ئه‌مریكا هاوڵاتیانی‌ خۆی‌ له‌ عیراق ئاگاداربكاته‌وه‌

PM:08:45:07/12/2017
كورد میدیا:
دوای‌ بڕیاری‌ ناساندنی شاری‌ قودس به‌ پایته‌ختی ئیسرائیل له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، باڵیۆزخانەی ئه‌و وڵاته‌ لە عیراق، داوا لە سەرجەم هاوڵاتییە ئەمریكییەكانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە دەكات، ئاگاداری خۆیان بن و هەوڵی پاراستنی ژیانیشیان بدەن.

ئەمڕۆ 7ی كانونی یەكەمی 2017، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق، ئاگادارییەكی بەپەلەی ئاراستەی ئەمریكییەكانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە كردو داواشی لێكردن بۆ خۆپاراستنی لەهەر پەلامارێك كە بەهۆی بڕیاری ناساندنی شاری قودس وەك پایتەختی ئیسرائیل، دووچاری ببنەوە.

بڵاوكردنەوەی ئەم ئاگادارییە، دوای بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە بەغداو چەند شارێكی عیراق دێت، دژ بە بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە داننان بە شاری قودس وەك پایتەختی دەوڵەتی ئیسرائیل.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا داواشی لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی كردووە، بەهیچ شێوەیەك لەو ناوچانە نزیك نەبنەوە، كە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی لێ بەڕێوەدەچێت.