عیراق له سه‌ر نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی روسیا ده‌داته‌وه‌

PM:06:56:07/12/2017
كورد میدیا:
وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی وه‌زه‌ی‌ روسیا ده‌دات سه‌باره‌ت به‌كاركردنیان له‌ هه‌رێمی كوردستان و ده‌ڵێت: هەڵوێستی وەزارەتی نەوت بەشێکە لە هەڵویستی حکومەتی فیدراڵی، کە روون و نەگۆڕە لەبارەی بەڕێوەبردن، پاراستنی سامانی نەوت و وەبەرهێنان، وەک ئەوەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، وەزارەتی نەوتی عێراق رەتیدەکاتەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیری وزەی رووسیا، باسیان لە کارکردنی کۆمپانیاکانی رووسیا لە هەرێمی کوردستان کردبێت.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند لە بەشێک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵاتییەکاندا لێدوانێک بەناوی ئەلێکسەندەر نۆڤاک، وەزیری وزەی رووسیا بڵاوکراوەتەوە، لەبارەی ئەوەی حکومەتی عێراق لاری نییە لە کار و چالاکی کۆمپانیاکانی نەوتی رووسیا لە کوردستاندا.

وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت "بە ئامانجی روونکردنەوەی راستییەکان بۆ رای گشتی، وەزارەتی نەوتی عێراقی دووپاتیدەکاتەوە، بابەتی کۆمپانیا نەوتییەکانی رووسیا لە هەرێمی کوردستان، لەکاتی کۆبوونەوەی نێوان حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری وزەی رووسی تاووتوێ نەکراوە، هەروەک لە گفتوگۆکانی نێوان وەزیری نەوت و هاوتا رووسییەکەشی لەکاتی سەردانی بۆ بەغدا و، ئامادەبوونی لە ئاهەنگی کردنەوەی کۆمەڵگەی وەبەرهێنانی گازی کێڵگەی بەدرە، باس نەکراوە".

لە بەیاننامەکەدا هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، هەڵوێستی وەزارەتی نەوت بەشێکە لە هەڵویستی حکومەتی فیدراڵی، کە روون و نەگۆڕە لەبارەی بەڕێوەبردن، پاراستنی سامانی نەوت و وەبەرهێنان، وەک ئەوەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە.

وەزارەتی نەوتی عێراق دەشڵێت "لەکاتێکدا وەزارەتی نەوت پێشوازی لە سەرجەم کۆمپانیا جیهانییە نەوتییەکان دەکات بۆ کارکردن و وەبەرهێنان لە عێراق، هاوکات دووپاتی دەکەینەوە، نەوت سامانێکی سەروەرییە، پێویستە سەرجەم گرێبەستەکانی تایبەت بە سامانی نیشتمانی، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی نەوت بکرێن، پێچەوانەی ئەمە، ئەو لایەنە سەرجەم لێکەوتە و بەرپرسیارییەتییە یاسایی و دارایی و زیانە کەڵەکەبووەکان لە ئەستۆ دەگرێت".