لەسەر قودس عێراق یاداشتێکی ناڕەزایی دەداتە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە وڵاتەکەی

PM:02:42:07/12/2017
کورد میدیا:
لەبارەی بڕیارەکەی ترەمپ بۆ ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل وەزارەتی دەرەوەی عێراق یاداشتێکی ناڕەزایی دەداتە باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق.

لە بەیاننامەیەکدا، ئەحمەد مەحجوب وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندوە، کە دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق بانگهێشتی وەزارەت کراوە، بەمەبەستی پێدانی یاداشتێکی ناڕەزایی سەبارەت بە بڕیارەکەی ترەمپ لەبارەی ناساندنی قودس بە پایتەختی ئیسرائیل.

شەوی چوارشەممە دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریكا شاری‌ قودسی‌ وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و داوای لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد کار بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بكات لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس، ئەم بڕیارەش ناڕەزایی سەرکردەکانی جیهانی عەرەبی بەدوای خۆیدا هێنا

سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا راشیگه‌یاند كه‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ بۆ دانپێدانان به‌ شاری‌ قودس وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل زۆریش دواكه‌وتووه‌.

جێی ئاماژەیە دۆناڵد تره‌مپ له‌ كاتی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا یه‌كێك له‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو پۆستی سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا وه‌ربگرێت ئه‌وا باڵیۆزخانه‌ی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له‌ شاری‌ ته‌لئه‌بیب-ه‌وه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ شاری‌ قودس.