایانە بۆ ئەو پرنسیپانەی کە هەن چونکە پەیوەندییان بە ئەمڕۆوە هەیە.

"دوبارە ڕێکخستنەوە و داڕشتنەوەی هەیکەلی حزبەکەمان بۆ ئەوەی ببێتە حزبێکی سیاسی مۆدێرن بە سەرکردایەتیەک کە جێی متمانەی ئەندامان بێت" قوباد تاڵه‌بانی‌ وا ده‌ڵێت.

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسله‌وه‌شده‌كات كه‌ بە ئەولەویەتکردنی پێویستی پاراستنی یەکڕیزی و سەروەری هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقێکی دیموکراتی فیدراڵ، یه‌كێكی تر بووه‌ له‌ ته‌وه‌ره‌كانی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌.

قوباد تاڵه‌بانی ده‌شڵێت كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا باسله‌ گەڕاندنەوەی یەکێتیی بۆ ئەندام و کادیرانی، تیشک خستنە سەر زیادکردنی ڕۆڵ و بەشداری گەنجان و ژنان لەناو ئۆرگانەکان و دامەزراوەکانی حزب، هەروەها ڕێگە خۆشکردن بۆ ئەندامە شارەزاکان کە پەراوێزخراون لە دەرئەنجامی ململانێی سیاسی ناوخۆیی حزب، بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بڕۆن و هەوڵدان بۆ رێکخستنەوەی شێوەی حزب كراوه‌.

تاڵه‌بانی ده‌ڵێت،  دووبارەکردنەوەی ئەو ڕاستیەی کە یەکێتیی نیشتمانیی حزبی چاکسازی ڕاستەقینەیە لە کوردستان و سەرانسەری عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا باسكراوه‌.

كوڕی‌ دووه‌می سكرتێری‌ كۆچكردووی یه‌كێتی به‌پێویستی‌ ده‌زانێت حزبه‌كه‌ی‌ وەبەرهێنان لە گەنجان و بەهرەداران و هەروەها ژنان بكات بۆ ئەوەی یەکێتیی ببێتە یەکێتیی سەدەی 21.

له‌ كۆتاییدا جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایكردووه‌، كه‌ دەبێت لاپەڕەیەکی نوێی خزمەتی یەکێتیی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بنوسینەوە و ئەم لاپەڕە نوێیەشمان بە بەستنی کۆنگرەی حزبەکەمان دەستپێدەکات.