دیندار زێباری: له‌كوردستان هیچ بكوژێكی ڕۆژنامه‌نوس نیه‌ دادگایی نه‌كرابێت و توندترین سزا نه‌درابێت

AM:11:27:07/12/2017
کورد میدیا:
بەرپرسی كۆمیتەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، "لەكوردستان هیچ كەس و لایەنێكی بكوژێكی ڕۆژنامەنوس نیە دادگایی نەكرابێت و توندترین سزا نەدرابێت".

دیندار زێباری، به‌رپرسی كۆمیته‌ی ڕاپۆرته‌نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانبەدەنگی ئەمەریكا راگەیاندوە،"ناكرێت بلێین له‌هه‌ر شوێنێك له‌م دنیایه‌دا ئاستی پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ سه‌د له‌سه‌د ته‌واوه‌ ته‌نانه‌ت له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا و خودی ئه‌مریكاشدا پێشێلكاری به‌رامبه‌ر به‌مافه‌كانی مرۆڤ ده‌كرێت".

وتیشی، ئه‌وه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستانیشدا هه‌یه‌ زۆر كه‌مه‌و و تاكه‌ كه‌سیه‌ واته‌ سیستماتیكی نیه‌ هه‌ربۆیه‌ كۆمیته‌یه‌كی تایبه‌ت به‌وه‌ڵام دانه‌وه‌ و ڕوونكردنه‌وه‌ بۆ ئه‌و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ دامه‌زراوه‌. "

زێباری ئاماژەی بەوەشدا،"هه‌رێمی كوردستان تاكه‌ شوێنه‌ له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه‌ هاوشێوه‌ی ئه‌مریكا، ساڵانه‌ ڕاپۆرتی له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كان و ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ هه‌یه‌ كه‌ به‌(٦٠-٧٠)لاپه‌ره‌ ده‌یخه‌ینه‌ڕوو، جگه‌ له‌و وه‌ڵام و ڕونكردنه‌وانه‌ی ده‌یده‌ینه‌ ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، زۆر وڵات ئه‌م سیستمه‌ی ئێمه‌یان پێ باشه‌ وه‌ك لوبنان و ئه‌رده‌ن كه‌به‌و شێوه‌ سیستماتیكی و به‌داتا كارده‌كه‌ین."

دیندار زێباری ئه‌وه‌شی وت"ده‌ستخۆشیه‌كی زۆرمان لێكراوه‌ له‌وڵاتان و ڕێكخراوه‌كان چونكه‌ وێنه‌ی حكومه‌تی هه‌رێممان به‌ده‌ره‌وه‌ داوه‌ و كارمان له‌سه‌ر كه‌موكوڕی و ڕه‌خنه‌كان كردووه‌."

هه‌روه‌ها باسی لەوەشکرد،"یه‌كێك له‌و ڕه‌خنانه‌ی له‌هه‌رێم ده‌گیرا بریتی بوو له‌وه‌ی پڕۆسه‌ی دادگایی كردن خێرانه‌بوو،به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم له‌(٢٠١٥و٢٠١٦)هه‌وڵی جدی دا كه‌ دادوه‌ری زیاتر دابمه‌زرێنێت ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ش چاره‌سه‌ر بكات و ئێشتا پرۆسه‌ی دادگایی كردنی تاوانباران خێرایه‌."

لەبارەی پێشێلكارییه‌كان به‌رامبه‌ر به‌ڕۆژنامه‌نوسان، دیندار زێباری ڕه‌خنه‌ی له‌ڕۆژنامه‌نوسان گرت كه‌ پابه‌ندی كاری ڕۆژنامه‌وانی و یاسای ڕۆژنامه‌وانی نابن و وتی،"ئێمه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌كاری ڕۆژنامه‌وانیمان هه‌یه‌ كار به‌و یاسایه‌ ده‌كرێت به‌ڵام هه‌ندێكجار ڕۆژنامه‌نوس له‌و یاسایه‌ لاده‌دات و ده‌ڵێت، نابێت ئیجرائاتی یاسایی به‌رامبه‌ر من بكرێت."

سه‌باره‌ت به‌كه‌یسی تۆمه‌تباران و بكوژانی ڕۆژنامه‌نوسان و مامۆستایانی ئاینی، به‌رپرسی كۆمیته‌ی ڕاپۆرته‌نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئەوەی خستەڕوو،"هه‌ربكوژێك یا هه‌ر لایه‌نێك ڕۆژنامه‌نوسی شه‌هید كردبێت حكومه‌ت لێی به‌رپرسیاره‌ دڵنیام كه‌ "هیچ بكوژێكی ڕۆژنامه‌نوسان له‌دادگا ڕزگارییان نه‌بووه‌" به‌زوترین كات دادگایی كراون و توندرین ئیجرائاتیان به‌رامبه‌ر كراوه‌."

ئەمەش لەکاتێکدایە کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە ئاشکرا چەندین پێشێلکاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان کراوەو، لەسەر ئازادی ڕادەربڕین چەندین رۆژنامەنووس تیرۆرکراون کە دیارترینیان(سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی و وداد حسێن) کە تاوەکو ئێستا بکوژانی راستەقینەیان ئاشکرا نەکراون و هەندێکیان کەیسەکانیان بە کراوەیی ماوەتەوە.