سۆران: كەسێك برای ژنەكەی دەكوژێت

PM:04:29:07/12/2017
كورد میدیا:
پۆلیسی سۆران رایگەیاند، هاووڵاتیەك ژنبراكەی خۆی بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە دەكوژێت.

هاوار ئەرگوشی وتەبێژی پۆلیسی سۆران لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەلایەتی فیسبوك بڵاویكردوەتەوە" كاتژمێر 12.30ی‌ خولەكی‌ نیوەڕۆ ئاگاداركرانەوە بەبوونی روداوێكی كوشتن لە گەڕەكی‌ هەندرێن لە ناوشاری سۆران و راستەوخۆ تیمەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەكە".

دەشلێت "بۆمان دەركەوت هاوڵاتی (م.ح.خ) تەمەن ۳٤ ساڵ هەستابوو بەكوشتنی برای خێزانی بەناوی (خ.ع.ٲ) تەمەن ۳٤ ساڵ، تۆمەتباری بكوژ دەستگیركراو تەرمی كوژراو رەوانەی پزیشكی دادی سۆران كرا".

وتەبێژەكەی پۆلیسی سۆران ئەوەشی روونكردۆتەوە" بەپێی لێكۆلینەوە سەرەتاییەكان رووداوەكە لە ئەنجامی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی چەند مانگێكە دروستبووە، لێكۆلینەوە لە رووداوەكە دەستی پێكردووە لە ئێستا تیمەكانی پۆلیس و لایەنە ئەمنیەكان لە هەوڵی هێوركردنەوەی كێشەكەن بۆ ئەوەی روداوەكە زیاتر تەشەنە نەكات".