سلێمانی، بەهۆی سەرپێچییەوە 13 شوێن داخراون 185 شوێنیش سزا دراون

PM:01:32:07/12/2017
كورد میدیا:
لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی ئاماری مانگانەی كارو چالاكیەكانی خۆی بۆ رای گشتی بڵاودەكاتەوە، بە پێی یاساو ریێنماییەكانیش هەر شویێنك پابەند نەبێت، رووبەرووی سزای ماددی و یاسایی دەكرێتەوە.

راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی، لەڕێگەی ڕاگەیەنراوێكەوە كە كۆپیەكی بۆ (كورد میدیا) نێردراوە ڕایدەگەیەنێت"بەپێی ئاماری مانگانەی لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی لە مانگی تشرینی دووەم و لە 1/11 تاوەكو 30/11 لیژنەكان 3079 سەردانیان شوێنە گشتییەكان ئەنجام داوە، لە كۆی ئەو سەردانانەشدا بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و رێنماییە تەندروستی و فیترنەرییەكانەوە  284 شوێن ئاگاداركراونەتەوە كە پابەندی مەرج و رێنماییەكان بن و بەوهۆی سەرپێچیشەوە 13 شوێن داخراون 185 شوێنیش سزای ماددی دراون.

لە ئامارەكەدا هاتووە، لەماوەی یەك مانگدا بڕی 14 تۆن و 711 كیلۆگرام مەوادو خۆراكی ماوەبەسەرچوو لە ناوبراون، و كۆی گشتی پارەی غەرامەكراویش بریتییە لە 14  ملیۆن و 3 سەد و 35 هەزار دینار و پێی یاسا دەخرێتەوە سەر داهاتی گشتی.

بە پێی رێنماییەكانی لیژنە هاوبەشەكان هەرشویێنێك پابەند نەبێت، سەرەتا ئاگادار دەكرێتەوە، دواتر سزای ماددی دەدرێت، و لە حاڵەتی دووبارەكردنەوەی سەرپێچیەكانیشدا رووبەرووی دادگا دەكرێنەوە.