حه‌شدی‌ شه‌عبی رێگه‌ی‌ به‌ وه‌فدێكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان نه‌دا سه‌ردانی‌ خورماتو بكه‌ن

PM:06:36:07/12/2017
كورد میدیا:
وه‌فدێكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌لایه‌ن چه‌كدارانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبییه‌وه‌ رێگه‌یان پێنه‌درا بچنه‌نێو قه‌زای‌ خورماتوو، ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی‌ ئه‌و قه‌زایه‌ش ئاشكرایده‌كات كه‌ له‌ كۆی 70 هه‌زار هاوڵاتی كورد ته‌نها 200 كورد له‌ خورماتوو ماون.
  
ئەمڕۆ، وەفدێکی تایبەت بە مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، سەردانی شارۆچکەی خورماتوو-ی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینی کرد و لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی شارۆچکەکە لەسەر دۆخی شارۆچکەکە کۆبووەوە.
 
سەردار ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی شارۆچکەی خورماتوو رایگه‌یاند: وەفدەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بوون بە مافی مرۆڤ و لەسەر ڕۆشنایی ئەو داواکارییانەی خەڵکی خورماتوو هاتبوونە شارۆچکەکە کە ئاراستەیان کرابوو، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئیدارەی شارۆچکەکە کۆبوونەوە لەسەر ئەو دۆخە ناهەموارەی هەیە بکەن، کاولکارییەکانی گەڕەکە کوردییەکانی خورماتوو بەچاوی خۆیان ببینین.
 
وتیشی: وەفدەکە لەگەڵ شەش ئەندامی ئەنجومەنی خورماتوو کۆبوونەوە، دوو کورد و دوو عەرەب و دوو تورکمان، هەر نەتەوەیەک و ڕاپۆرتێکی لەسەر ڕووداوەکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر دایە وەفدەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێمەش وەک ئەندامانی کورد ڕاپۆرتێکی تێر و تەسەلمان پێدان لەسەر ڕووداوەکانی کوشتن و تەقاندنەوەی خانووی هاوڵاتیانی کورد و ئاوارە بوون و نەبوونی جێگا و ڕێگا و برسێتی خەڵکی خورماتوو و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان دایە شاندەکە نەتەوەیەکگرتووەکان.
 
ئه‌و ئه‌ندامه‌ كورده‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ قه‌زای‌ خورماتو باسی له‌وه‌شكرد: ئەوەمان بەوەفدەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان وت، کە ئەگەر لایەنەکانی تر لەناو شارۆچکەکە ڕەتیدەکەنەوە دۆخی خورماتوو نائارامە، فەرموون بەچاوی خۆتان تەقاندنەوەی تازەترین خانووتان پێی پیشان دەدەین، هەروەها بینبینن لە ٧٠ هەزار کورد، ٢٠٠ کورد لە شارۆچکەکە هەیە، ئەگەر ئارامە و هیچ لە شارۆچکەکە نییە، ئەو خەڵکە بۆ ناگەڕێنەوە".
 
"داوامان کرد شاندەکە ببینە نێو گەڕەکە کوردییەکان و کاولکارییەکان بەچاوی خۆیان ببینن و تۆماری بکەن، بەڵام حەشدی شەعبی و لایەنی تورکمانی لە ئەنجومەن ڕێگایان نەدا کە شاندەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بچنە نێو گەڕەکەکان و وتوویانە، کە دەبێت ڕێگەپێدان لە فەرماندەیی هێزە سەربازییەکانی سەڵاحەدین و پۆلیسی پارێزگای سەڵاحەدین و فەرماندە باڵاکانی حەشدی شەعبی وەربگرن، ئەو کات ڕێگاتان دەدەین بڕۆن سەیری گەڕەکە کوردییەکان بکەن" سه‌ردار ئه‌حمه‌د وای‌ وت.