ئاڵا تاڵەبانی بێدەنگی دەشكێنێت

PM:02:13:07/12/2017
كورد میدیا:
ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لێدوان بەناوی ئەوەوە بڵاو دەكرێتەوە و ئەوەش هیچ بنەمایەكی راستی تێدا نیە.

ئاڵا تاڵەبانی لەمیای رونكردنەوەیەكدا نوسیویەتی" لێرەو لەوێ چەند لێدوانێك بەناوی بەندەوە بڵاو دەكرێتەوە كە هیچ بنەمایەكی ڕاستیان نیە و پراوپڕن لە وشەی ناڕاست و هەڵبەستراوو دورو نزیك هیچ پەیوەندیەكیان بە منەوە نیە".

هاوكات نوسیویشیەتی"بەندە تەنها لە پێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی تایبەتی خۆم كارو چالاكی و لێدوانەكانم بڵاو دەبێتەوەو لە هیچ ئەكاونتێكی تر بەرپرس نیم".

لە رونكردنەوەكەدا هاتووە"هەروەها چەند لێدوانێك بەناوی منەوە بڵاوكراوەتەوە سەبارەت بە پێشوازی سەرۆكی فەڕەنسا لە سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگرەكەی، لێرەوە بەپێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بدەم كە سەرجەمی ئەو هەواڵ و لێدوانانەی بەناوی منەوە بڵاو كراونەتەوە دورن لە ڕاستیە و بگرە بە پێچەوانەوە، پێشوازی سەرۆكی فەڕەنسا لە سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی مایەی خۆشحاڵیە و هیوادارم پەیوەندیەكانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی درواسێ و جیهان بەرەو ئاسایی بونەوەو پەرەسەندنی زیاتریش بڕوات".