کورد میدیا ناوەڕۆکی کۆبونەوەکانی قوباد تاڵەبانی یەکێتی بڵاودەکاتەوە

AM:10:55:07/12/2017
کورد میدیا:دەروون رەشید
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێتە سلێمانی و زنجیرەک کۆبونەوە لەگەڵ ئۆرگانە جیاجیاکانی یەکێتی ئەنجامبدات.

ئه‌مڕۆ پێنجشەممە قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ فه‌یسبوك نوسینێکی بڵاوكردوەتەوه‌، كه‌ تێیدا ئاماژەی بەوەداوە،"ئه‌م به‌یانیه‌ منداڵه‌كانم هه‌ڵساند له‌خه‌و، جلیانم گۆڕی، نانم دانێ و به‌ڕێم كردن به‌ره‌و قوتابخانه‌، ریازه‌ی خۆمم كردو ئێستا به‌ره‌و سلێمانی بۆ چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ كادرو به‌رپرسانی یه‌كێتی بۆ باسكردنی ئاینده‌ی یه‌كێتی و گرنگی به‌ستنی كۆنگره‌".

سه‌میر هه‌ورامی به‌رپرسی راگه‌یاندنی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە (کورد میدیا)ی راگەیاند، "دوای ئەوەی قوباد تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە لەسەر رەوشی ناوخۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، زنجیرەیەک کۆبونەوەی گرنگی لەگەڵ ئۆرگانە جیاجیاکانی یەکێتی ئەنجامداوە.

وتیشی،" کۆبوونەوەکان بەمەبەستی گفتوگۆکردنە دەربارەی رەوشی ناوخۆی یەکێتی و چۆنیەتی هەستانەوەو چارەسەرکردنی ناوخۆی یەکێتی بەتایبەت، بابەتی بەستنی کۆنگرەیەکی ئاساییی بۆ نوێبونەوەی یەکێتی".

جێی ئاماژەیە لەماوەی رابردوودا جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا ئاماژەی کردبوو بە دۆخی ناوخۆی حزبەکەی و چۆنێتی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفتانه‌ی كه‌ هه‌ن.

هەروەها ئەوەشی خستبوەڕوو له‌ كۆتایی مانگی 1ی ساڵی داهاتوودا كۆنگره‌یه‌كی ئاسایی ببه‌سترێت هه‌م به‌ مه‌به‌ستی نوێبوونه‌وه‌و هه‌م هه‌ستانه‌وه‌ی پێگه‌ی یه‌كێتی له‌ هه‌رێم و عیراق به‌تایبه‌تی و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ رابردوودا زنجیره‌یه‌ك كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئۆرگانه‌كان ئەنجام دابوو.