عه‌بدولستار مه‌جید: ھەرێم ئامادەی ڕادەستکردنی خاڵە سنورییەکانه بە بەغدا

PM:09:15:07/12/2017
كورد میدیا:
وه‌زیری‌ كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایده‌كات كه‌ "هه‌رێم ئاماده‌یه‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان راده‌ستی به‌غدا بكات، به‌ڵام لە رێی لیژنەی تەکنیکییەوە دوای رێککەوتنی ھاوبەشی نێوان ھەولێر و بەغدا".

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی نوسینگه‌كه‌ی‌، عەبدولستار مەجید وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گشتیی و راوێژکارانی وەزارەتدا کرد.

سەرەتا وه‌زیری‌ كشتوكاڵ پوختەی ناوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانی باس کرد، بە تایبەتیش ئەو خاڵەی پەیوەست بوو بە سەردانەکەی ئەم دواییەی شاندی سەرۆکایەتیی حکومەت کرد بۆ وڵاتی فەرەنسا.

وەزیری کشتوکاڵ روونیکردەوە "سەردانێکی سەرکەوتوو بووە، بە تایبەتی پاریس دووپاتیکردۆتەوە کە بەردەوامدەبێت لە پشتیوانیکردنی کورد و ھەوڵەکان بە ئاراستەی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی ناوەند".

جەختیشکراوەتەوە لەسەر ھەندێ داواکاریی دەستووری لەوانە ماددەی ١٤٠ و دابینکردنی مافە دەستوورییەکان.

سەبارەت بە رێکەوتنیش لەسەر دەروازە سنوورییەکان عەبدولستار مەجید باسی لەوەکرد كه‌ "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران راوبۆچوونی ھەرێمی لەم رووەوە خستۆتەڕوو کە ئامادەن خاڵە گومرگییەکان رادەست بکەن بەڵام لە رێی لیژنەی تەکنیکییەوە دوای رێککەوتنی ھاوبەشی نێوان ھەولێر و بەغدا"

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە باسکردنی پێویستیی وەزارەت بە (رووپێو) بۆ راپەڕاندنی ئیش و کارەکانی کشتوکاڵ و لەم بارەوە وەزیری کشتوکاڵ دووپاتیکردەوە "داوای لە سەرۆکی حکومەت کردووە بە ھەڵاوێرو بەپێی ناوچەکان چەند رووپێوێک دابمەزرێنێت، ئەویش لەلای خۆیەوە رەزامەندی داوە، دوای ئەوەی کە وەزارەت لە رێی لیژنەیەکی پسپۆڕو شارەزاوە و بەپێی مەرج و سیڤییەکان دەست بەم ھەنگاوە دەکات".

ھەر لە کۆبوونەوکەدا جەختکرایەوە لەسەر پڕۆژەی چارەسەری زێدەڕۆیی و پەیوەست بە تەسویەو تەملیک و بەرزبکرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، ئەمەو لە کۆبوونەوەکەدا لەلایەن ئامادەبووانەوە راو سەرنج دەربارەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە گفتوگۆیان لەسەر کرا.