ده‌سته‌ی‌ سه‌ربه‌خۆیی مافی مرۆڤ ره‌خنه‌ له‌ یۆنامی ده‌گرێت

PM:10:15:07/12/2017
كورد میدیا:
ده‌سته‌ی‌ سه‌ربه‌خۆیی مافی مرۆڤ ره‌خنه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی‌ یۆنامی ده‌گرێت بۆ دروست كردنی دادگایه‌كی ناوخۆیی بۆ تاوانه‌كانی داعش و به‌هه‌وڵێك بۆ بچوكردنه‌وه‌ی ئاستی گه‌روه‌یی تاوانه‌كانی ده‌زانێت.

ده‌سته‌كه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت: ماوه‌یه‌كه‌ به‌دیاری كراوی دوای رزگاركردنه‌وه‌ی موصڵ وده‌شتی نه‌ینه‌وا له‌ژیر ده‌ستی گروپی تیرۆریستی داعش و جینۆساید كردنی سه‌دان هاوڵاتی ئێزیدی و به‌سه‌بایه‌ كردنی كچان و ژنان و بردنی منداڵانه‌كان و هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی چه‌ندان تاوانی مرۆیی به‌رامبه‌ر پێكهاته‌ ئایینی یه‌كانی تری ده‌شتی نه‌ینه‌وان له‌كوشتن وله‌ناوبردن و دواتریش ئاواره‌ كردنی هه‌زاران هاوڵاتی.

باسله‌وه‌شكراوه‌، له‌دوای ئه‌و ڕووداوانه‌وه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كان له‌پێناو ئه‌وه‌ خرانه‌ ڕوو كه‌ كه‌یسی تاوانه‌كانی داعش له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی به‌جینۆساید بناسرێت و دۆسیه‌كه‌ش بگوازرێته‌وه‌بۆ دادگایه‌كی نێوده‌وله‌تی وه‌ وه‌ك ده‌سته‌ی مافی مرۆڤیش له‌یه‌كه‌ م ساتی ڕووداوه‌كان و هاتنی گروپی داعش و داگیركردنی ئه‌و ناوچانه‌ ئه‌و داوایه‌مان به‌رزكرده‌وه‌‌ بۆ ڕای گشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ دروست كردنی دادگایه‌كی تایبه‌تی نێوده‌وڵه‌تی بۆ دۆسیه‌ی تاوانه‌كانی داعش به‌رامبه‌ر به‌ پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌گشتی.

ده‌شڵێـ: ئه‌وه‌ش به‌ پشت به‌ستوو به‌وه‌ی ئه‌ندامانی گروپی  داعش پێكهاتون له‌هاوڵاتیانی زۆربه‌ی وڵاتان و ناوچه‌ جیاوازه‌كان . بۆیه‌ پێمان وابوه‌ كه‌ ته‌نها دادگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی ده‌توانئ گره‌نتی دۆزینه‌وه‌و دادگایی كردنی ئه‌و تاوانبارانه‌ بكات كه‌ به‌شدارو پالپشت بون بۆ داعش وئه‌و تاوانانه‌ی ئه‌نجامیان داوه‌  وه‌ هه‌روه‌ها قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیان لێكه‌وتوان و زامن كردنی ژیانی دوای ئه‌و قۆناغه‌ بۆدوباره‌ نه‌بونه‌وه‌ی تاوانی له‌و جۆره‌.

ده‌سته‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: به‌داخه‌وه‌ ماوه‌یه‌كه‌ وه‌ك ئاگادارین نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ( یۆنامی ) له‌سه‌ر ئاستی عێراق هه‌وڵه‌كانی چر كردۆته‌وه‌ بۆ دروست كردنی دادگایه‌كی ناوخۆیی بۆ دۆسیه‌ی تاوانه‌كانی داعش و هه‌وڵه‌كانیشی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستانیش خستۆته‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ،ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ی یۆنامی بۆ دروست كردنی دادگایه‌كی ناوخۆ ته‌واو پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی مافی ئه‌و هاوڵاتیانه‌و ته‌واوی پێكهاته‌كانی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی عێراقه‌  به‌تایبه‌ت له‌ده‌شتی نه‌ینه‌وا و ئێمه‌ ئه‌و كاتیش له‌ساته‌ وه‌ختی ڕووداوه‌كان نیگه‌رانی خۆمان له‌ هه‌لویسی یۆنامی و كۆمه‌ڵگه‌ی نێو ده‌وله‌تی ڕاگه‌یاندبوو.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، له‌لایه‌كی تریش  پێمان وایه‌  هه‌وڵێكیشه‌ بۆ بچوكردنه‌وه‌ی ئاستی تاوانه‌كان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئاستی ناوخۆیی كه‌ ئێمه‌ وای ده‌بینین ئه‌و هه‌وڵه‌ش هیچ جیاوازی نیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ دادگایه‌ی بۆ سه‌رانی ڕژێمی له‌ناوچو له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق دروست كرا بۆ تاوانباران كه‌چی دواتر له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و زوڵم و تاوانه‌ی صدام حسێن به‌رامبه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال و كوشتن و له‌ناوبردن ئه‌نجامی دا كه‌چی ته‌نها به‌هۆی یه‌ك دۆسیه‌ دوجه‌یل له‌سێداره‌ دراو له‌به‌رامبه‌ریش خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی و هه‌له‌بجه‌و ئه‌نفالیش ته‌نانه‌ت قه‌ره‌بوش نه‌كرانه‌وهو دۆسیه‌كانیش كۆتاییان پئ هات.

ده‌سته‌ی‌ سه‌ربه‌خۆیی مافی مرۆڤ له‌ هه‌رێمی كوردستان راشیگه‌یاندووه‌، ئێمه‌ لێره‌وه‌ هه‌ر هه‌نگاوێك بۆ دروست كردنی دادگای ناوخۆیی ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌و پێمان وایه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ ته‌نها له‌گه‌وره‌یی ئاستی تاوانه‌كان كه‌م ده‌كاته‌وه‌و ڕێز نه‌گرتنه‌ له‌ماف و ئیراده‌ی هاولاتیانی قوربانی وه‌ لێره‌وه‌ش وه‌ك ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ ئیمه‌ دوورونزیك به‌شدارنین له‌هیچ پرۆژه‌یه‌كی له‌و شێوه‌و كۆبونه‌وه‌كانی یۆنامی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ، هه‌روه‌ها ڕایده‌گه‌یه‌نین كه‌ به‌شداری خاتوو (تاڤگه‌ عمر) به‌رێوه‌به‌ری گشتی ده‌سته‌كه‌مان به‌هیچ شێوه‌ك په‌یوه‌ندی به‌ ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ و پله‌ی به‌ڕیزیان نیه‌ له‌و كاره‌ و به‌ڵكو به‌شداریه‌كه‌ی ته‌عبیر له‌ڕای كه‌سی خۆی ده‌كات.‌